
هەمزە سەرحان:
هونەرمەندی گۆرانیبێژ بەهجەت یەحیا، لەدوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی بەفری زەمانە، كە بۆ تاڵە مووە سپیەكانی خۆی چڕی بووی و گوزارشتی لە پاییزە تەمەنی خۆی دەكرد، ئێستا لە ڤینۆ ستۆدیۆ سەرقاڵی تۆماركردنی بەرهەمێكی نوێیە.بەرهەمە نوێیەكەی بەهجەت یەحیا بە ناوی “كەشێكی رۆحانی”ـە، كە لە تێكست و ئاوازی خۆیەتی و دابەشكردن و موزیكی ئارام سەردارە.هونەرمەند بەهجەت یەحیا لەمبارەیەوە راگەیاند، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر گۆرانییەكی نوێی من دەگوترێت ئەمە دوا بەرهەمە كە كاری بۆ بكەم و جارێكی دیكە ناتوانم گۆرانی بڵێم، بەڵام لێرەوە رایدەگەیەنم خۆشەویستی هەوادارانم وەك كانییەكی سازگار دەڕژێتە ناخمەوە و ناهێڵێت ببم بە بیابانێكی وشك و دەست لە هونەرەكەم هەڵگرم و ناهێڵێت لە كونجێكی ئەم دنیا لە تێنوویەتی دا بخنكێت.گوتیشی: وشە جوانەكان و خۆشەویستی هەوادارەكانم باڵی پێبەخشیووم و بە ناو ئەندێشەدا دەفڕم، تا بتوانم ئەوین و جوانی پێكەوە بهۆنمەوە و بیكەم بە ئاواز و گۆرانی تازە.ئەو هونەرمەندە دەشڵێت: كەشێكی رۆحانی، دەبێتە نوێترین بەرهەمی من لەم هاوینەدا و دوای تۆماركردنی بەرهەمەكە، بەشێوەی ڤیدیۆ-كلیپ لە كەناڵە ئاسمانییەكان بڵاودەبێتەوە، هەرچەندە ئەو گۆرانیە لەسەر مەقامی سێگایە، بەڵام ئارام سەردار توانیویەتی بەشێوەیەكی زانستی دابەشكردنی هارمۆنی بۆ بكات.