نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی ڕابردوو (مانگی 6) كەمترینی نۆ هەزار و 750 دینارە و بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەكات.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 6ی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك كەمترینی نۆ هەزار و 750 دینارە و زۆرترینیشی 12 هەزار دینارە.”
ئاماژەی بەوەش دا: ”بەتێكڕا مۆلیدەكان 275 كاتژمێر كارەبایان داوە.”
بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، بۆ هەر ئەمپێرێك لە نێوان دوو هەزار و 750 دینار بۆ حەوت هەزار و 500 دینار بوو، مانگی 5، ئەمپێرێک كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە نێوان چوار هەزار و 750 دینار بۆ شەش هەزار و 750 دینار بوو.
لەبارەی زیادبوونی پارەی سەر هاووڵاتییان لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ئاشکرای کرد: ”بەهۆی ئەوەی مۆڵیدەكان كارەبای زیاتریان داوە، بۆیە ئەو مانگە پارەی كارەبای مۆلیدە زیاتر بووە، بۆ نموونە، مانگی پێنج بەگشتی مۆلیدەكان 90 بۆ 150 كاتژمێر كارەبای دابوو، بەڵام مانگی 6 سەرووی 275 كاتژمێر كارەبایان داوە.”