سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجكردنی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار بۆ سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەمڕۆ سێشەممە 23/5/2023، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكی فەرمییدا ئاماژە بەوە دەدات، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و فەراھەمکردنی ژینگەی پاک و ڕاگرتنی سیمای جوانی شارەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی یەک ملیار و 513 ملیۆن و 800 ھەزار دینار دا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەی ھەڵگرتنەوە و کۆکردنەوە و گواستنەوەی خاشاک و پاشماوەکانی شارەوانییەکانی پیرمام، مەلائۆمەر، بەستۆرە، دارەشەکران و زۆنی 12ی سەڵاحەدین.”
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەم گوژمەیە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر خەرج دەکرێت.