به‌فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن کە لە ماوەی رابردوو هاووڵاتیان و گەشتیاران تێدا خنکاون.

له‌چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: بە ئامانجی کەمکردنەوەی قوربانی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس، ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن کە لە ماوەی رابردوو هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیدا خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ:

دوای زیادبوونی رووداوەکانی خنکانی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە رووبار و دەریاچە و زێ و چەمەکان لە وەرزی هاویندا، بە فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن کە لە ماوەی رابردوو هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیدا خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن. ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەرفەت و ئەگەرەکانی قوربانی زیاتر.

دەستەی گشتی گەشت و گوزار و دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و دامەزراوە پەیوەنددارەکانی دیکە هەڵمەتی ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و گەشتیاران بۆ خۆپاراستن لە مەلەکردن لەو شوێنە مەترسیدارانە دەست پێ دەکەن.

داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز و گەشتیاران و کۆمپانیایاکانی گەشت و گوزار دەکەین، کە پابەند بن بە دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی شریتی سوری لێدراوە و هێما و تابلۆکانی قەدەغەکردنی مەلەی لێ هەڵواسراوە. ئەو شوێنانە مەترسیدارن و بەهیچ شێوەیەک ناکرێت مەلەی تێدا بکرێت و بۆ مەلەکردن ناشێن و رێگاپێدراو نین.

راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

6ی ئابی 2023