بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی دۆڵی سماقوڵی، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی رێگەی دۆڵی سماقوڵی دەستی پێکردووە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بڵاوی کردەوە: “لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، رۆژی سێشەممە 9/5/2023 تیمەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دەستیان کرد بە کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگەی دۆڵی سماقوڵی”.

پڕۆژەکە پێکهاتووە لە نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی قیری رێگەکە لە دەربەندی گۆمەسپان تاوەکوو بەنداوی سماقوڵی و لەوێشەوە تاوەکو ھیزۆپ.

ئاماژە بەوەش دراوە، تیمەکان راسپێردراون بەشێوازێکی گونجاو و ھەرچی زوە کارەکان تەواو بکەن لەپێناو خزمەتکردن بەھاونیشتیمانیان.

رۆژی دووشەممە 8/5/2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی خۆپیشاندەرانی دۆڵی سماقوڵی کردو بەڵێنی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی پێدان، ھاوکات رۆژی دواتر کارکردنی تیمەکانی وەزارەت دەستیپێکرد و کارکردنیش تا چاککردنەوەی رێگەکە بەردەوام دەبێت.