لە ڕێکەوتی ١٣ى تەمووزی ٢٠٢٣، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان. نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان (OCIA) لە ڕێگەی تۆڕە حکومییەکانییەوە شیکاری بۆ تێبینییە تایبەتەکان دەکات کە ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن، ئەمەش بەو پێیەی ئەو تێبینییانە پێویستیان بە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی وردە.
ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە (کۆمۆنوێڵس) و گەشەپێدان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی تیشک دەخاتە سەر بابەتگەلێکی بەرفراوان لە جیهاندا، لەوانە مافەکانی ژنان، مافی کەمینە نەتەوەییەکان، ئازادیی ڕۆژنامەنووسان و مافی خۆپێشاندان.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردووەتەوە کە ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هیچ کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر نەکراوە، ئەمەش پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێکارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانەوە پێشان دەدات. جگە لەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوەی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی مافی ناڕەزایەتیی ئاشتییانە و هاوکات ڕێز لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەگرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان دوور لە هەر پێشێلکارییەکی یاسایی.”
ئاماژەی بەوەش داوە: ”بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بتوانن سوودمەند بن لە مافی وەرگرتنی زانیاریی دامەزراوە حکوومییەکان بە شێوازێکی شەفاف و بە پابەندبوون بە چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی مامەڵە دەکەن. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ژمارە ١١ی ساڵی (٢٠١٣) دەر خستووە و لەم دواییانەدا گفتوگۆی زیاتر بۆ پابەندبوون بۆ مەبەستی پێداچوونەوە بە یاسا بەرکارەکان و چەسپاندنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کراوە، هاوتەریب لەگەڵ پەیماننامەکان و ڕێککەوتننامەکان لە سەر ئاستی جیهاندا. لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەردەوام مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری بکەن و دەستیان پێی بگات.”
ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ”ڕاپۆرتەکە ڕەچاوی بارودۆخی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پارێزبەندیی ڕێکارەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان و عێراق. لێرەدا بۆ مەبەستی پاراستن و فەراهەمکردنی بێلایەنی لە دادگاکان، دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان سیستمێکی دادوەریی ئازاد و سەربەخۆی هەیە و هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە خستووەتە ڕوو. لە هەرێمی کوردستان لایەنی دادوەری سەرپەرشتیی ئەو ڕێکارانە دەکات کە کار بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکان و دادگاییکردنیان دەکەن. هەروەها دەسەڵاتی دادوەری گەرەنتیی جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاسا ناوخۆییەکان و چەسپاندنی پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دەکات.”
سەبارەت بە مافەکانی ژنانیش ڕوونی کردووەتەوە کە ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک تاوانێک مامەڵە لەگەڵ کوشتن بە بیانووی شەرەف دەکات. پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٣ی ساڵی (٢٠١٥)ی دەر کردووە و بڕگەکانی مادەی ٤٠ی یاسای سزادانی عێراقی هەڵپەساردووە، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی سزای هەر کەسێک هاوسەرەکەی یان یەکێک لە نزیکەکانی لە ڕەگەزی بەرانبەر (ژنەکان) بکوژێت، یان توندوتیژییان بەرانبەر بکات بە بیانووی پاککردنەوەی شەرەف. لە هەرێمی کوردستان کوشتنی شەرەف وەک کوشتنی بەئەنقەست دەستنیشان دەکرێت و ڕێوشوێنی سزای قورس، واتە سزای هەتاهەتایی بەسەر تاوانباراندا دەسەپێنرێت.”
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی حکوومەتی بەریتانیا بەرز دەنرخێنێت سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١–٢٠٢٥) هەروەها هەوڵەکانی ئەم دواییە کە دراون بۆ بەرزکردنەوەی لێهاتوویی و بنیاتنانی توانای دادوەران لە هەرێمی کوردستاندا.”