د. هۆشیار موزەفەر عەلی ئەمین
پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پارتەیە كە جاران و ئێستاش هەر بە پارتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد ناسراوه‌ و دەمێنێتەوە، كە لە سەردەمێكی دژوار و هەلومەرجێكی سەختدا دامەزرا، كە تێیدا سەركردە مستەفا بارزانی، لە پێناو ڕابوونی كورد و كوردستاندا بەرگەی زۆر شتی گرت، وەكو مێژوونووسان باسی دەكەن: (پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئابی 1946 بە سەرۆكایەتی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا و ناوی پارتەكە لە سەرەتادا (پارتی دیموكراتی كورد) بوو، لە كۆنگرەی سێیەم، كە لە 16ی كانونی دووەمی 1953 لە كەركوك بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ناوەكەی بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان) بگۆڕدرێت.
پارتی لەوەتەی دامەزراوە 13 كۆنگرەی بەستاوە و كۆنگرەی 14هەمینیشی لە ساڵی 2022دا بوو، لە كۆنگرەی نۆیەمیدا كە لە 4ی تشرینی یەكەمی 1979دا بەڕێوەچوو، جه‌نابى مەسعوود بارزانی، بە كۆی دەنگی بەشداربووان بە سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا.
ئەم پارتە لە ناو ئەم مێژووەدا، پارتی نەتەوەی كورد، بوونی كورد، كاری كورد و ڕزگاری كوردە لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوویدا.
پارتێك كە سەركردە، مەسرور بارزانی، لەبارەیەوە دەڵێت: (پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو سیفەتەی پارتێك و بزووتنەوەیەكی جەماوەرییە، بە درێژایی 77 ساڵە، بێ ماندووبوون و بێزاربوون، سەركردایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دەكات، تاكو ئێستاش لەسەر خەبات و تێكۆشانی خۆی لە پێناو بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان و پاراستنیان بەردەوامە).
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و تێكۆشانیدا، پێشتر و ئێستاش، هێنده‌ى سەرە پەنجەیەك، دەستبەرداری مافەكانی خەڵكی كوردستان نەبووە، سەرەڕای هەموو هەڕەشە، پلانی دوژمنان، داخ لە دڵان و ڕۆژانی سەختی بەرخۆدان، پارتی، وەكو پێی ئاشنان لە پێشەنگی بەرگریكاران لە شكۆ، هەڵشكان و بەرزی كوردستاندا بووە، هەركاتێك هەڕەشەیەك ڕووی دابێت، هەر بۆیە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەست بە شانازی و سەربەرزی دەكەن، نەخاسمە ئەوان خاوەنی پارتێكی نەتەوەیی، سەركردەیەك و سەرۆكێكن، كە هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگەی ئازا و قارەمانەكاندا، بۆ بەرگریی كردن لە كەرامەت و سەرفرازی خەڵكی كوردستان لە بەرەكانی پێشەوەدا بووە. واتە پارتی، بەرجەستەكردنی سیمبولیزمی كوردە لە ئاسۆكانی كار، هاوكاری، دەركەوتن و گەیشتن بە كوردستانی خەوندا.
لە مێژە سەرۆك مەسعوود بارزانی وتویەتی: (پارتی، پارتی بنەما بەنرخەكانە، لەسەر ڕێبازی بارزانی نەمر دەڕوات و هیوای خەڵكی كوردستانە)
واتە پارتی كوردستانە و كوردستانیش پارتییە، لەگەڵ پێزانینمان بۆ جیاوازیی دیموكراتی، بەڵام ئەزموونی پارتی سەلماندی، كە سەركردە و سەركردایەتییە.
ئەو پێشەنگی بەردەوام بوونە ئەو سەركردایەتییە لە بارزانییەكاندا: (مستەفا و منداڵ و نەوەكانی).
بۆیە دووبارە و سێبارە دەیگوت ئەندامانی پارتی پێویستە كە: (خاوەن ویستێكی بەهێز و بەهیوای ئەوە بن، پارتی دیموكراتی كوردستان، وەكو سەرچاوەیەكی هیوا و هێز بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بمێنێتەوە).
پارتی ڕێباز، ڕێچكە و بەرنامەیە… ڕێبازی كورد… ڕێبازی دیموكراتی… ڕێبازی بارزانی بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت، لەبەر ئەوەی هەمووی بەشێكە لە تازەگەریی و تازەكردنەوەی پارتی، لە پێشان و لە دواتریشدا.
بۆیە لە ستراتیژییەكانی پارتیدا، پارتی زۆر جەخت لەوە دەكاتەوە كە: بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە ڕەواكان و بەڕێگەی ئاشتیانە، بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی گفتوگۆ و لێبوردەیی لەناو ماڵی كورد و قەدەغەكردنی پەنابردن بۆ هێز كار دەكات.
هەر ئەوەش بەشێكە لە بەردەوامبوونی 77 ساڵەیدا، كە تێیدا چەندین نەهامەتی، قەیران، ململانێ و گۆڕانكارییەكانی مێژووی تازە و هاوچەرخی بەخۆیەوە بینی.
پارتی، بە سەركردایەتی بنەماڵەی بارزانی، ڕێبازی بەستنی كۆنگرەی لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، لە مێژووی تازە و هاوچەرخی پارتی و گەشەداركردنی ئایندەكەی لەگەڵ وه‌چه‌ى نوێ، لە پیاوانی ڕزگاریخوازی هاوچەرخی كوردی داهێنا، كە دیدگای ڕابەر مستەفا بارزانی، پەیڕەو دەكات، كە پێی وابوو پارتی كوردە و كوردیش پارتین، ئەمەش كاتێك بەدی دێت، كە ئەمڕۆ، سبەی و دووسبەی، لە مانای پارتی لە ساڵیادی حەفتا و حەوتەمیندا بگەین.
لە عەرەبییەوە: ڕەمزی میرەكانی