خەبات: هاوار مورتكەیی:- هونەرمەند هەڤاڵ مەحمود ناسراو بەهەڤاڵ قەرەچوغی، زیاتر لە 30 ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكات، بەشدارییەكی زۆری لە بواری شانۆ نواندندا كردووە و لەهەمان كاتیش دیزاینەری جل و بەرگی چەندین بەرهەمی كوردییە، هەڤاڵ قەرەچووغی كە لەساڵی 1971 لە شارۆچكەی مەخموور لەدایك بوو، لە دیمانەیەكی تایبەت بۆ رۆژنامەی خەبات تیشك دەخاتە چەند لایەنێكی هونەری خۆی:

شانۆ بۆ هەر هونەرمەندێك دەستپێكە
ئەم هونەرمەندە دەڵێ: سەرەتای كاری هونەریم لە شانۆگەری قوتابخانەوە دەستپێكرد، بەشداری شانۆگەرییەكانی مەخموورم دەكرد، زۆر حەزم لە بواری نواندن بوو، ئەوكات لە ساڵانی هەشتاكان شانۆگەری لە هۆڵەكان دەكرا و شانۆش بۆ هەر هونەرمەندێك دەستپێكی كاری هونەریتی، یەكەم شانۆگەریشم كەبەشداریم كرد لە ساڵی 1991 لە هۆڵی گەڵ بوو، بەناوی شانۆگەری (خۆری سەربەستی)، دوای ئەوە بۆیەكەمجار بەشداری درامام كرد بەناوی خەجەگەڕۆك، ، دواتر درامای ونبووەكان كە هەردوو بەرهەم لە دەرهێنانی جەوهەر ئەنوەر بوو، كە لە 22 ئەلقە پێكهاتبوو، هەروەها لەكۆمەڵێك هونەرمەندی شاری هەولێر بەشداریان كردبوو، ئنجا بەشداری درامای (مۆڵەت)م كە لە 3 ئەلقە پێكهاتبوو، پاشان پاكەوپاك، زیندانی 88.هەروەها ئەو هونەرمەندە گوتی: بۆ یەكەمجار لە فیلمی سینەمای هەنسكی ئاسمان بەشداریم كرد لە ساڵی 2016، هەروەها فیلمی دیكۆمینتاری رادیۆی دەنگی شۆرش كە لەدەرهێنانی ئەمیر تەها، هەروەها بەرهەمێكی دیكۆمینتاری بەناوی مەولانا حالید نەقشبەندی بۆ كوردستان تی ڤی، ئیبن مستەوفی بۆ كوردستان 24، لەهەمان كاتیش بەڕیوەبەری هونەری بوومە لە چەند شانۆگەرییەكی سەر شەقام.

وێنەگر و كاری هونەری لەیەك كاتدا
پاشان هەڤاڵ قەرەچووغی لەبارەی ئەوانەی كاریگەری بەسەریانەوە هەبووە و پاڵپشتی بوونە گوتی: ئەوەی زۆر كاریگەری بەسەرمەوە هەبووە لە كارەكانم ، دەرهێنەر حەسەن عەلی، هەروەها هونەرمەند و رەخنەگر حەمەسوار عەزیز و حەیدەر عەبدوڵرەحمان و نازم دڵبەند، دیارترین ئەو هونەرمەندانەی كە لەگەڵیاندا كارم كردووە، خەلیل یابە، عەلی ئەحمەد و فەیسەڵ محەمەد، لەگەڵ دەرهێنەری بەتوانا حەسەن عەلی كە پالپشتییەكی تەواوم بووە لەكارە هونەرییەكانم، كە ئەمانە بەمامۆستای خۆمیان دەزانم، جگە لەكاری ئەكتەری، وەك وێنەگر بەشداریم لە ڤیستیڤالەكانی بۆنە نیشتمانییەكان كردووە لەهەمان كاتیش دیزاینەری جل و بەرگ بوویمە لە زۆر بەرهەم ،وەكو وێنەگر و دیزاینی جل و بەرگ بەشداری 3 فیستیڤاڵم كردووە، ئێستاش بەردەوامین لە كاری هونەری، لەوانە دوورینی جل و بەرگ بۆ بەرهەمێكی دیكۆمینتاری بۆ كوردستان 24 كە بەم زووانە پەخش دەكریت.

نەبوونی پشتگیری
لەكۆتاییدا هەڤاڵ قەرەچووغی گوتی: پێمان خۆشە بودجەیەك تەرخان بكریت بۆ كاری هونەری، یچونكە ئەمە كاریگەری خراپی لەسەر كاری هونەری شاری هەولێر كردووە، ئیستاش پێم وایە بەرهەمی هونەری وەك ئەوە وایە وەستابی، ئەویش بەهۆی نەبوونی پشتگیری ماددی بۆ هونەرمەندان، كە لەسەر خەرجی خۆی بەشداری كارە هونەرییەكان دەكەن.