كەریم سمكۆ
زۆرجار قەبارەی كتێبەكان ترسێكت لا دروست دەكات بۆ دەستپێكردن، بەڵام بەپێچەوانەوە كە رۆمانی كۆبانیی جان دۆستم كردە هاودەمی شەوان و ئاوێتەی خەیاڵم بوو، ئیدی وەك دەنكە گەنمی نێو كۆلی ئاش كە بەدوای یەكەوە دەكەونە ناو بەرداش، نەمتوانی رایانبگرم، بەش لەدوای بەشی وای لێ كردم دەستی لێ هەڵنەگرم تا تینویەتیم دەشكێت و دەگەمە دێڕی كۆتایی. بەڵام راستیتان دەوێت من بەوەش تینویەتیم نەشكا، چونكە لەجیاتی ئەوەی سۆزدارانە فرمێسكی گەرم بۆ چیرۆكی حەمزراڤی مهاجیر و حاجی موسلیمی چوار ژن و بارانی ناخ جوان و رەوشەنی چواردە ساڵانی لە چەكەكەی بچووكتر و ئاوارەیی و پەرتەوازەیی ماڵباتەكەیان برێژم، لە كرۆكی چیرۆكەكان وردبوومەوە و هەمدیسان دەستم پێ كردەوە.

قوبادی جەلیزادە دەڵێت: ئەو كتێبانەی دووجار دەخوێندرێنەوە، ئەوانەن كە هەم رووخسارێكی ناوازە لەخۆ دەگرن، كە خۆی لە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ زمان و موفرەدە و دەستەواژە دەبینێتەوە و هەم لە ناوەرۆكێكی گەرم و گوڕ، كە رووداوەكان كارامە بەدوای یەكدا گرێ دەدات، كە خوێنەر وەك كاراكتەرێكی سەرەكی خۆی لەناویان دەدۆزێتەوە.

رۆمانی پڕچێژی كۆبانی لە نووسینی (جان دۆست) رۆماننووسی كورد و لە وەرگێڕانی (وریا غەفووری)، بە قەبارەی 572 لاپەڕە، بەلای منەوە شاكارێكی مەزنی نێو رۆمانی كوردییە، وەك چۆن رۆماننووسە جیهانییەكان خاوەنی شاكاری مەزنن، بەهەمان شێوە رۆمانی كۆبانیش كە هەڵگری مێژوویەكی نەمری گەلی كوردە و باس لە نەتەوەیەكی چەوساوە، لەهەمان كاتیشدا كۆڵنەدەر و قارەمان دەكات، داستانێكی باڵایە و دیرۆكێكی مەزن دەگێڕێتەوە.

رۆمانەكە دەچێتە چوارچێوەی رۆمانی مێژوویی و باس لە گۆڕانكارییە سیاسییەكان، هەر لە شۆرشی شێخ سەعیدی پیران بگرە، تا دەستپێكی بەهاری عەرەبی و دروستبوونی جەبهەتولنوسڕە و هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریا و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكات و پەیوەست بەمەش قۆناغە جیاجیاكانی گەلی كورد و تایبەتتر خەباتی سیاسی كانتۆنی ناوچەكە هەڵاوێر دەكات، رووداوەكانی ناو رۆمانەكە زیاتر لە شاری كۆبانیی رۆژئاوای كوردستان روودەدەن.

بنەماڵەیەكی هیلاك
رۆمانەكە پاڵەوانی نییە، بەڵام بنەماڵەی موسلیمی حەمزراڤی مهاجیر، بەشی سەرەكی چیرۆكەكانی رۆمانەكە پێكدەهێنن، ئەندامانی ئەو ماڵباتە بەشدارییەكی كارایان هەیە لە هەموو جموجۆڵ و چاڵاكییە زیندووەكاندا، هەر لە بواری ئایینیدا بگرە، تا هونەر و كولتوور و چاڵاكی مەدەنی و شۆرشگێری و بەتایبەتیش دوو لاوی ئەم ماڵباتە لە تەمەنی هەرزەكاریدا بیری شۆڕشگێڕی و سیاسەت و بەرخۆدان دەچێتە زهنیانەوە و لەكاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ ناوچەكە هاوشانی شەڕڤانان بەرگری لە شارەكەیان دەكەن.

لەم نووسینەمدا راشكاوانە بیڵێم ئەوەندەی مەبەستمە لەسەر تێڕوانین لە چیرۆكەكانەوە بنووسم، ئەوەندە بەلامەوە گرنگ نییە خودی چیرۆكی نێو رۆمانەكە دووبارە بكەمەوە و پەسنی بكەم و پێیان هەڵبڵێم، خوێنەر ئەگەر ئاگادار نەبێت، بێئاگاییانە فرمێسك بۆ كارەساتی چیرۆكەكان دەڕێژێت و ئەگەر بە وردی بیری لێ نەكاتەوە، سۆزدارانە دەكەوێتە هەڵە و لەكاتی دەركەوتنی مەتین لە جێپە شڕەكەیدا و هاوار هاواری دایكی بۆی، مووچڕكە بە لەشیدا دێت!

ماڵباتێك بە هەموو ئەندامانییەوە ئەوەندە پەرش و بڵاوبوون، جگە لە قوربانیدانی خاوەن ماڵ و هیلاكی و شەونخوونی و مژوولبوون بە كاسبی و پەروەردەی منداڵەكانییەوە، هۆكارگەلی دیكەی لە پشتەوەیە، زۆرجار خودی مێژووییبوونی رۆمانەكە و گێڕانەوەی چیرۆكە كاریگەرەكان وادەكات سەروەری بۆ سەردەم بگەڕێتەوە، بەپێچەوانەشەوە. رەنگە سەردەم هۆكاری هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەكان بێت، نەك خودی مرۆڤەكان. بۆیە مەرج نییە چیرۆكەكان وەك ئەوە وابن كە لە رۆمانەكاندا گوزارشتی لێ دەكرێت، بەڵكو تێڕوانینێكی دیكە خۆی لە پشتەوە حەشارداوە، ئەگەر بە وردی و بە بیركردنەوەیەكی فراوانەوە نەیخوێنیتەوە، لێی تێناگەی. هەر بۆیە میلان كۆندێرا، سەبارەت بە رۆمانی مێژوویی دەڵێت: نووسینەوەی مێژوو سەروەری لەگەڵ مێژووی كۆمەڵگادا هەیە، نەك مێژووی مرۆڤ، لەبەر ئەوە ئەو پێشهاتە مێژووییانەی لە رۆمانەكاندا دەردەكەون، زۆرجار لەلایەن خودی مێژوونووسانەوە نابیندرێن. بەپێچەوانەشەوە دروستە.

مێژوو هەندێكجار بە رووكەش دەگێڕدرێتەوە، ئەو نووسەرەی بە گێڕانەوەی هەڵدەستێ هەمیشە ناچێتە بنج و بنەوانییەوە. وەك چۆن جان لە وتووێژێكدا سەبارەت بەم پرسە دەڵێت: دیوێکی مێژووی ئێمە هەیە شاراوەیە. دەمەوێ ئەم دیوە شاراوەیە بێنمە بەر چاوان. مێژوو کانییەکە کە سەر دەکات و دەبێتە ڕووبارێکی بەهێز. من هەوڵ دەدەم خۆم بگەیەنمە سەروچاوە و بنجەکەی بۆ ئەوەی بزانم ئەوە چ ڕووبارێکە بەژێر قاچەکانی ئێمەدا دەڕوات؟ دەشڵێت: مێژووی کوردی بە هۆشێکی کراوە و ڕەخنەگرانەوە نەخوێندراوەتەوە. ئێمە بەردەوام مێژووی خۆمان وەک ڕووداوێکی پیرۆز خوێندوەتەوە، خوێندنەوەی ئێمە بۆ مێژوو خوێندنەوەیەکی ڕووکەشە، بە قووڵدا نەچووین. ئێمە پرسگەلی مەزن ناکەین.

كەسایەتی لاواز لە زهنی مەتین
لە كۆبانیدا، دوو جۆر كەسایەتی خوڵقاوە، یاخود رۆژگاری نێو رۆمانی كۆبانی دوو جۆر كەسایەتی دروستكردووە، ئینجا ئەوە هێزی دەسەڵات بێت، یاخود گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەكان، یاخود كاریگەری بنەماڵەیی.. ئەم دوو جۆر كەسایەتییە لە هەڵسوكەوتی لەوەند و مەتین بەدیار دەكەوێت. چۆن؟
مەتین (هەڤاڵ جودی) لە تەمەنی پازدە ساڵی و لەوكاتەی هێشتا تەنانەت سمێڵی گووگرەش نەبووە، زوو زوو خۆی لە دوكانەكەی باوكی دەدزێتەوە و لەناو شاردا بەردەوام لەگەڵ هاوڕێكەی بەشداری كۆبوونەوە نهێنییەكان دەبێ و بیری شۆڕشگێڕی لە دەروون و ناخیدا چەكەرە دەكات، تا دواتر دەبێتە شەرڤان و لەناو ریزەكانی گەریلا خزمەت دەكات و بەبێ ئەوەی بیر لە تەمەن و بیركردنەوە و جێهێشتنی خێزانەكەی بكاتەوە، بە تەمەنێكی هەرزەكارانە، بەڵام بە وێنای پیاوی گەورە چەك هەڵدەگرێت و خاكی خۆی لە دوژمنان دەپارێزێت.

هەڤاڵ جودی ئەوەندە شۆڕشگێڕ و چاونەترس و قارەمان و عەگیدە، هەموو ماڵباتەكەی دەكاتە وەسیلە بۆ ئەوەی نیشتیمان لە پێشەوە بێت، هەمیشە بیری لەو رستانە دەكردەوە كە لە تەمەنی هەرزەكاریدا لە پەروەردەدا بەگوێیدا چرپێندرابوون : (هێز و توانای گەریلا لە سەركوتكردنی هەستە لاوازەكاندایە، تۆ بیری ماڵ و ماڵباتەكەت بكەیت، لاوازیت).

جودی هەموو كاتێك هۆش و بیری لای ئەو وتانە بوون كە وانەبێژ و راهێنەر و سەركردەكانیان لە خولی پەروەردەدا پێیان دەگووتن كە نابێت بیری ژیان و خێزان و ماڵباتەكەت واتلێبكات لاواز دەركەویت، لەكاتی بینینی دایك و باوك و خوشك و براكانیشی هەمیشە وەك سیاسیی و شۆڕشگێڕێكی مەزن قسەی گەورەی دەكرد و دوای حەوت ساڵان ونبوون و بێ هەواڵی، كاتێك یەكەم كاسێتی دەنگی دەگاتەوە لای دایك و باوكی دەڵێت: من خۆم بە ئیرادەی خۆم، خۆم لە بەندی خێزان، كە بنچینەی لە فیۆداڵیزمدایە، رزگار كرد. كێشەی گەورە ئەوەیە، كە مرۆڤ سەرەتا لە دژی گرێدراوبوون بە خێزانەوە رادەوەستێ، چونكە خێزان گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەریلایە.

دایكیشی بەدەم گوێگرتن لە كاسێتەكەی و فرمێسك رشتنەوە دەیگوت: رۆڵەم تۆ بستێك منداڵی، تۆ كەی هی ئەم قسانەی! ئاخر تەمەنی تۆ و ئەو قسانەیان نەگوتووە، چیت داوە لە قسەیەك كە بۆ ئێمە زەحمەتە بە ئاسانی لێی تێبگەین، دە شتێك بڵێ لێی حاڵی بین! مەتین بە دەنگێكی تیژ، بە بیروبڕوایەكی یەقین درێژە دەدات: هەندێك پێیان وایە خۆشەویستی واتا خۆشەویستی نێوان نێر و مێ، بەڵام لە راستیدا ئەمە دەستەواژەیەكی هەڵەیە! بە گوێرەی فەلسەفەی سەرۆكایەتی، شتێكی وەها دەتوانێ هەڵگری مەترسی بێت، خۆشەویستی راست وڵاتە، كە تۆ نەتوانی حەز لە وڵاتەكەت بكەیت و خوێنی خۆتی بۆ بڕێژی و گیانی خۆتی بۆ فیدا بكەیت، چۆن دەتوانی حەز لە ژنێك/ پیاوێك بكەیت!

راستە بۆ مەتینی تازە پێگەیشتوو وانەی فەلسەفە و تەنانەت شێوازەكانی شەڕ و مەشقی سەربازی و ژیانی چیا، كەمێك زەحمەت بوو، بەڵام ئەو وەك پەڕێكی سووكەڵە هەرگیز خۆی وا ئازاد نەدیتبوو. لە قەید و بەندی ماڵباتی، گوندییەتی، عەشیرەتی، ئایینی و هەموو ئەو بەندانەی كە مرۆڤ لەژێر باریاندا ناتونێ سەر هەڵێنێ، ئیدی رزگاری ببوو.

لادان لە خەتی شۆڕش
(شەرەف، نامووس، سەربڵندی لەم چیایانەدایە، لە شاردا مرۆڤ تایبەتمەندی شەڕڤانی و گەریلایەتی ون دەكات) ئیدی كە بیری لەم وتانەی سەركردەكەی دەكردەوە، خوێنگەرمانە دەبووە پاڵەوانی رۆژگار و دەیویست هەرچی زووە سەركەوتن دوای سەركەوتنەكان تۆمار بكات و ببێتە قارەمانی شەڕ و نەبەردی و شۆڕشگێڕی سەردەم.

هەڤاڵ جودی كە لە ریزەكانی پەكەكەدایە، لە تەواوی گوفت و قسەكانیدا بێ كەم و زیاد بیرۆكە و ئامانج و ستراتیژییەتی حزبەكەی جێبەجێ دەكات و هەموودەم دووپاتی دەكاتەوە كە دەبێت هەموو شت لە خزمەتی ئامانجەكانی حزبدا بێت، بەڵكو تاك بۆی نییە ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن بڕیار و سەربەست بێت، واتا بەدەر لە بۆچوونی حزبی، نابێت ئەندامان و تاكەكانی كۆمەڵگا هیچ چەشنە بیركردنەوە و تێڕامانێكیان هەبێت بۆ پرسە جیاوازەكان، بەتایبەتی پرسی خێزانداری و ژیانی ماڵبات و هەتا لێكنزیكبوونەوە و هاوكاری و یارمەتی تاكەكانی خێزان لەكاتی شەڕ و ناخۆشییەكانیشدا، ئەگەر بە بڕیاری حزب نەبێت.

دوای ئەوەی مەتین بە خێزانەكەی شاد بوویەوە، شەڕ گەیشتبووە نێو سەنتەری كۆبانی، یەكەم ساتی بینینی دایك و باوكی دوای هەشت ساڵ، خەریكبووە بكەوێتە بەر رێژنەی میهرەبانی هەنسكەكانی دایكی، لەگەڵ لەئامێزگرتن و رامووسان و فرمێسكی دایكی، ئەم دیمەنە بۆ مەتینی گەریلا زۆر گونجاو نەبوو، چونكە لە پەروەردەدا لە مێشكی چەسپێندرابوو: گریان لاوازییە، فرمێسك هێمای بێچارەییە، گرێدانی زۆر بە دایك و باوكەوە لادانە لە خەتی شۆڕش، مەتین لەگەڵ یەكەم بینینی دایك و باوكی، كەمێك نیگەرانی بە روخسارەوە دیار بوو، بەڵام هەر زوو دڵی زرینگایەوە و گووتی: دایكە! باوكە! ئێستا كاتی گریان نییە، رۆژ رۆژی شەڕە. رۆژی شەڕەف و نامووسە.

باوكیشی كە سەری لەبەر هەتاو سپی نەكردبوو، سەری هەڵێنا و گووتی: رۆژی سووكایەتی و ریسوابوون و ئاوارەییشە كوڕم! لەوكاتەدا چۆڵكردن و جێهێشتنی نزیك بە چوار سەد گوند بۆ تیرۆریستانی داعش و شەڕ هێنانە ناو سەنتەری كۆبانی، وەك فیلمێكی سینەمایی، بەڵام پڕ لە تاكتیك دەهاتە بەردەم چاوی باوكی مەتین! لەپڕ دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لە نزیك مزگەوتی گەڕەكی سەیدا، خێراتری كردن بۆ ئەوەی شارەكەیان هەرچی زووترە چۆڵ بكەن و هەڵێن! لێرەدا بۆچوونێك دێتەپێش.. ئایا پرەنسیپی حزبی لەپێناو ژیانی تاك و كۆمەڵگایە؟ یاخود لەپێناو خودی حزبایەتی و پەروەردەی حزبییە؟ لێرە بە روونی بۆمان دیاری دەكات. واتا حزب لە خزمەتی ژیان، یان ژیان لە خزمەتی ئەجێندای حزب، ئەم دوو لایەنە بە روونی لە رۆمانی كۆبانیدا بەرجەستە دەبێت.

لەوەند برای هەڤاڵ جودی كە ناوی لەوەندە، ئەویش هەر زوو لە تەمەنێكی كەم لە شارەكەیاندا بەشداری (موزاهەرە)كان دەبێت دژ بە رژێمی ئیستیخباراتی سووری، ئیدی دوای ئەوەی گۆڕانكارییە سیاسییەكان روودەدەن و ناوچەكەیان ئازاد دەكرێت، بەلای ئەوەوە سەردەمێكی دیكە سەرهەڵدەدات كە جیاوازی نییە لەگەڵ پێشتر، چونكە هاوڕێی منداڵی و گیانی بە گیانی (وڵات حسیی) ئەو كاتەی بە دەستی برا كوردەكانی خۆی و هاوزمانی خەڵتانی خوێن دەكرێت و شەهید دەبێت، ئیدی چاوی هیچ نابینێت، جگە لەوەی بڕیاری جێ هێشتنی وڵاتەكەی، ئەو خاكەی هەموو یادگارییەكی تێدا تۆمار كردووە، بدات.

دوا چركەساتەكانی لەژێر دارەمەیتی وڵاتی جوانەمەرگ بە دەستی لەچك رەشەكانی هاوشارییانی دەستەڵاتبەدەست بەسەر دەبات و ئیدی لە موسلیمی باوكی بەڵێن وەردەگرێت بەهەرجۆرێك بێت خاكەكەی جێبێڵێ، لە ئێوارەیەكدا وەك زۆربەی گەنجانی دیكەی هاوڕێی، سنوور دەرباز دەكات و خۆی دەگەیەنێتە هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە ئەكادیمیایەكی ئەڵمانی پسپۆڕی مێدیا تەواو دەكات، ئیدی وەكخۆی دەڵێت: من بۆ ئەوە نەخوڵقاوم لە راگەیاندن شڕۆڤە بكەم و كاری مەیدانی بكەم، بەڵكو هاتووم لە پێشەوەی خۆپیشاندەرەكان دروشم بدەم، سینگم دەرپەڕێنم و خوێن بۆ نیشتیمانەكەم بڕێژم، بۆیە دەبێتە پێشمەرگەیەكی گیانفیدا و دەچێتە بەرەكانی جەنگ لە شنگال، هەردووكیان (مەتین و لەوەند) لە بەرەی دژ بە بەربەریەت و تاریكپەرستان دەجەنگن، پێكەوە بەو نیازەی كۆمەڵگە لە تاریكبینی رزگار بكەن و ئاسمان لە هەوری رەش دابماڵن، بەڵام بیركردنەوەی سەپێندراو هەر یەكەیانی بە توولەرێگایەدا بردووە، كە خۆییشیان نازانن چۆن تەواوی دەكەن و بە چ داهاتوویەك دەگەن و چی چاوەڕوانیان دەكات.

لەوەند بە دووری سەدان كیلۆمەتر لە ماڵباتەكەی لە شنگالەوە لە ریزەكانی پێشمەرگە خەبات دەكات، رۆژ و شەو لەناو تەپ و تۆزی شەڕی دژ بە داعش ژیانی پڕە لە قارەمانی، هەر بەو نیازەی نەهێڵێت چەپۆكی رەشی تیرۆریستان لە بەرۆكی خاك گیر بێت، بەڵام هەمیشە بە تەلەفوون پەیوەندی بە ماڵباتەكەی دەكات و لە نزیكەوە گوێی لە هەموو وردەكارییەكانی ئەندامانی ماڵەوەیانە، دەزانێ رەوشەن بەم تەمەنە بچووكەیەوە پەڕۆیەكی رەنگاورەنگی لە نێوچەوانی بەستووە و لە ریزی شەڕڤانان بەو چەكەی لەخۆی گەورەترە، بە دڵێكی بێگەردەوە پارێزگاری لە نامووس و شەڕەفی وڵاتەكەی دەكات و سات بە سات لە كوێیە و محەمەد ساڵح چی دەكات و باران چۆن لەگەڵ باغڵەمەكەی بیرۆكە جوانیناسییەكانی دەكاتە تابلۆ..

دوورێكی نزیك
لەوەند لە دوورەوە پەیوەستە بە ژیانی خێزان و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و لەلایەكی دیكەیشەوە خزمەت دەكات و هەستی نیشتیمانپەروەری هەیە و خاكەكەی دەپارێزێت، ئەو هیچ جیاوازی ناكات لەوەی لە رۆژئاوا بێت یان لە شنگال، بەڵكو لە قسەكانیدا دەردەكەوێت كە لە شنگال خاك دەپارێزێت، هەمیشە دڵی بۆ كۆبانی تەنگ دەبێت و دەڵێت: چۆن دەبێ سەركردەكەمان بڕیار نەدات من بچمەوە كۆبانی و لەوێ ماڵباتەكەم لە چنگ تیرۆریستانی تاریكپەرست رزگار بكەم، ئاخر ئەوان ئێستا پێویستییان بە منە، من كون و كەلەبەرەكانی كۆبانی شارەزام و دەزانم چۆن لەوێ بەرگری لە نامووس و كۆمەڵگاكەم دەكەم.

زۆر گەنجی دیكەی وەك لەوەند، بەهۆی ترسی دەسەڵاتی كوردی كۆبانێیان جێهێشت، یەكێك لەوانە ئیبراهیمی هاوسەری خەدیجە بوو، دوای ئەوەی سێ لە خزمە نزیكەكانی لە گوندی تلغەزالی سەر بە كۆبانی لەناو پیكابێكدا خەڵتانی خوێن كران بە دەستی كوردە دەستەڵاتدارەكان، ئەویش بە ناچاری لەگەڵ خێزان و كوڕەكەی كۆبانێیان جێهێشت و بەنیازی گەیشتن بە بەهەشتی ئەوروپا، شەپۆلە بێبەزەییەكانی ئیجە بوونە ئیزڕائیلی خۆی و كوڕە ساواكەی، خەدیجەی هاوسەریشی بەبێ هۆشی لەلایەن كارمەندانی خاچی سووری ئەڵمانی گەیەندرایە نەخۆشخانەیەكی دۆسەڵدۆرف. لەوەندیش هاوشێوەی سەدان گەنجی وا، خۆی لە شنگال دۆزییەوە، بەڵام بە بیرنەچوونی یادەوەرییەكانی منداڵی لەگەڵ وڵات حسیی هاوڕێی.

دۆزینەوەی لایەنە نەناسراوەكانی ژیان
بەڕای زۆرێك لە نووسەرە جیهانییەكان، ئەگەر رۆمان پەی بە نهێنییەك نەبات لەو كۆمەڵگایەو جوگرافیایەی رووداوەكانی تێدا روودەدەن، ناچێتە چوارچێوەی رۆمانێكی نەمر، هێرمان برۆخ لەمبارەیەوە دەڵێت: تاقە پاساوی بوونی رۆمانێك لەوەدایە كە لایەنی نەناسراوی ژیان بدۆزێتەوە، نەك تەنیا هەر ئەوەندە، بەڵكو لایەنێك كە تەنیا رۆمان دەتوانێ بیدۆزێتەوە، رۆمانێك تا ئێستا بوارێكی نەناسراوی بوون نەدۆزێتەوە، بێ مۆڕاڵە. ئیدی مەعریفە تاكە مۆڕاڵی رۆمانە.

لەوەند راستە دوورە لە خێزانەكەی، بەڵام تێكۆشانی كردۆتە بنەما بۆ ئەوەی دواجار ژیان بەبەر كۆمەڵگا بێنێتەوە، بەرخۆدان دەكات بۆ ئەوەی ژیان جوان بكات، لە ماڵباتەكەی دانەبڕێ، خۆشەویستی بكاتە هەوێنی نزیكبوونەوە و میهرەبانی نێوان ئەندامانی ماڵەوە، ئەوەندە پەیوەستە بە تەبایی و رای ماڵەكەی، جۆرێك لە بونیاتنان و ژیان و دەستپێكی دونیامان بۆ گوزارشت دەكات، بە پێچەوانەی مەتین كە هەمیشە ئایدۆلۆژیای حزبی لەسەرووی قسەی بنەماڵەكەی دادەنا.

نزیكێكی دوور
هەڤاڵ جودی لە نزیكترین خاڵ لە ماڵەوە نزیكە و ئەگەر جار جارە لەگەڵ شەڕڤانە هاوڕێكانی بەسەر ماڵەوە هەڵگەڕێ و بزانێ خێزانەكەی لە چ دۆخێكدان، ئەگینا زیاتر مەیلی لەوەیە شۆڕشگێرانە بجەنگێت و زهنی بەوە شۆردراوە كە (فرمێسك، خۆشەویستی ماڵ) مرۆڤ لەرزۆك دەكات و لاوازی دەكات، ئەمە بەلای ئەو، یاسایەكی نەگۆڕە، بۆ ئەوەی بەردەوام بەرخۆدان بكات و پرەنسیپی پارتەكەی سەربخات، پەیوەندی كۆمەڵایەتی و هاوسۆزی و میهرەبانی بەلای ئەوەوە كەسایەتی لاوازە و نابێت بیری لێ بكرێتەوە، ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت: حزب لە خزمەت ژیان، یان ژیان لە خزمەت حزب؟

دوای جێهێشتنی ماڵ و خێزان، هەردوو كەسایەتی لە جەنگی دژ بە تیرۆر شەهید دەبن، بەڵام لەوەند لە شنگال لەكاتی سەرەمەرگدا لەپشتەوەی مێكزەمینەكەدا پارچەیەك دڵی لای ئەو گردەیە كە لەگەڵ برا پێشمەرگەكانیدا هێرشی بۆ برد و بەو نیازەی رزگاری بكات، لایەكی دیكەی دڵی لەلای ئەوەیە هەواڵی شەهید بوونی بە خێزانەكەی نەگوترێت، چونكە ماڵبات بۆ ئەو، ئێشە، رۆحی تێدا ئازار دەدرێت. كەچی مەتین لەناو تەپ و تۆزی ئەو جەنگەی بە سیاسەت گەیەندرایە ناو كۆبانی، خوێنی ئەویش لە تەقینەوەیەكی خۆكوژی دەڕژێت و لەگەڵ وانەكانی پەروەردەدا دەبێتە لاشەیەكی سارد.

سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
• رۆمانی كۆبانی، جان دۆست، وەرگێڕانی: وریا غەفووری.
• ئەو رۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو، هەڤاڵ كوێستانی، چاپی چوارەم.
• هونەری رۆمان، میلان كۆندێرا، وەرگێڕانی: كەریم پەڕەنگ.
• وتووێژێك لەگەڵ جان دۆست: شیعریەتم لە مەیدانێكەوە هێناوەتە مەیدانێكیتر.. ماڵپەڕی ژنەفتن.