کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەدات.
عیماد جەمیل، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە كهناڵی کوردستان24ی راگەیاندوه : “بڕیارە سبەی یەکشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکرێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی سەرپەرشتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بدەین”.
گوتیشی: “تائێستا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم کۆمسیۆن نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، تەنیا ئەوە نەبێت 18/12/2023، هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت، ئەو وادەی کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە زۆر نزیکە لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق، بۆیە ئەستەمە لەو رێکەوتە بکرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە لیژنەیەکی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن.
ئەمە دوای ئەوە دێت رۆژی پێنجشەممە 15/6/2023، شاندێکی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.