سەرۆكی فەرمانگە و میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، زیاتر 80%ی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە، ئەوەیش لە چوارچێوەی زۆرینەی بەڵێنەكان بوو.

ئەمڕۆ دووشەم 10ـی تەمووز، لە ژێر دروشمی “كوردستانێكی بەهێزتر” بۆ یادی چوار ساڵەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئیڤێنتێكی ڕێكخستووە.

 جووتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ئیڤێنتەكەدا گوتەیەكی پێشكەش كرد و ڕای گەیاند، دەتوانین بە بەڵگەوە بڵێین زیاتر 80%ی كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە، زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەم نووسرابوون، بە بەڵگەوە بەدی هاتوون.

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕای گەیاند، ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە دامەزرێنرا، یاسای چاكسازی تەشریع كرا بۆ ڕێكخستنی دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان، هەروەها سێ ڕاپۆرت لەمبارەیەوە بۆ پەرلەمان بەرز كراوەتەوە.

باسی لەوەش كرد، كاراكردنەوەی پۆرتاڵی خزمەت بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین، هەروەها بە ئەلیكترۆنیكردنی زیاتر لە 28 خزمەتگوزاری، یەكێكی تر بوو لە كارەكانی كابینەی نۆیەم.

ئەوەشی خستووەتەڕوو كە سەرجەم بەرپرسانی باڵای حكوومەت فۆرمی ئاشكراكردنی بەرژەوەندییە داراییەكانیان پڕ كردووەتەوە، هەروەها لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی، چەندان پڕۆژەیاسای پێشنیار كرد و پەسند كران و دواتر تەشریع كران.

” كابینەی نۆ 100 هەزار هەلی كاری ڕەخساندووە، جگە لەو هەلی كارە ڕاستەوخۆیانە، دەیان هەزار هەلی كاری تری ناڕاستەوخۆش ڕەخسێنراون”، جووتیار عادل وای گوت.

ئەمڕۆ 10ـی تەمووز، چوار ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت.