شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژى پۆلیسى ڕاپەڕین  ڕايگەیاند:” دواى ئەوەى هاووڵاتییه‌کی خەڵکى  سووریا کە لە ڕانیە دادەنیشت و سکاڵای لە دژی کەسێکی نەناسراو تۆمار کرد که‌ بە فێڵی شتکڕین کوڕە هەشت ساڵانەکەی لەماڵ بردووەتە دەرەوە و دواتر نەگەڕاوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکاری یاساییمان گرتە بەر”.

گوتیشى:” دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت و  دەستگیر کرا کە لە ڕەگەزی نێر و تەمەنی ٢١ساڵ دانیشتوی ڕانیەیەو بارى دەروونى ناجێگیرە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانیناوە بەتاوانەکەیکە ئەو کوڕەکەى کوشتووە”.

باسى لەوەش کرد:” بەفێڵى شتکڕین، منداڵە هەشت ساڵانەکەى بردووەتە شاخى گوندى هەنجیرەى نزیک ڕانیە و دواتر بە چەقۆ کوشتوویەتى”.

شۆڕش ئیسماعیل ئاشکراى کرد دواى داننانى بە تاوانەکە، هێزەکانى پۆلیس تەرمی منداڵەکەیان لە شاخ دۆزییەوە و لە هەمان شوێنیش ئامێرێکی تیغ لە جۆری مشار دۆزرایەوە، تەرمی منداڵه‌کەش گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەریی ڕانیە و لێکۆڵینەوەى زیاتریش دەستى پێ کردووە”.