نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای موەلیدە لە هەولێر بۆ مانگی ڕابردوو (مانگی 7) كەمترینی 12 هەزار و 750 دینارە و بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.

ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر  ڕایگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 7ی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا، كەمترینی 12 هەزار و 750 دینارە و زۆرترینیشی 15 هەزار و 750 دینارە.”

ئاماژەی بەوەش دا: ”بە تێكڕا مۆلیدەكان لە نێوان 310 تاوەکوو 385 كاتژمێر كارەبایان داوە و لیترێک گازوایلیش بە 560 دینار دیاریکراوە.”

مانگی 5، ئەمپێرێک كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لەنێوان چوار هەزار و 750 دینار بۆ شەش هەزار و 750 دینار بوو، لە مانگی شەش، نۆ هەزار و 750 دینار بۆ 12 هەزار دینار بوو.

لەبارەی زیادبوونی پارەی ئەمپێری كارەبای مۆلیدەكان، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد: ”بەهۆی ئەوەی کارەبای نیشتمانی کەم بووە و مۆلیدەكان كارەبای زیاتریان داوە، ئەو مانگە پارەی كارەبای مۆلیدەكان زیاتر بووە.“

قارەمان مەولوود گوتیشی: “مانگی پێنج بەگشتی مۆلیدەكان 90 بۆ 150 كاتژمێر كارەبایان دابوو، بەڵام مانگی شەش سەرووی 275 كاتژمێر كارەبایان دابوو، لە مانگی حەوت، بۆ 385 كاتژمێر بەرز بووەتەوە.“