خەبات: رۆشنا عەلی:- لە ڕۆژانی ڕابردوودا بێ‌ هیچ ڕێنماییەك وەزارەتی پەروەردە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە بۆ وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعید ڕێكخرابوو پشووی ڕۆژانی شەممەی ڕاگەیاند لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن ، بڕیارە لە ئایندە وردەكاریەكانی ڕابگەیەنرێت ، لاپەڕەی پەروەردەو خوێندن لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێكی ئامادەكردووەو ئامانجیش دەسكەوتنی وەڵامی پرسیارگەلێكە كە ئاراستەی بڕیارەكە ڕووناك بكاتەوە وبۆچوونی كەسانی ناو پڕۆسەی پەروەردە بەرچاو ڕوونی بداتە بڕیاردەرانی وەزارەتی پەروەردە كە بە چ میكانیزمێك لێكەوتە نەرێنییەكانی بڕیارەكە كەمتر ببیـَتەوە:

سەرەتا مامۆستا فەهمی سڵێوە بابكە بەڕێوەبەری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر بۆ خەبات لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەم پشووە كاریگەری دەبێت بەسەر كەڵەكە بوونی پڕۆگرامەكانی خوێندن گووتی: ئێمە وەك بەڕێوەبەرانی پەروەردە ئاگادار نەبووین، بەڵام دڵنیام ئەنجومەنی وەزارەت كە ئەم بڕیارەی دەركردووە هەموو ئەگەرەكانی لەبەرچاو گرتووە بەجۆرێك كە كاریگەری نەكاتە سەر وانەكان ، بە بۆچوونی من بڕیارێكی دروستە،چونكە قوتابی تەنها ڕۆژێك پشووی هەبوو ئەوەش زۆر كاتێكی كەمە و سوود لە كاتەكە وەرناگرێت ، بۆیە ئەگەر بە ڕێك و پێكی ڕێكی بخەین كاریگەری نابێت.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا پێتان وانییە ئەم بڕیارە شكست بهێنێت دوای ئەوەی لەساڵانی ڕابردوودا ئەزموونكرا؟ لەم بارەیەوە مامۆستا فەهمی گوتی : من خۆم ئەو ئەزموونەم هەیە كە بەڕێوەبەری قوتابخانەی نموونەیی بووم و رۆژانی شەممان پشوومان هەبوو، زۆر بەلایەنی ئەرێنی لەسەر قوتابی دەشكایەوە و زۆر سوودی هەبوو بۆیان ئەگەر بزانین ڕێكی بخەین هیچ كێشەیەكی نابێت ،چونكە دەوامەكە دیاریكراوە بۆنموونە ئامادەییەك هەیە لە خوار پەروەردەی خۆمان دەبینم زۆربەی ڕۆژەكان لە 12:20 ئەو قوتابخانەیە چۆڵە بۆیە ئەگەر هەماهەنگی هەبێت لەنێوان قوتابخانەكان بەتایبەتی لە ڕووی خشتەی وانەكان باوەڕناكەم هیچ كێشەیەك ڕووبدات.

*دەربارەی ئەوەشی كە چی كراوە لە ئێستاداو پێشتر نەبوو كەوابكات كاریگەری نەرێنی بڕیارەكە كەمبكاتەوە؟ بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوبراو گوتی :ئەو هۆبانەی لە سنوری ئێمە زیاد بووە زۆر كاریگەری هەبووە لەسەر ژمارەی قوتابیان و دوو دەوامی بڕیاریشە زیاتر بكرێت ،چونكە بە دوو دەوام ئاسانترە ئەگەر وانەیەكیش زیاد بكرێـت و تەنها دوو مانگی زستان ئێواران تاریك دادێت و درەنگتر قوتابیان تەواو دەبن ئەوەش ناكرێت حەوت مانگ بكرێتە پێناوی دوو مانگ، دەربارەی ئەوەشی كە چ كاریگەرییەكی لەسەر وانە بێژان دەبێت گوتی: هیچ كاریگەری نابێت لەسەر وانە بێژان و زۆربەی وانەبێژان بە هەژدە وانە وانە دەڵێنەوەو سەرجەم وانەبێژان 24 بەشەوانەیان نییە.

مامۆستا سۆران محەمەد فەرەج سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پەروەردەی بنەڕەت لە هەڵەبجەی شەهید دەربارەی ئەوەی كە ئایا تاچەند زەمینەی لەبار ڕەخساوە بۆ پشووی شەممان كە ڕووبەڕووی كێشە نەبێتەوە بۆ خەبات گووتی: پشووی ڕۆژانی شەممە زەمینەسازی دەوێت پێویستە وەزارەتی پەروەردە پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی حكومەت پێشوەختە پلانی بۆ دانرابێت و بوجەی بۆ تەرخان كرا بێت بۆكردنەوەی بینای قوتابخانە بەژمارەی پێویست تاكو بتوانرێت یەك دەوامی تێدا بكرێت.

پێداچوونەوە بەپرۆگرامدا بەشێوەیەك زانستە بنەڕەتیەكانی هەربابەتێك ڕەچاو بكات وەك پرۆگرامی ئێستا هێندە زۆر نەبێت كەمامۆستایان لەكۆتایی وەرزی یەكەم ودووەمی خوێندن بە باتەكان پەلە پڕوزبكەن و بەوانەكاندا ڕانەگەن كەهەموو ساڵێك ئەمە دووبارە دەبێتەوە، پرۆگرامی خوێندنی هەموو بابەتەكان لە بیركاری و زانستەكان و…هتد زۆر زۆرن ئێمە بۆ وانەی زمانی عەرەبی لەهەر یەكەیەك بەشێكمان لابردووە بەوەشەوە مامۆستایان فریای تەواوكردنی پرۆگرام ناكەون.

لەكاتێكدا ئێمە هیچ كارێكمان بۆ كردنەوەی بینای پێویست نەكردبێت و پرۆگرامیش هەمان شت بێت هیچ لە بابەتەكەی نەگۆڕیوە پشووەكە زیان بە كۆی پرۆسەكە دەگەیەنێت لە ڕووی ئاستی زانستی و گەیاندنی پەیامی پەروەردەیی دروست، بەنەمانی ڕۆژی شەممان بۆ خوێندن بەو لێكدانەوانەی بۆمان كردووە 34 ڕۆژ كەمتر لەساڵدا دەوام دەكرێت كە ئەمەش كۆی پرۆسەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە كە دەبێت 170 ڕۆژ دەوام بكرێت ، پاساوی درێژكردنەوەی ماوەی خوێندن و نەهێشتنی پشوو عەیبەكانی پەردەپۆش وپینە ناكات.

جا پێم وایە هەر بڕیارێك زەمینەسازی بنیاتنەرانەی بۆ نەكرێت سەركەوتوو نابێت، لەبەر ئەوە پێموایە ئەم بڕیارە هەرزوو هەڵدەوشێنرێتەوە و تەمەنی كورت دەبێت، دەربارەی ئەوەی كە ئایا كەمكردنەوەی پڕۆگرام كێشە چارەسەر دەكات و ئەرێنییە؟ مامۆستا سۆران گوتی : ئەگەر دەست ببرێ بۆ كەمكردنەوەی هەندێ لەوانەكان پێویستی بە پلانێكی باش هەیە بۆ كەمكردنەوەی پرۆگرامەكانیان و لیژنەی پسپۆڕی بەشێوەیەك لە بازنەی دووەمی خوێندنەوە بۆ ئەو بابەتانە كەم بكرێتەوە كە زیان بە ڕیزبەندی زانستی و بنەماكانی بابەتەكە نەگەیەنێت، ئەگەرنا لەخۆڕا بێ ئەوەی پرۆگرامەكەت چارەسەر كردبێت بێیت بەشەوانەی لێ بقرتێنیت ئەمە هەڵەی زانستیە، هەروەها كەمكردنەوەی ماوەی وانە بۆ 35 خولەك بەهەمان شێوە هەڵەیەكی گەورەیە.

تائێستا خوێندنی شەش وانە بەتەواوەتی سەركەوتوو نەبووە لەبەر دوو دەوامی وسێ دەوامی قوتابخانەكان وانەی شەشەم لەلایەك ماوەكەی كەمە هەروەها ماوەی دەوام چوار كاتژمێرە مامۆستا ماندوو دەبێت بەبێ وچان لەسەریەك شەش وانە بڵێتەوە ، پشووی نێوان وانەكان ٥ خولەكە كەفریای هیچ پشوویەك ناكەوێت تەنانەت چایەكیشی بۆ ناخورێتەوە.

خوێندنی شەش وانە پراكتیكی نیە بۆ دەوامی چوار كاتژمێری لە 8-12 ی بەیانیان و 1-5 ی ئێواران بەتایبەتی كاتێك ڕۆژگار كورت دەبێتەوە بانگی شێوان دەكەوێتە كاتژمێر ٤٫٥٥ خولەك بۆكاتی ڕۆشتنەوەی قوتابی ومامۆستا بۆ ماڵەوە درەنگ دەكەوێت، بەم هۆیەوە نە مامۆستا نە قوتابی میزاجی وانەی شەشەمیان نییە، لەبەر ئەوە وەزارەت پێویستە گریمانەی ئەوەی دانابێت كە پێنچ وانەی دروست دەخوێندرێت ئەگەر كەڕەتی پێنچ ڕۆژی بكەین دەكاتە خوێندنی ۲٥ وانەی تەندرووست لە هەفتەیەكدا. لەبەر ئەوە پێم وانیە ڕێنماییەكان لەكاریگەریە خراپەكانی بڕیارەكە كەمبكاتەوە.

ئەوەش ئاماژە پێبدەین ڕێنمایی بۆ كۆمەڵگە پەروەردەییەكان دەرچووە كە دەبێت ڕۆژانە 7 بەشە وانە و لەڕۆژی 5 شەممە 8 بەشەوانە بخوێنن و لەڕۆژانی شەممەدا چالاكیەكانیان ئەنجام بدەن و وانەی ڕاهێنان لەلایەن ڕاهێنەرەوە بخوێندرێت، بەمەرجێك هیچ ئیمتیازێكی مادی ومعنەوی بۆ كارگێڕی ومامۆستایان دانەنراوە، ئەمە بەڕاستی پێوانەی بانێكەو دووهەوایە.

پێدەچێت ئەم بڕیارە گشتاندنی بۆبكرێت و قوتابخانەكانی تریش لەڕۆژانی شەمماندا چالاكی و وانەخوێندنی لای ڕاهێنەر و …هتد ئەنجام بدەن، ئەگەر بەنیازی ئاوا بڕیارێك بن بۆ قوتابخانەكانی تریش كە ڕۆژانی شەممان چالاكی تێدا ئەنجام بدرێ باشتر نەبوو هەر لەڕێوە ڕابگەیەنرایە بەمامۆستایان وڕای گشتی ، بۆ ئەوەی سبەینێ بەباشتر پێشوازی لە بڕیارەكە بكرێت نەك بەپێچەوانەوە.

بەم حاڵەوە كەباسمان كرد پێموانیە هیچ كەسێك لێی سوود مەند بێت ، ڕاستە لەڕوكەش وڕواڵەتدا ڕۆژێك پشوو دەدرێ بە قوتابی و مامۆستا، بەڵام لە ڕۆژەكانی تر دەپڕوكێنرێن بەوەی وانە و پرۆگرامێكی زۆری بێ ناوبڕ بۆ مامۆستایان بەتایبەتی دەخوێندرێ ..دەوامی قوتابخانە پەلەپەلەییەكی پێوە دیاردەبێت وەك لەحاڵەتی كتوپڕی ونەخوازراودا بن وایە، دەربارەی ئەوەی كە ئایا چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر ماوەی خوێندن دەبێت مامۆستا لەتیف حەمە صالح بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەورامانی بنەڕەتی لە پەروەردەی شارەزوور بۆ خەبات گووتی: من باسی قوتابخانەی 7-9 دەكەم كە ڕۆژانە شەش وانە دەخوێنرێت ڕەنگە كاریگەری كەمتر بێت بۆ ئەو قوتابخانانەی كە (1-6)ن.

كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر تەواو نەكردنی پڕۆگرامی خوێندن ، ئێمە لەماوەی 90 ڕۆژی وەرزی یەكەم كە وانەی تێدا دەخوێنرێ ، دوانزە ڕۆژی پشووی هەینیە ، ڕەنگە پشووی تریشی تێبكەوێ ، تۆ بڵێ 15 ڕۆژ پشوە ، 75 ڕۆژی مایەوە دەكاتە نزیكەی 11هەفتە واتە تەنها لەوەرزی یەكەم بۆ هەر وانەیەكی زانست 11 دەرسی دەفەوتێ بۆ وەرزی دووەمیش بە هەمان شێوە نزیكەی 10 وانە دەفەوتێ ئەمە بۆ وانەی زانست ، بۆ نموونە وانەی زانست لە قۆناغی 7-9 هەفتانە دەبێت شەش وانە بخوێنن ، بەڵام بە پێی ئەم بڕیارە دەبێت پێنج وانە بخوێنن واتە وانەیەكی دەفەوتێت ، ئەوەش كاریگەری دەبێت كە ناتوانرێ مەنهەج تەواو بكرێت، بۆ وانەكانی بیركاری و ئینگلیزی و عەرەبیش بە هەمان شێوەیە ، یەكی وانەیەكیان دەفەوتێت ، بەڵام بۆ زمانی كوردی كە چوار بەشەوانەیە و كۆمەڵایەتی ئاساییەو وانەیان نافەوتێ ، بۆ كۆمەڵایەتی دەكرێ وانەیەكی بەهاكۆمەڵایەتیەكان لاببرێ و لە بری ئەوە وانەی كۆمەڵایەتی بخوێنرێت كە چوار بەشەوانەیە ، بۆ زمانی عەرەبیش دەكرێت وانەیەكی ئایین لاببرێ و لەبری ئەوە عەرەبی بخوێنرێت ، بەڵام وانەكانی بیركاری و زانست و ئینگلیزی ناتوانرێت قەرەبوو بكرێنەوە ،تەنها دەبێت یان شەوانەكان كەمبكرێنەوە یان دەستكاری مەنهەج بكرێت و ئەو بابەتانەی كە ترلاببرێت.

یان دەكرێ لەو پێنج ڕۆژە لە خشتەی بەشەوانەكان جێگەیان بكرێتەوە ، دەكرێ زانست ڕۆژێك دوو وانە لە سەریەك بخوێنن ، بەڵام ئەمەش كێشەی تر بە دوای خۆیدا ئەهێنێ ، وەكو جامبوونی خشتەی وانەكان و دژ بەیەك لە وانەكاندا دروست ئەبێت واتە یەك مامۆستا لەیەك كاتدا دوو وانەی لە دوو پۆل هەیە ،(بۆنمونە وانەی سێیەم) ئەو كات مامۆستا دەتوانێ بچێ بۆ یەك پۆل یان پۆلەكەی تر شاغیر دروست دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شاغیرو شڵەژان و ئاژاوە لەناو قوتابخانەدا دروست ئەبێت.

یان دەبێت خشتەی وانەكان بكرێتە حەوت وانە لە ڕۆژێكدا ئەوەش كات نییەو ناكرێ بە تایبەت بۆ قوتابخانە دوو دەوامەكان ، یان ئەگەر بكرێتە حەوت دەرس ئەوكات دەبێ كاتی وانەكان كەمبكرێتەوە بۆ 25-30 خولەك ،ئەوەش قورسەو ناگونجێ، دەكرێت بۆ وانەكانی زمانی عەرەبی و ئاین و كۆمەڵایەتی وانەیەك لە خشتەی وانەكان كەمبكرێتەوە و كات هەر 40 خولەك بێ وەكو خۆی، زمانی كوردی كێشەی نییە، چونكە چوار بەشەوانەی هەیە لە هەفتەیەدا ، بەڵام بۆ بیركاری و زانست و ئینگلیزی كێشە دروست دەبێت ،چارەسەر ئەوەیە یان لە ڕۆژێكدا حەوت وانە بخوێنرێت و كاتی وانەكان كەمبكرێتەوە ، یان وانەیەك بفەوتێ و نەخوێنرێ، یان دەستكاری مەنهەج بكرێت و كەمبكرێتەوە.

یان بەشەوانەكانی وانەكانی هونەر و وەرزش دەستكاری بكرێت و كەمبكرێتەوە و لە دوو بەشەوانەوە بكرێنە یەك بەشەوانە، ئەوەش دیسان كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر لایەنی هونەری وەرزشی قوتابخانەو ، قوتابی بێزارو بێتاقەت و دەبێت لەو وانانەدا كەمێ پشوو ئەدات، دەربارەی ئەوەشی كە ئایا چ میكانیزمێك بگیرێتە بەر تا لەم كاریگەریە خراپانە كەمبكرێتەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەورامان گووتی: یان دەكرێت حكومەت پشووە كانی تایبەت بە وەزارەتی پەروەردە كەم بكاتەوە وەكو پشووی بەهارە كە دوو هەفتەیە ،پشووی كۆتایی وەرزی یەكەم كە یەك هەفتەیە بەم شێوەیەش ئەكرێ تاڕادەیەك چارەسەر بكرێ و كارگەرییە نەرێنیەكانی كەمبكرێتەوە، بەڵام ئەمانەش ئەركی مامۆستا قورستر دەكات و نابێت مامۆستا مۆڵەت وەربگرێ كە بە پێی یاسا حەوت ڕۆژ مۆڵەتی هەیە ،چونكە یەك دەرس نەخوێنێت پێوەی دیارەو دوادەكەوێت و فریای ناكەوێت.

سۆران محەمەد – سەرپەرشتیار
فەهمی سڵێوە – بەرێوەبەری پەروەردە
لەتیف حەمە ساڵح – بەرێوەبەری قوتابخانە