بڕیارە ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی بكرێتەوە، ئەمەش دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێی سەرەكیی دەروازە نێودەوڵەتییەكە، لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە سنووری مێرگەسۆر دروست كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی ئایار، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووەتەوە، دەروازەكە دوای كردنەوەی بەڕووی گەشتیاران، لە قۆناغی دووەمیشدا كار بۆ ئەوە دەكرێ تێیدا بازرگانیش بەگەڕ بخرێت.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری شارەدێی شێروان مەزن، لە شارۆكەی مێرگەسۆری سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەبێتە دەروازەیەكی نوێی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

ئەو دەروازەیە دەبێتە یەكەمین دەروازەی نێودەوڵەتی لە نێوان پارێزگای هەولێر و توركیا، ئەمەیش سوودێكی زۆری بازرگانی و بووژانەوەی بۆ ناوچەكە دەبێت، ڕێیەكی دووری ئەو هاووڵاتییانە كورت دەكاتەوە كە پێشتر بە گەشتی ئۆتۆمبێل دەچوونە سنووری زاخۆ.