خەبات: تریفە ئازاد:- 77ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە تەمەنترین حزبی كوردستان دادەنرێت. پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای دامەزارندنیەوە تا بە ئەمرۆ دەگات گرنگی بە گشت توێژەكانی نێو كۆمەڵگە داوە لەوانەش توێژی ئافرەتان كە توێژێكی گرنگی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان بووە هەر لە سەرەتای دروستبوونی پارتی تا بە ئەمرۆ دەگات ئافرەتان لە ڕۆڵ و پێگەی بەرزی پارتایەتی شان بە شانی پیاوان خزمەتیان كردووە بۆ پێشخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆنگرە لە دوای كۆنگرە ئەوەیان زیانر سەلماندووە.

زەینەب سندی

زینب سندی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە یادی 77 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕووی بیروباوەڕەوە بڕوای تەواوی بە تواناكانی ئافرەتان هەیە. هەروەها لە ڕووی سیاسەت و بڕیاردان و بەڕێوەبردنیشەوە، هەر ئەوەش وایكرد كە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ساڵی 1952 دابمەزرێت. پارتی بە پێێ‌ قۆناغ و لە كۆنگرە و كۆنفڕانسەكانیدا، هەمیشە پێشەنگ بووە لە گرنگیدان بە تواناكانی ئافرەتان، لە هەموو بوارەكاندا ئافرەتانی هێناوەتە پێشەوە و ڕۆڵی پێداون، ئەو بڕیارانەی پارتی وادەكات لایەنەكانی تریش بەشداری پێكردنی ئافرەتان زیاتر بكەن. پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی تر، گرنگی زۆری بە هێنانە پێشەوەی ئافرەتان لە كایەی سیاسی و بەشداری پێكردنیان لە بڕیارەكان و هەر پرسێك داوە، ئەمەش بە مانای دیموكراتی بوونی تەواو دێت، سەرەڕای ئەوەی پارتی جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەكاندا ناكات. بەشداری پێكردنی ئافرەتان لە كایە سیاسییەكان و دیاریكردنیان وەك كاری حزبی و بۆ كاندیدكردنیان لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا، واتە بەشداریكردنی كۆمەڵگە، چونكە بەشێكی كۆمەڵگە ئافرەتن، ئەوەش بە واتای بەگەڕخستنی تواناكانی ئافرەتان و سوودوەرگرتنی لە ئافرەتانە و گرنگە لەنێو پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و بوارەكانی دیكەدا ڕۆڵی هەبێت، چونكە خزمەتكردنە بە كۆمەڵگە. هەروەها لەسەر ئاستی حزبی، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بایەخەوە گرنگی بە ئافرەتان داوە لە بەشداری پێكردنیان لە كایەی سیاسی و سەركردایەتی و لە نێو پەرلەمانی كوردستان و حكوومەت و ئۆرگانەكانی تریش كە بەشێكی هەرە بەرچاویان لە ئافرەتان پێكهاتوون و خزمەت دەكەن. پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوێنی و ئێستا و داهاتووش لە ڕوانگەی هاوبەشی یەكسانی نێوان ئافرەتان و پیاوان لە كاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و حوكمڕانیشدا، تێڕوانینێكی گشتگیرە و تێڕوانینێكە پێیوایە دەبێ ئافرەتانیش ڕۆڵی بەرچاو و كاریگەری خۆیان بگێڕن. هەربۆیە، دەتوانین بڵێین لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تا ئێستا ئافرەتانی وەك بەشێكی سەرەكی خەباتی خۆی بۆ ئازادی كوردستان بینیوە، ئافرەتانی كوردستان بوونی خۆیان لە زۆرێك لە بوارەكاندا سەلماندووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕۆڵیان زیاتر و بەرچاوتر دەبێت.

غەیدا بیرۆخی

غەیدا بیرۆخی، مامۆستای زانكۆ بە گرنگییەوە لەو یادەدا دەلێت: 16ی ئاب ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە. پارتی، حزبی دیموكراتی نەتەوەیی و سەرەكییە لە هەرێمی كوردستان حزبێكە باوەڕی بەمافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئازادی تاك هەیە. حزبێكە بەردەوام لە تێكۆشان دایە و تاكە حزبە كە لە خەمی خاك و میللەت دابیت. ئەم حزبە لەسەر دەستی باوكی ڕوحی نەتەوەیی كورد لە 16 ی ئابی 1946 دامەزرا ، لە سەرەتادا ناوی ( حزبی دیموكراتی كورد ) بوو، بەڵام دواتر لە كۆنگرەی سێیەمی پارتی كە لە 26/1/1953 لە كەركوك بەسترا گۆڕدرا بۆ ( پارتی دیموكراتی كوردستان ). پارتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاكو نەوەدەكان داوای حوكمی زاتی دەكرد بۆ كورد و دیموكراتییەت بۆ عێراق، بەڵام لە سەرەتای نەوەدەكان ئاراستەیەكی تری وەرگرت بەشێوەیەك كە دەستیكرد بە داواكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام بە فیدراڵییەت ڕازیبوو وەكو چارەسەرێكی كاتی لەسەر داوای ئەمریكا. پارتی حزبێكە كە بە درێژایی مێژوو خەباتی كردووە لە دوای باوكی ڕوحی نەتەوەی كورد ( مەلا مستەفا بارزانی) ئەم ئەركەی لەلایەن سەرۆك و ڕابەری كورد مسعود بارزانی بەرێوەبردرا. تاكە خەمی جەنابی سەرۆك دۆزی ڕەوای كورد بووە و تاكە ئاواتی دەوڵەت و سەربەخۆیی كوردستان بووە. دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون بە دەوڵەت زۆر نزیك بوو، بەڵام بەداخەوە دەستی خائین و ناحەزانی كورد دووبارە درێژتر بوو لەم خەونە و ئەم هەلەیان لەدەستداین. نەفرەت لەخائین و خۆفرۆش و خاكفرۆشان. پارتی چەندین كۆنگرەی ئەنجامداوە تائێستا كە پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆیی بەردەوام لە گۆڕانكاری و نوێگەریدا بووە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ تاكو خۆی لەگەڵ پێداویستیەكانی سەردەم بگونجێنێت. بۆ نموونە گرنگیدان بە مافی ئافرەت و ڕۆڵپێدانی تا بتوانێت بەشداری كایەی سیاسی بكات ئەمەش لەدوا كۆنگرە كە كۆنگرەی چواردەم بوو لە دهۆك بەسترا بینرا كە ئافرەت بە ڕێژەیەكی زۆر بەرچاو بەشداربوون و پۆستی باش بە ئافرەت دران. پێویستە لەسەر پارتی بەربەستەكانی كە دێنە پێش ئافرەت و دەبنە ڕێگر لەبەردەمی بشكێنێت تاكو ئافرەت بەشداربێت لەسەرجەم ئۆرگان و سیكتەرەكانی حزب دا و بیكات بە مەرج كە لە سەرجەم ئۆرگانەكاندا ئافرەت بوونی هەبێت و پلەی پێی بدرێت تاكو بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێرێت. هەروەها پێویستە حزب و بەرپرسانی حزب بە ڕوحیەتێكی تر و بە نەفەسێكی تر بێنە مەیدان و لێكتێگەیشتن لە نێوان حزب و خەڵك زیاتر بێت، چونكە پارتی بە جەماوەرییەوە جوانە و خەڵكی پارتی خەڵكێكی دڵسۆز خۆڕاگرن و هەروەها ئەمە ڕێبازی بارزانی نەمرە كە ئەوەی گرنگە لای بنەماڵەی بارزان و مەرجەع و ڕابەری كورد (مسعود بارزانی) میللەت و خاكە. لە 16ی ئاب دا پێویستە پەیمان نوێ بكەینەوە و بەڵێن بدەین كە هەر نەفەسێكمان لەپێناو خاك و میللەت بێت و سەردەمی خەباتی چیا لەبیرنەكەین و ڕێزی خوێنی شەهیدانمان بگرین. لەكاتێكدا كە گوتنی وشەی كوردستان قەدەغە بوو، بە خەبات و خوێنی ئەوان ئەم ئازادیەی ئەمرۆ دروستبوو. پێویستە خەمی سەرەكی هەریەكەمان بە دەوڵەتبوونی كوردستان بێت و هەموو هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیە دا بڕوات و ڕۆژانی سەخت و ئاوارەیی لەبیرنەكەین و 16ی ئاب ببێتە هەوێنی یەكڕیزی و خۆشەویستیمان بۆ خاك و نیشتمان وتاكێك بێن كە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەین بەرامبەر كوردستان. لە 16ی ئاب دا پێویستە جەخت لەسەر هەڵە و كەموكوڕییەكان بكرێت لەم ڕۆژەدا تاكو بتوانین سەركەوتوو بین و دوژمنانی كورد ببەزێنین.

پەرژین جەعفەر

پەرژین جەعفەر، توێژەری مێژووی سیاسی لەو یادە پیرۆزەدا گوتی: بۆ بەهێزكردنی كۆڵگەی بڕیار و پێشخستن و نوێبوونەوە حزبی سیاسی پێویستە ڕۆڵ بە شێوەیەكی گشتگیر ببەخشێت بەهەموو ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتی و ڕەگەزانەی كە لە چوارچێوەی بەرنامە و پرۆگرامی ئەو حزبەدا بڕوای بەكاری حزبایەتی هەیە. لەم سۆنگەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژووی خۆیدا بەشێك لەم كۆڵگەی پێشخستووە و ڕۆڵی بە بە‌شێك لە كارەكتەرەكانی ئافرەتان داوە.
مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بخوێنینەوە، دەبینین لەخەباتی چەكداری و سیاسی و حوكمڕانی بەڕادەیەكی باش دەرگای ڕۆڵبەخشینی بۆ ئافرەتان كردۆەتەوە و بەپێی تواناكانی ئەو كەسایەتیانەش ئەم كرانەوەیە گرنگ بووە بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگەیەكی نیمچەداخراوی عەشائیری و ئایینی كە كۆسپ و ڕێگری زۆریان هەیە بۆ ڕۆڵی ئافرەت لەزۆر كایەدا.

من خۆم یەكێك لە بەشداربووانی كۆنگرەی ١٤ی پارتی بووم، وەك ژمارە بەدڵنیاییەوەجێی دڵخۆشی بوو، بەڵام وەك جۆرایەتی لە ئەندامێتی و سەركردایەتی هێشتا لەو ئاستەدا نییە بتوانین شاهێدی زۆر باشەی بۆ بدەین، چونكە دەبێ جۆری یەكسانی لەخەباتی سیاسی لەنێو ئەحزابی كوردی و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر بێت و توانا جیاوازەكان بەگەڕ بخات و ئافرەت ببێتە بەشێك لە پێشخستنی هەیكەلیەتی حزبی و كاری ڕێكسختن و ئۆرگانە جەماوەریی و پیشەییەكان.

لە دنیای ئەمڕۆی سیاسی و حكومڕانیدا لە وڵاتە پێشكەوتووەكان و هەندێك وڵاتی دیكەش هەلی یەكسان و بەشداری و كێبڕكێ لەسەر تواناكانی ئافرەتان زۆر لە پێشەوەن تا ئاستی بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتی حزب و حكومەت و دامەزراوەی گرنگ، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر بخوازێ ناڵێین هاوتەریب لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بەڵكو لە نزیكردنەوەی نموونەی سەركەوتن لە كایەكانی حكومڕانیدا پێویستە ئەو دەرفەتانە زێدەتر بكات تاكو توانا جیاوازەكانی ئافرەتان لە كایەی سیاسی و حزبیدا ڕەنگدانەوەی واقیعی خۆی هەبێت.

بەدڵنیاییەوە نیەتێك هەیە لەدوای كۆنگرەی ١٤ كە ئاوڕێك لەكاریگەری ڕۆڵی ئافرەتان لەنێو حزبدا بدرێتەوە، من بەشبەحاڵی خۆم گەشبینم و دەخوازم بەشێوەیەكی یەكسان ئەو ڕۆڵە بدرێ و تەواوی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم بەشداری ئافرەت لەكایەی حزبایەتی لابدرێن و لەپێناو ژمارەدا ئەندام یاخود پلە و پۆست زیاد نەكرێت، بەڵكو هەلی زیاتر بڕەخسێنن بۆ ئەوانەی تواناكانیان لە پێشخستنی حزبدا بەهێز بكەن.

رۆژان ئەرگۆشی

ڕۆژان ئەرگوشی، كچە شەهید لە یادی 16ی ئابدا دەڵێ‌:‎ ئەگەر ئاورێك لە مێژوو و خەباتی ئافرەتی كورد بدەینەوە لە كایەی خەباتی سیاسی كورد، ئافرەت شان بە شانی پیاو لە هەوڵدا بووە لە بەشداری شۆڕشە یەك بەدوای یەكەكان جێی پەنجەی دیاربووە لە ئاست بەرپرسیارەتی خۆیدا، هەر لە سەردەمی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تاوەكو سەردەمی شاخ و قۆناغە ناهەنجاریە یەك بە دوای یەكەكانی كورد لە ساڵان و سەردەمانێكی زووە و تاوەكو ئێستا. هەروەها ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە و دیرۆك بخوێنینەوە ئەوە دەبینین كە بارزانی نەمر باوكی ڕوحی نەتەوەی كورد هەر لە دەستپێكی هەڵگیرسانی شۆڕشەوە هەمیشە و لە هەموو كاتدا ئاماژەی بە گرنگی و چاونەترسی ڕۆڵی خەباتگێری ئافرەتی كورد داوە و ماندووبوونەكانی ئافرەتی لە درێژەی خەباتدا بەرزنرخاندووە و بە هەمان شێوە سەرۆك بارزانیش كە درێژەپێدەری هەمان ڕێباز و هەمان قوتابخانەی باوكی ڕوحی و نەتەوەیی كوردە، هەمیشە بە هەمان بیركردنەوە و لەسەر هەمان بیروباوەڕ، ڕۆڵی ئافرەتی بەرزنرخاندووە و پاڵپشتی خۆی بۆ هاتنەپێشەوەی ئافرەتان دووپاتكردۆتەوە، بەڵام من وەكو ئافرەتێك پێموایە سەرەڕای دووپاتكردنەوەی ئەو پشتگیرییە و ئەو بەرزنرخاندنەی شۆڕش و خەباتی ئافرەت، هێشتا وەك پێویست ئەو دەرفەتە زێرینە بۆ هاتنە پێشەوەی ئافرەتان لە بواری سیاسی نەڕەخساوە، كە ئەوەش پێموابێ لە ئەنجامی نابەرپرسانە مامەڵەكردنی بەشێك لە بەرپرسانی پلە چوار و پێنج بەرەوخوار دەگەڕێنمەوە كە وەك بەربەستێك لەسەر ڕێگەی ڕەخساندنی ئەو جۆرە دەرفەتانە بۆ ئافرەت دەبینم، جا بە هەر هۆكار و مەرامێكیان بێ كە شەخسی بێ یاخود مەسەلەی جێندەری و بە كەم سەیركردن و لاواز بینینی ئافرەت بێت یاخود قۆرغكردنەوەی ئەو دەرفەتانە بۆ خۆیان و توندوتۆڵ كردنی پایە سیاسیەكانی خۆیان، جا ئەو قۆرغكردنە بە ناوزڕاندنی ئافرەت بێ یاخود بە كەم سەیركردنی ئافرەت بێ، یاخود بێ ئومێدكردنی ئافرەت تاوەكو ئەو دەرفەتەی بۆ ئافرەت ڕەخساوە دووبارە بگەڕێنرێتەوە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر، هەر بۆیەش ئەو بڕیارەی سەركردایەتی پارتی كە لە دواین كۆنگرەی خۆی كۆنگرەی ١٤ پارتی جەختیان لەسەر بەرزكردنەوەی ڕێژەی ئافرەت كردەوە لە سەرجەم ئۆرگان و سێكتەرەكانی پارتی بەرزدەنرخێنم و جێگەی دڵخۆشیە كە دەرفەتێكی زیاتر بە كادیری ئافرەت دەدرێ تا هێز و لێهاتووی خۆی بسەلمێنێ و دڵنیام گۆڕانكاری بەرچاو بەدیدەكرێ لە دوای جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، كە ئەمەش بە بۆچوونی من پێویستە لەمەولا گرنگییەكی زیاتر و تایبەت بە سێكتەری ئافرەت بدرێ و ئافرەتان بەژداری پێبكەن وەك، نوێنەر لە كۆڕی تایبەت و كۆنفڕانساتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و دەسنیشان بكرێن لە ڕێگەی ئۆرگانەكانی خۆیانەوە بۆ پێگەیاندن و ڕۆشنبیركردنی ئەندام و كادیری ئافرەت، ئەویش لە ڕێگەی بەرێوەبردنی كۆڕ و سمیناراتی تایبەت بە لێهاتووی ئافرەت و گرنگی ڕۆڵی ئافرەت لە پێگەی سیاسی و رۆشنبیركردن و هۆشیاركردنەوەی ئافرەت لە هزری ئازاد و هزری چەوساوە بە جۆرێك كە خاڵی ببێتەوە لە هەرچی ترس و دڵەڕاوكێ و دوودڵی لە ئەسنای بەرێوەبردنەكانی ئەركی حزبی خۆیدا. هەروەها پێموایە لە هەر پارتێكی سەركەوتوو پێویستە هاوسەنگییەكی مەقبوول بەدیبكرێت لە بابەتی جێندەری حزبەكەیدا، بۆ نموونە پارتی لەو بڕیارەی كە لە دواهەمین كۆنگرەی خۆی دای، ئەگەر بێت و بۆ ماوەی كاتێكی دیاریكراو بەرپرسانی بەشێكی بەرچاوی ئۆرگانەكانی حزبی خۆی بكات بە ئافرەت و بەشێكیشیان هەر وەك هەمیشە بە زۆرینە پیاو بمێنن ئەوە ئەو كات ئەو جیاوازییەی بەڕێوەبردنە بەدیدەكەن و لێهاتووی كادیری ئافرەتیان بۆ بەدەردەكەوێ.

یاخود بیكات بە سیستەم ئەگەر كەسی بەڕێوبەری یەكەم لە حزب پیاو بێت ئەوە جێگرەكەی دەبێت ئافرەت بێت،، ئەگەر بەڕێوبەر یەكەم ئافرەت بێ جێگرەكەی دەبێت پیاو بێت بۆ ئەوەی هەردوو لا بە تەواو كراوەیی یەكتر باشترین بەرێوەبردن پێشكەش بكەن باشترین فیدباك وەربگرنەوە. پارتی بوون و نوێبوونەوە پێویستە لە چوار چێوەی ئەو باوەڕانەدا نەبێت كە ڕەگەز ببێتە پێوەر بۆ بە دیاریكردنی لێهاتووی كادیری چالاك ، بەڵكو پێویستە گونجاوەكان لەسەر شێوازی لێهاتوویی و جەماوەری و شارەزاییٍان دیاربكرێن.