سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی بازاڕی هەولێر لە رۆژی 25ـی مانگی رەمەزانی پیرۆز بەربانگ دەکاتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارە خوانێکی بەربانگی بۆ ژمارەیەک لە کاسبکار، پیشەوەر، دەستگێر و دوکاندارانی بازاڕی هەولێر سازکرد.
لەمیانی گوتارێکدا بۆ ئامادەبووانی ئێوارە خوانەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای بەخێرهاتن ئاماژەی بەوەکرد، “دەمەوێت بەناوی هەمووتانەوە سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکەن بکەین کە لە سایەی زەحمەتی و ماندووبوونی ئەوان، ئێمە دەتوانین ئاوا بە ئارامی بژین و لە شوێنێکی وەکو ئێرە بەیەکەوە کۆبینەوە”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، “سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهید و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دادەنوێنین و ئێمە قەرزاری ئەوانین”.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، “ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێکمانداوە ئەوەی پێمان بکرێت لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدابین، بێگومان ناحەزەکانی ئێمەش هەموو هەوڵێکیانداوە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین لە خزمەتی ئێوەدابین و بە ئامانجەکانی خۆمان بگەین”.
هەورها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، “ئەوەی جێی شانازییە کوردستان، لەخوا بەزیادبێت، شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە نەک تەنها بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکو بۆ خەڵکی تریش لە شوێن و ناوچەکانی تری عێراق دێنە هەرێمی کوردستان”.
لەبارەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، “جێی دەستخۆشییە کە دەبینین کوردستان جێی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە، ئەمە شتێکە جێی شانازییە و هەقە خۆشتان شانازی بە خۆتان بکەن کە ئێوە توانیوتانە بەشێکبن لەوەی کە کوردستان بکەن بە شوێنێک کە خەڵک رووی تێبکات”.
لە رووی سیاسییەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، “ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین کە سەقامگیری سیاسی لە عێراق و لە کوردستانیشدا بەرقەراربێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەکڕیزی هەموو هێزێکی نیشتمانپەروەر دەکەین کە ئامانجی پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت و بڕوایان بە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت کە ئێمە بتوانین بەیەکەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەکان بکەین. بڕوایان بەوەبێت کە رووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە. بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێت. ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەکڕیزین بەڵام هیچ کات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی و لە گەندەڵی و لە تیرۆر و تۆقاندن و لە سەرانەستاندن، یان ئەوەی کە خەڵک لەپێناو بەرژەوەندی خۆمان بەکاربێنین”.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، “ئێمە گوتومانە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دەبین و خودا یارمەتیمان بدات بەردەوامدەبین لەوەی خزمەتی ئێوە بکەین”.
لەرووی ئابوورییەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، “لەخوا بەزیادبێت رۆژ بە رۆژ ئومێدمان زیاترە کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاودەنێت، ئێمە هەرێمێکی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت”.
لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، “لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەربکەین، ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو رێککەوتنەی ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژوومانکردووە و هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێکی زۆربێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئێوەش بدات لە رووی ئابوورییەوە، کە دەزانم زۆربەی کاریگەرییەکانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەن چ کاسبکاربن، چ کرێکاربن، چ پیشەوەربن، کاریگەرییەکانی ئابووری زیاتر دەکەوێتە سەر شانی ئێوە، بۆیەش ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین کە دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتی، “زۆر ژێرخان یان دامودەزگا هەبووە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمانداوە ئەو دامودەزگایانە دروستبکەین، کاریگەری زۆر لەوانە ئێستا دەرنەکەوێت، بەڵام دوای ماوەیەکیتر کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵانەش بەدەردەکەون. ئێمە بڕوامان زۆرە کە بتوانین کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و رووناکتر هەنگاوبنێین و هەموو هەوڵ و تەقەلای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە کە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت و ئومێدی ئەوەمان هەیە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت”.


