خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- شەیما حەمدەڵڵا ئەوڕەحمان خاوەنی پڕۆژەی كارگی(قارچك) سروشتی بازیان، لە دایكبووی ساڵی 1998 لە گەڕەكی شێخ فەتاحی شاری سلێمانییە ، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئەیوبیە تەواو كردووە ، بە هۆی بارودۆخی ژیانەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ (بازیان) هەر لەو كاتەوە خولیای بۆ كشتوكاڵ و ژینگە تێدا دروستبووە ، بۆتە یەكێك لە خەونە هەمیشەییەكانی ،شەیما .. درێژەی داوە بە تەواو كردنی قۆناغی خوێندنی ناوەندی و دوا ناوەندی لە بازیان ، لەبەر حەز و خولیای بۆ بواری كشتوكاڵ دەچێتە بەشێكی زانستی كشتوكاڵ ناسراو بە بەشی كشتوكاڵی داپۆشراو ، بە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی قوتابخانەكەی بڕوانامەی دبلوم لە پەیمانگای تەكنیكی بەكرەجۆ بە ناونیشانی ڕابەر و ڕاوێژكاری كشتوكاڵی بەدەستدەهێنێ.
شەیما لە پرسیارێكی (خەبات) دا سەبارەت بە پرۆژەی كارگی سروشتی بازیان گوتی: بیركردنەوە لە دروستكردنی پڕۆژەی كارگی( قارچكی ) سروشتی بازیان لە كاتی قوتابیەتیمدا و لە كاتی گەڕاندا بۆ ئامادە كردنی بابەتی سیمینار و ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خوێندنم لە قۆناغی دووەمی پەیمانگادا بە هۆی بابەتەكان كە پەیوەندی بە قارچكەوە هەبوو لەگەڵ حەز و خولیای خۆم ڕاستەوخۆ بیرۆكەی دروستكردنی پڕۆژەی كارگی پێبەخشیم ، دوای دەستكەوتنی پێداویستەكانی و تاقیكردنەوەی بۆمدەركەوت پڕۆژەیەكی بەرهەمدار و داهاتی باشە ، بۆیە بڕیارم دا بە تەواوی بیكەمە پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی خۆ بژێووی سەربەخۆ كە لە ساڵی 2019 تاوەكوو ئێستا تێیدا بەردەوامم و دایك و باوكم هەستیان بە خولیا و تواناكانم كرد و هاوڕا بوون لەگەڵم، بۆیە بڕیاریاندا بەشی خوارەوەی خانووەكەمانم پێ ببەخشن و هاوكارم بن لەسەركەوتنی پڕۆژەكەدا.
شەیما خان سەبارەت بە بەرهەمی پڕۆژەكە گوتی: بەرهەمەكانی پڕۆژەكەمان پێكدێ لە (قارچكی تازە ، قارچكی وشككراو ، سپۆنی قارچك ، كیسەی ئامادەكراو بۆ پڕۆژە بە پێی داخوازی ) پاش ئامادە بوونیان بۆ هەموو شار و ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی دەنێرین بە پێی داخوازی لەسەری بە مەبەستی فرۆشتن ، بەرهەمەكەمان %100 پاك و سروشتییە هیچ جۆرە پەیین و دەرمانێكی كشتوكاڵی لەبەرهەمهێنانیدا بەكارناهێنین لەبەر ئەمەشە لەلایەن هاوڵاتیانەوە خواستێكی باشی لەسەرە.










