خەبات: حەمید سورچی ـــ هەریر:- دکتۆر ئەحمەد مستەفا ئاغا میراودەلی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، ڕۆشنایی دەخاتە سەر بەردی زراو و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکە، دكتۆر ئەحمەد لە دیدارێكدا بۆ (خەبات) رێنمایی هاوڵاتیان دەكات سەبارەت بە نەخۆشیەکە و چۆنیەتی چارەسەرکردن و خۆپاراستن.

*زراو چییە و دەكەوێتە كوێی لەشی مرۆڤ؟
کیسی زراو وەکو تورەکەیەک وایە و بەجگەر دەبەسترێتەوە، ڕێڕەوی بۆڕی زراو کە شلەی زەرداو
دێنێت لە جگەر بۆ ناو ڕیخۆڵە.

* ئەرکی زراو چییە لە لەشی مرۆڤدا؟
زراو بەگشتی دووئەرکی سەرەکی هەیە، یەکەم: خەستکردنەوە و پەیتکردنی شلەی زەرداو کەلە جگەر دێت بۆ ناو ڕیخۆڵە، دووەم: هەرسکردنی چەوری ناوخۆراک کە لە گەدەوە دەڕژێتە ناو ڕیخۆڵە باریکە، واتە شلەی زەرداو هاوکارە بۆ هەرسکردن و شیکردنەوەی چەوری ناو ڕێخۆڵە.

*بەردی زراو چۆن دروست دەبێت؟
هەرکاتێک ڕێژەی چەوری ” کۆلیستڕۆل ” لەناو شلەی زەراو زیادی کرد، بە بەراورد بە ماددەکانی تر، وادەکات خەستبوونەوەی زیاتری شلەی زەرداو دروست بێت، بەشێوەی قوڕو لیتەیە، دواتر دەبێتە بەرد، کۆمەڵێک هۆکاری تریش هەیە، ئەو ئافرەتانەی کێشەی هۆرمۆناتیان هەیە،وەك قەڵەوی، کەم جوڵە، ناڕێکی خواردن، کەم خواردنی سەوزە و میوە، زۆرخواردنی گۆشتی سوور و چەوریە تێرەکان وادەکات رێژەی چەوری ” کۆلیستڕۆل “ی ناو زراو زۆربێت و ببێتە هۆی دروست بوونی بەرد.

*بەردی زراو چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
رێگەی دەست نیشان كردنی زراو ئەوەیە، نەخۆشەكە ئازاری دەبێت، یان هێلێنج و ڕشانەوەی دێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی زراو، سەرەتا پشکنینی سۆنەر گرنگترینە، دواتر ستی سکان ئەشیعەی ڕەنگاوڕەنگ.

*چۆن چارەسەری بەردی زراو دەکرێت؟
لەژێر سەرپەرشتی دكتۆر، رێنمایی دەكەین و دواتر دەرمان و خۆپارێزی بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژان و ئاوسان بۆ دەنووسین.

*جگە لە نەشتەرگەری چارەسەری تر چییە؟
باشترین چارەسەر نەشتەرگەرییە، ئێستا بەنازوور لەڕێگەی سێ تا چوار کونی بچووک، لە دیواری سکی نەخۆشەکە دەکرێت، نەشتەرگەرییەکە نیوکاتژمێر تا کاتژمێرێکی دەوێت، دوای ئەوە نەخۆش لەماڵەوە تا دوو رۆژ ئیسراحەت دەكات، دوایە هەڵدەستێتەوە، هەندێ جاریش گەر نەشتەرگەری بۆ نەکرێت دەرمانی بۆ دادەنێین، بەتایبەتی ئەوانەی کەپیرن یان نەخۆشی دڵیان هەیە.

*رێنمایتان بۆ هاوڵاتیان چییە، بۆ ئەوەی دووربوون لە بەردی زراو؟
سەبارەت بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی، دەبێت سەوزە و میوە بخۆن، گۆشتی سوورکەم کەنەوە و ئاوی زۆربخۆنەوە، جوڵەیان هەبێت و کێشیان زیادنەبێت و قەڵەونەبن.