

ئاكۆ عهبدوڵا
پۆرترێتی (مادا گێرترۆد پریماڤێزیMäda Gertrude Primavesi ) یەك لەبەرهەمە گرنگەكانی گوستاڤ كلیمتی نیگاركێش دادەنرێ ساڵی 1912 كێشا. تێیدا مادای نۆ ساڵی بەجلێكی ئەرخەوانی و سپی وەستاوە متمانهیی و كهسایهتی بههێزی لێدهبینرێ. ناوبراو لەخانەوادەیەكی دەوڵەمەند بوو. ئوتۆی باوكی بزنسمانێكی گهورهبوو و یوجینای دایكیشی ئەكتەر بوو. بەرهەمەكە بەئاشكرا گوزارشت لەهێز و جوانی رەنگە بەریەككەوتووەكان دەكات. چەشە و توخمی جۆراوجۆری گرتۆتەخۆ كە لەباكگڕاوەندەكەی دیارە، لەوانە سەگ و گەڵا و هێلانە و باڵندە. نیگاركێش هەموو ئەو توخمانەی لەخەیاڵی خۆی وەرگرتووە. بەڵام گوڵەكان بەڕاستی دەچن و لەوانەشە بەشێك بن لەنەخشی مافورە راخراوەكە. وردەكاری رووی گەشی ماداش بەچینە ئەستورەكان و رەنگە زۆر و سەرسامكەرەكان، بەدیهاتووە.
شایانی باسە بنەماڵەی پریمافێزی بەوە ناسرابوون گرنگییان بەئەدەب و هونەر دەدا. لهكاتی بهرپابوونی جهنگی یهكهمی جیهانی ماڵهكهیان كردبووه بهشوێنی حهوانهوهی هونهرمهندان. بەڵام ساڵی 1918 دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و مەجەر، ئەندامانی ئەو خێزانە وەك زۆر خێزانی دیكە لەناو ئەو شوێنەی كە تێیدا هاتبوونە دونیا و ئێستا لەسنووری كۆماری چیك هەڵكەوتووە، بوونە كەسانی بیانی. دواتر ئاوارەی وڵاتی كەنەدا بوون. ساڵی 1986 مادا چووە شاری نیو یۆركی ئەمەریكا بۆ بینینی ئەو پیشانگەیەی كە ژیانی ڤییەننای لەسەرەتای سەدەی رابردووی گرتبووەخۆ، لەوێدا ئەو پۆرترێتەی خۆی بینی كە ئەوسا موڵكی موزەخانەی میترۆپۆلیتان بوو. دواتر تا مردنی چەندان جاری دیكە بۆ دیدەنی ئەو بەرهەمە، سەردانی موزەخانەی ناوبراوی كردەوە. نیگاركێش جگه لهو بهرههمه دواتر پۆرترێتێكشی بۆ دایكی مادا كێشا كه ئهویشیان لهكاره دیارهكانیهتی.
* گوستاڤ كلیمتGustav Klimt رۆژی 14 ی تەمموزی ساڵی 1862 لەشاری بومگارتینی نزیك ڤییەننای پایتەختی ئیمپراتۆریەتی نەمسا و مەجەری ئەوسا هاتەدونیا. بەئایكۆنی هونەری نوێی ئەو وڵاتە و یەك لەنیگاركێشە ناودارەكانی سەدەی نۆزدە دادەنرێت. لەئاوێتەكردنی گیانی هونەری پراكتیزی و نوێخوازی پێكهاتە، بەجۆرێكی دیكە، لەئاوێتەكردنی واقیعی سادە و كاری زوخروفی، زۆر بەتوانا بوو. بەردەوامیش هەوڵیدەدا لەڕێگەی لەیەكچوونی نێوان توخمەكانی پێكهاتە، پێوەندی نێوان نیگار و دیزاینی بینا بەهێز بكات.
* ئارنست كلیمتی باوكی، نیگاركێش و پەیكەرتاش و پیشەكارێكی دەستڕەنگین بوو. لەمنداڵیشەوە مەشقی بەكلیمت كرد، بۆ ئەوەی فێرە پیشەكەی بێت.
* ساڵی 1876 كلیمت چووە قوتابخانەی هونەری و پیشەیی تازە دامەزراوی سەر بەموزەخانەی هونەر و پیشەسازی شاهانە.
* ساڵی 1883 لەگەڵ ئارنستی برای، كاریان لەڕازاندنەوەی گۆڕەپانی موزەخانەی ڤیینا بۆ مێژووی هونەر كرد.
* ساڵی 1888 لەپای كارە جونكارییەكانی، لەلایەن فرانسوا جۆزێفی ئیمپراتۆری وڵات، مەدالیەی زێڕی پێبەخشرا.
* سێ دیواربەندی ناوداری بۆ كۆلیژەكانی (پزیشكی و ماف و فەلسەفە) ی زانكۆی ڤییەننا كێشاوه.
* كۆمهڵێك تابلۆ و پۆرترێتی ناوازهی كێشاوه لهوانه : (ئادێل بلۆخ باورAdele Bloch-Bauer ) ،(ماچ Der Kuss) ، (ئیمیلی فلۆگ Emilie Flöge) ، (خانمێك به ملپێچی وەنەوشەیی Dame mit lila Schal) ، (مردن و ژیان Tod und Leben)، (یوجینیا پریماڤێزی Eugenia Primavesi) ی دایكی مادا.
* ساڵی 1917 بۆ جاری دووهم وەك مامۆستا لەئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی شاری ڤییەننا، كەوتەوە كار. هاوكات پایەی ئەندامی فەخری پێدرا. رۆژی 6 ی شوباتی ئەو ساڵە بەهۆی پەتای ئەنفلۆوەنزا لەو شاره كۆچی دوایی كرد.