خەبات: موسلیم دۆڵەمەری:- لەدیدارێكی تایبەت بۆ (خەبات) چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی كوردستان شیرینا خانێ كردو ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە:
*سەرەتا با شیریناخانێ بناسین؟
من ناوم شیرین یوسف شەمسەدینە ناسراوم بە(شیرینا خانێ)، لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەشارۆچكەی (خۆیێی) سەربەپارێزگای (ورمێ) چاوم بە دونیا هەڵێناوە وئێستاش لەشارەجوانەكەی دهۆك ژیان بەسەردەبەم.
*وەك باس دەكەن لەبنەماڵەیەكی هونەرمەندی، واتە كەی دەستت بەكاری هونەری كردووە لەگەڵ بنەماڵەكەتدا ؟
بەڵێ من لەبنەماڵەیەكی هونەرمەندی كوردپەروەرم باب و مام و زۆرێك لەكەسوكارم هونەرمەندی دەنگبێژی بەتوانان منیش لەتەمەنی هەرزەكاریمدا لەگەڵ ئەوان دەستم بەگۆرانی گوتن كردووەو تاكو ئێستاش بەردەوامم ، یەكەم بەرهەمیشم كلیپێك بوو بەناوی (پەری) لەپەیڤی: مامۆستا ئەدیب چەلكی و ئاوازی: هارون هەركی.
*لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئافرەت تاچەند ئازادە لەبواری هونەریدا بەتایبەت ئافرەتی كورد؟
لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئازادی بۆئافرەتی هونەرمەند زۆرسنووردارە بەتایبەت بۆئافرەتی كورد، هەربۆیەش هاتوومەتەكوردستانی ئازاد بۆئەوەی بتوانم بەئازادی پەرە بەهونەرەكەم بدەم .
*شیریناخانێ زیاتر حەز لەكام گۆرانی دەكات فۆلكلۆر یان سەردەمیانە؟
چونكەلەنێو خێزانێكی هونەرمەندی دەنگبێژی كورد پەروەردەكراوم خۆم زیاتر حەز لەگۆرانی فۆلكلۆرو موڵكی كوردایەتی دەكەم ، هەربۆیەشە كە زۆربەی گۆرانیەكانم بەتام وچێژی فۆلكلۆرو كوردایەتین.
*تاكوئێستا هیچ گۆرانی دووێتیت تۆماركردووە و بەنیازنین لەگەڵ هونەرمەندانی باشووری كوردستان گۆرانی دووێتی تۆماربكەی؟
بەڵێ تاكو ئێستا سێ گۆرانی دووێتیم تۆماركردووە لەگەڵ دووهونەرمەندی خۆشەویستی ئێریڤان ،ئەوانیش هونەرمەندمامۆستا دلۆڤان وهونەرمەند ئارتورمیش دونیا.
*سەبارەت بە گۆرانی گوتنی دوێتی لەگەڵ هونەرمەندانی باشوور؟
بەڵێ بەشانازیەوە حەزدەكەم گۆرانی لەگەڵ هونەرمەندانی باشووری كوردستان بڵێَم بەڵام تاكو ئێستا دەرفەتم بۆنەڕەخساوە .
*شیرینا خانێ زیاترگۆرانی بۆچی دەڵێت ؟ئەڤینی یانیشتمانپەروەری وسیاسی؟
من تاكو ئێستا تەنهاچەند گۆرانییەكم لەسەر كوردستان ونیشتمانپەروەری تۆماركردووە واتە زۆربەی گۆرانیەكانم ئەڤینین.
*كوردستان بۆشیریناخانێ چیە؟
كوردستان دایكی ڕاستەقینەی تەواوی گەلی كوردە ، چونكە ئێمە تەنها دەتوانین لەباوەشی كوردستاندا ئارام بین و بەئاسوودەیی وئازادی بخەوین وەك چۆن ئێستا من لەكوردستانی ئازاد دەتوانم بەئازادی وئاسوودەیی بگەڕێم و بخەوم و لەهونەرەكەشم بەردەوام بم.
*دواین كاری هونەریت چیە ؟
من ئێستا خەریكی تەواوكردنی بەرهەمێكی دووازدە تراكیم لە شاری ئەستانبوڵی توركیا بەو هیوایەی بتوانم بەزووترین كات بیخەمە بەردەستی هەوادارانم .