كوردستانی ئەمڕۆ هی دوێنێ نیە

278

عەدنان شەعبانی
لەمپەر دروستکردن لە لایەن هەر دەوڵەتێکی ئقلیمی دوورو نزیکەوە بێ، لەبەردەم کرانەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشنابوونی بە وەرچەرخانی گەورەی دیجیتاڵی جیهانی، ئەگەر بۆیان بچێتە سەر خەریکن لە بەغداوە دەست پێ دەکەن، بەو حسابەی کە (بە پێیەکان بگرن بێ پێیەکان هی خۆیانن) سیاسەتی وڵاتێکی ئقلیمی بە داڕشتنی پلانی فرە ڕەهەند و فرە ستراتیج، وەها ڕۆچۆتە ناو هەناوی بەغداوە، هەموو شادەمارەکانی گرتووە، دەشیەوێ لە ڕێگای بەغداوە، قوت و ئیڕادەی هەرێمیش بگرێتە دەست.

کاراکردنی دادگای فیدڕاڵ و زۆرینەی پەڕڵەمانی و دابڕاندنی بەشێکی لایەنە کوردیەکان و گەورەکردنی ناکۆکییەکانی کوردی — کوردی وچەندینی تریش، ئەو کارتە سیاسیانەن بۆ کۆت و بەندکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر، پەشیمان بوونەوەی بەغدا و جێبەجێ نەکردنی هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ هەولێر واژۆی کردوون، ئاماژەی ڕوونن و سەرو سیمای بوونی مەرجەعێکی دەرەکی بۆ بەغدا دەردەخەن. هەرێمی کوردستانیش زۆر بوێرانە لە نێوان ئەو بەرداشانەدا، لەسەر پێ وەستاوە و گەشە و پێشکەوتنەکانیشی ناشاردرێنەوە و ناشوەستێنرێن، چونکە ئیرادەیەکی بەهێزی لەپشتە. پێشخستنی ڕێگاوبان و کشتوکاڵ و پیشەسازی و لە هەمووشی گرنگتر دەرهێنانی نەوت و گازە، کە یەکێکە لە بەهێزترین چەکی سەردەم، لە پەیوەندییە دبلۆماسییەکانیشدا لە ئاستی هەرێمی و نێودەڵەتیدا، حکوومەتی هەرێم لە ئاستێکی بەرزدایە، لەگەڵ بەغداش ئەگەر پەیوەندییەکانی تەنها (تاڵە مووەکەی معاویە)مابێ نەیپساندووە.

بۆیە بەڕای بەندە، ئەم سەبر و پابەنیدیەی هەرێمیش، لە لاوازیدا نیە، دڵنیام لێزانی و حیکمەتێکی تێدایە، ڕەنگە وڵاتە هاوپەیمانەکانیش ئاگادار بن، کەواتە وا چاکە هەرێمی کوردستانیش لە کاتی دان و ستاندن و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکاندا، لەگەڵ بەغدا و ( لایەنی نادیار) لە سێ قۆڵیەوە بیکاتە چوارقۆڵی. واتە بوونی نوێنەری هاوپەیمانان دەبێ بە پێویست بزانێ، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە بزانن، کێ کۆسپ دروست دەکات و ڕێ لە پەشیمان بوونەوەیان بگیرێ. تێکڕای پێشکەوتنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵگەی ڕوون و زیندوون، کە کوردستانی ئەمڕۆ هی دوێنێ نیە..