یاسای گشتیی بودجەی ساڵانی 2023، 2024، 2025ـی عێراق لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاو کرایەوە، بەپێی ئەمەش بەفەرمی یاسایەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی 06ـی 2023 ژمارە 4726ـی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاو کرایەوە، لەو ژمارەیەدا یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2023 بڵاوکراوەتەوە، کە پێکهاتووە لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025.

ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ڕۆژنامەی فەرمی عێراقە و وەزارەتی دادی عێراق دەریدەکات، دوای بڵاوکردنەوەی هەر یاسایەک لە ڕۆژنامەکەدا، ئەو یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەرەبەیانی 12ـی 06ـی 2023، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجەی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پەسەند کرد و دوای لابردنی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەکی دیکە.

یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێنراوە، هەروەها پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە 12.67% دانراوە.