سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا، هەواڵێكی كەناڵی (NRT)ی سەر بە شاسوار عەبدولواحیدی بەدرۆ خستەوە و داوای لە كەناڵەكە كرد، سەرچاوەی ئەو دەیان ملیۆن دۆلارە ئاشكرا بكات كە مانگانە خەرجی دەكات.
لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە داوە: ”کەناڵی NRT سەر بە شاسوار عەبدولواحید، لە درێژەی چەواشەکارییە بەردەوامەکانی، ئەمڕۆ شتێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایا بەڕێز سەرۆکی حکوومەت بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراندنی کەناڵێک تەرخان دەکات!“
ڕوونیشی كردەوە: ”ئێمە لە کاتێکدا ئەم بانگەشە هەڵبەستراوە بە تەواوی ڕەت دەکەینەوە کە هیچ بنەمایەکی نییە و دروستکراوی خەیاڵی خاوەنی ئێن ئاڕ تییە، داوا دەکەین خاوەنی ئەم کەناڵە چەواشەکارە، پێمان بڵێ سەرچاوەی دارایی NRT چییە کە خەرجییەکەی دەیان ملیۆن دۆلارە. داوای یاساییش لە سەر کەناڵەکە تۆمار دەکەین لەسەر ئەو درۆ و چەواشەکارییەی کردوویانە.“