بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێكدا باس لەوە دەدات، دوو كەسیان بە تۆمەتی هێرشكردنە سەر ژنێك، دەستگیر كردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8/5/2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، دوای ئەوەی ژنێك سكاڵای یاسایی تۆماركرد كە مۆبایلەكەی لێ دزراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا دوو تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیر بكرێن و دەست بەسەر مۆبایلەكەیاندا بگیرێت.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بوو، سەرەنجام دەركەوت كە تۆمەتبار چەند جارێك هەستاوە بە سووكایەتیكردن و هێرشەكردنە سەر ژنەكە و لە گرتەیەكیشدا كە لە شاخی گۆیژە و لەلایەن تۆمەتباری دووەمەوە تۆمار كراوە، دەركەوتووە كە تۆمەتبار سووكایەتی بە ژنەكە دەكات و تەقەی بەسەردا دەكات.
پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی كردووەتەوە، ئێستا هەردوو تۆمەتبار (ش، س، ع) لەدایكبووی 1999 و (ر، ح، ق) لەدایكبووی 1997، بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.