بەهۆکاری بوونی دەرمانی قاچاغ و نایاسایی و بێ سەرچاوە، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی چوار دەرمانخانە لە هەولێر دادەخات.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان (KMCA) لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە: “پاڵپشت بە ڕاسپاردە و بڕیاری لێژنەی لێکۆڵینەوە، بە چاودێری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، بەهۆکاری بوونی دەرمانی قاچاغ و نایاسایی و بێ سەرچاوە، چواردەرمانخانە لە شاری هەولێر داخران، هەروەها لەکاری پیشەی دەرمانسازیش بۆ ماوەی شەش مانگ راگیران.”
بەرێوەبەرایەتییەكە ئاشكرای كردووە، ئەو دەرمانخانانە داخران: “دەرمانخانەی ئەمیر، دەرمانخانەی بیمار، دەرمانخانەی هاوس فارما و دەرمانخانەی پەخشان.”
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان راشیگەیاندووە: “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە لە بەردەوامی چاودێریکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە پێناو سەلامەتی نەخۆش و ڕێگەگرتن لە هەر دەرمانێکی نایاسایی و نافەرمی و دوور لە پەسەندکراوی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان.”
هەروەها داواكاریەكیش لە هاووڵاتییان كراوە و هاتووە: “هاووڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە کە دووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی بێ سەرچاوە و بێ ستیکەر، هەروەها لە ڕێگەی هێلە گەرمەکانی پەیوەندیکردن تیمەکانی چاودێری بازاڕی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا و گرتنەبەری ڕێکار و سزای یاسایی لەبەرامبەر هەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک.”










