ئەمڕۆ سێشەممە 25/4/2023 نووسینگه‌ی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، ڕاگه‌یاندراوێكی دەبارەی پلانەکانی گەشتوگوزار و ئاسایش و پۆلیس و هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی بۆ ڕۆژانی جەژن بڵاو كرده‌وه‌.

 ئه‌مه‌ ده‌قی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگه‌ی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێرە:

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بە سەرپەرشتیی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، لەلایەن لیژنەى ئەمنیى پارێزگای هەولێرەوە بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاریی بۆ کرابوو، پلانەکە وەکو خۆی و بە سەرکەوتوویی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێ کرا.

ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵیش، لە سنووری پارێزگاکەمان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

یەکەم/ گەشتوگوزار:

سەبارەت بە پلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك، یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمە جگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستۆرانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ریستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە 63 هەزار و 592 گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر:

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکارییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکوو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کران و بۆ هەر حاڵەتێکی  پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرکدا بوون.

سێیەم/ پۆلیس:

سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکان، بە بەشداریی سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەم شێوەیە بوو، (24) تاوان تۆمار کراوە، (20) تاوان ئاشکرا کراوە، (4) تاوانیش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

چوارەم/ هاتوچۆ:

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکوو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ و لێخوڕینی خێرا، (4) ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دا و لە ئەنجامیاندا (3) کەس بریندار بوون و (1) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەست دا.

پێنجەم/ بەرگریی شارستانی:

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی  ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرکدا بوون، لەو ماوەیەشدا (7) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

وێڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشى بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قائیمقامیەت و ناحیەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشتبەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، شەو و ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.