دەخیل و سامیا بەهۆی جینۆسایدی شنگال بۆ ماوەی 9 ساڵ لەیەکتر دابڕابوون، ئێستا کە گەڕاونەتەوە لای یەکتر، سەرۆکی حکوومەت یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێ بەخشین.

ئەمشەو چوارشەممە 05ـی 07ـی 2023 پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەخیل و سامیا، ئەو هاوژینەی کە وەک نوێنەری ئێزیدییەکان بەشداریی گفتوگۆی “سەرۆکوەزیران و خەڵک”ـیان کرد، وەک دیاریی زەماوەندەکەیان و بەرامبەر بە وەفا و خۆشەویستییان بۆ یەکتر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێ بەخشین.

جێی باسە، سامیا و دەخیل خەڵکی شنگالن و هاوژینی یەکدی بوون، بەڵام بەهۆی جینۆسایدی شنگال لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014ـەوە سامیا ڕفێنرا و دوای 9 ساڵ ئازاد کرا و گەڕایەوە لای دەخیل حەسەنی هاوژینی و دووبارە زەماوەندیان کردەوە.