ڕۆژى دووشەم له‌ واشنتۆن، سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، سەرپەرشتى دەستاودەستکردنى پۆستى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لە ئەمریکا کرد لەنێوان بەیان سامى عه‌بدوڕه‌حمان و تریفە عەزیز نوێنەرى تازەى حکوومەتى هەرێم لە ئەمریکا.

لەلاى خۆیەوە بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى خاتوو بەیان سامى عه‌بدوڕه‌حمانی کرد  بۆ ئەو ئەرک و خزمەتەى کە بە درێژایى ساڵانى ڕابردوو پێشکەشى کردووە وەک نوێنەرى حکوومەتى هەرێم لە ئەمریکا و هەروەها پێشووتریش وەک نوێنەرى حکوومەت لە بەریتانیا.

هەروەها پیرۆزبایى لێ کرد لە ئەرکە تازەکەى لە نووسینگەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەت. هەروەها بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە پیرۆزبایى  لە خاتوو تریفە عەزیز نوێنەرى تازەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هاوکات دووپاتى تەواوى پاڵپشتییەکانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کردەوە بۆ نوێنەرى تازە و نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێم لە ئەمریکا بۆ سەرکەوتنیان لە ئەرک و خزمەتکردن.

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە گوتى “ئێمە پەیوەندییەکى مێژوویى و گرنگمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەیە و متمانەى تەواوم هەیە لە بەردەوامى پەرەپێدانى ئەو پەیوەندییە درێژخایەنانە و هاوبەشێتى ستراتیژى نێوان هەردوولا”.

لەلاى خۆیەوە خاتوو بەیان سامى عه‌بدوڕه‌حمان لە وتەیەکدا بەبۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەى کە لە ماوەى هەشت ساڵى ڕابردوودا لە واشنتۆن نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، سوپاسى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت و ستافى نوێنەرایەتى کرد. هاوکات بەخێرهاتن و پیرۆزبایى لە خاتوو تریفە عەزیز نوێنەرى تازەى حکوومەتى هەرێم کرد بەبۆنەى دەست بەکاربوونى.

خاتوو تریفە عزیز یەکەم هاووڵاتى کوردى-ئەمریکایە کە ئەرکى نوێنەرى حکوومەتى هەرێم لە ئەمریکا وەربگرێت و پێشووتر لە نووسینگەى سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى کاری کردووە.

خاتوو تریفە عزیز خاوەنى ئەزموونى زیاتر لە 25 ساڵە لە کاروبارى پەیوەندییە حکوومییەکان لە ئەمریکا.

سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت بە سەردانێکى فەرمى لە ئەمریکایە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى حکوومەتى ئەمریکا و ئەندامانى کۆنگرێس، ئەوەى جێگەى ئاماژەیە نوێنەرى تازەى حکوومەتى هەرێم خاتوو تریفە عەزیز یاوەرى بەڕێزیان دەبێت لە بەرنامەى دیدار و کۆبوونەوەکان.