ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی ئەکبەر محرابیان، وەزیری وزەی ئێرانی لەسەر دۆسیەکانی کارەبا و ئاو کۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئایاری 2023، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران پێشوازی لە عەلی ئەکبەر محرابیان، وەزیری وزەی ئێران و شاندی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەی هەردوولا تاوتوێی بوارەکانی هاوکاری هاوبەش و هەماهەنگی لەسەر ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی کەرتی وزە دەبنەوە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “گفتوگۆیان لەسەر لایەنەکانی دۆسیەی کارەبا و دابینکردنی کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی عێراق لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کردووە، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر کەمی سەرچاوەکانی ئاو و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابەشکردنی ئاو لەسەر رێگا هاوبەشەکانی رووبارەکان”.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی دیالۆگ و هەماهەنگی و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا کردەوە، بۆ بەدیهێنانی سوود و خواستەکانی خەڵک.
K24









