٭ فاضل میرانی
بەڕێوەبردن و سیاسەت، هەر کامیان پێش ئەوی تر بێت، ئەوەندە گرنگ نییە، گرنگ هەردووکیان پێویستیان بە پسپۆڕی هەیە، ئەگەر بمانەوێت پەیڕەویان بکەین، سیاسەت و بەڕێوەبردن وەک هەموو زانستێک سەرکەوتوو نابن، ئەگەر بە یاسایەکی دادپەروەرانە نەخرێنەڕوو و جێبەجێ نەکرێن، من هەمیشە هەڵوەستە لەسەر هەواڵە ناوخۆییەکان دەکەم، کە ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەک بێت.

تێنەگەیشتن لە ماددەکانی دەستوور و یاسا و ڕێساکان مەترسیدار و ئەو ناکۆکیانەی، کە هەن رەنگدانەوەی ئەوەن، کە کردارە سیاسی و ئیداریەکان بەسەر یاساو رێساکان زاڵن. ئەمەش وایکردووە، کە عێراق و عێراقییەکان بەدستیانەوە بناڵێنێنن، لە ساڵی ۱۹۵۸ەوە تا ئێستا سیستەمەکانی حوکم لە عێراق گۆڕانکاری بەسەرنەهاتوە و زۆرێک لەو کەسانەی، کە هێشتا زیانیان بە عێراق و خەڵکەکەی گەیاندووە لە ڕابردوودا لە ئێستادا هەندێک لەوانەی لەسەر حوکمن هەمان ئەو سیاسەت و سیستەمانە پەیڕەودەکەن، کە دراوسێکان لەسەری دەڕۆن، کە لەگەڵ بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراق نەگونجاوە و نەهامەتی زیاتری لێکەوتۆتەوە.

من لە ڕاستیدا دەرفەتێک نادۆزمەوە، کە باشتر بێت لەوەی، کە لە ساڵی ۲۰۰۳ دا هاتە پێشەوە و پێناچێت گۆڕینی ڕێڕەوی عێراق بۆ باشتر لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا مەحاڵ بێت یان سەخت بێت، مەگەر بڵێین مەحاڵ و سەختەکان لە نەبوونی دانپێدانانی زۆرێک لە بیری سیاسیەکاندایە، کە پسپۆڕییان نیە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتێک، کە بۆتە هۆی ئەوەی قەیران لەدوای قەیران دروست ببێت.

ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕوویداوە و ڕوودەدات هەموو شتێک خراپ نییە، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت دەوڵەتێکی دادپەروەر بنیاد بنێن و ئەوانەی شتی دیکە و دەستکەوتیان دەوێت ئەوانە دەوڵەتێکی لاوازیان دەوێت و باکیشیان نیە لە خواردنی ئەو دەوڵەتە.

هەڵمەتی دژە پڕوپاگەندە واز لە دوژمنایەتی ئێمە ناهێنێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کێ بەڕاستی دەستکەوت بۆ عێراقییەکان بەدەست دەهێنێت و کێ لەسەر حیسابی ئەوان قازانج دەکات و ئەو لایەنە کێیە، کە پەرۆشی دەستوور و دەستکەوتەکانیەتی بەبێ پشتگوێخستنی ئەزموونی فیدراڵی و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی و کێ بە تایبەتمەندی کار دەکات و کێ بە پسپۆڕی کار دەکات و کێ وەکو خولیایەک تەنها بۆئەوەی بە بێکاری نەمێنێتەوە؟

٭ بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.

لە عەرەبیەوە: شوان سەرابی