خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- هونەرمەندی ناسراوی بواری دراماو شانۆی كوردی عەلی كەریم لە دایكبووی شاری كەركووكە و لەهاوینی ساڵی 1968وە دەستی كردووە بە كاری هونەری،یەكەم بەرهەمیش كەبەشداریكردووە،شانۆگەری (پارەی دەرمانەكە)یە كەلەنووسینی هونەرمەندی گەورەی عێراق (یوسف العانی) و دەرهێنانی هونەرمەند (ئەنوەر محەمەد ڕەمەزان) بوو،جگە لەكاری شانۆی و تەلەفزیۆنی لە بواری نووسینیشدا، هونەرمەند عەلی كەریم بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا وتارو لێكۆڵینەوە سەبارەت بە شانۆ و ئەزموونە شانۆییەكان دەنووسێت، تائێستا پێنج كتێبی بە چاپگەیاندوە، دواكتێبی بەناوی (نواندن لە سینەمادا) لەژێرچاپدایە.
بەڕێزیان لەودیدارەیدا بۆ خەبات گووتی: لە حەفتاكانەوە دەنووسم و بەشداری لە شانۆ و دراماكان دەكەم لەوانە ( كچەلاڵەكە ، بەهاری دزراو، مەرەزە، ژاڵە ، خۆر نەوەزان ، گەردەلوول ، خەمی چۆلەكەكان …. زۆرانی تر ) هەروەها هونەرمەند لەبواری خوێندنەوەو نووسیندا دەڵێت : لەبواری نووسیندا بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی وتارو لێكۆڵینەوەی شانۆییم بڵاوكردۆتەوە و چەند كتیبی شانۆیی و فلیمسازیم بەچاپگەیاندووە لەوانە: مەرگی (سۆشاب ئەزموونی شانۆیی و نواندنی سینەما).
هونەرمەند عەلی كەریم سەبارەت بەهاوكار و یارمەتیدەرەكانی لەبواری شانۆ و دراما گووتی: برا گەورەكەم جەلال كەریم زۆر یارمەتیدام كە بچمە خولی هونەری چالاكی قوتابخانەكان و كردمی بەم عەلی كەریمەی كە ئێستا لەو بوارەدا دەمبینیت، دەربارەی شانۆی ئێستاو دوێنێ هونەرمەندی ناسراو عەلی كەریم دەڵێ: شانۆی ئێستا لەو ئاستەدانیە بینەر تێر بكات و بەتەواوی ڕووی تێبكات چونكە نمایشەكان لەبونیادی هونەرمەندی وەك نواندن و دەرهێنان لەئاستیكی نزمدایە ئەگەرچی هونەرمەندونمایشی جوانیش هەیە كەهەندێ دەرهێنەری گەنج بەر هەمیان هێناوە، ئەوانە لە ئایندەدا جێی متمانەن.
هونەرمەند سەبارەت بە زنجیرە درامای (ژاڵە ) گووتی: زنجیرە درامای (ژاڵە) لەڕۆژگارێكدا بوو گەلەكەمان لەڕوو بەڕوو بوونەوەیەكی سەخت و دژواردا بوو بەبەرهەمهینانی ئەم زنجیرە درامایە خەڵك هەناسەیەكیان هەڵكێشا بۆیە ئێستاش بەتامەزرۆوە خەڵك باسی ئەكات جگەلەوەش ئەكتەرەكان بەڕۆحێكی دڵسۆزانەو ڕاستگۆیانەوە كارەكەیان ئەنجام ئەدا منیش دەورێكی زۆرباشم هەبوو لەودرامایەدا.
هونەرمەند عەلی كەریم سەبارەت بە درامای ئێستاو جاران گووتی: دراماكانی ئێستا پێشكەوتوو ترە ئەگەرچی لەئێستادا درامای كاڵ و كرچ هەیە بەڵام درامای جوانیش هەن و جێی شانازین.










