سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆبووەوە و دەڵێت: “جەختم لە پابەندبوونم بە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، عێراق و دەرەوەش کردەوە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-4-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکە دەبێت. پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە، لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کۆبووەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دەڵێت: “پاپا فرانسیس جەختی لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و برایەتیی لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکی عێراقدا کردەوە. من جەختم لە پابەندبوونم بە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، عێراق و دەرەوەش کردەوە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی لەوە کردووە کە “شەرەفمەند” بووە بەوەی پاپای ڤاتیکانی بە “تەندروستیی باشەوە” بینیوە، ئەوە لە کاتێکدایە، کۆتایی مانگی رابردوو، بۆ ماوەی چەند رۆژێک، پاپا فرانسیسی تەمەن 86 ساڵ، بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە گوێزرابووەوە بۆ نەخۆشخانە.
فرانسیس یەکەمین پاپایە لە مێژوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردبێت. ئامانج لە سەردانە مێژووییەکەی پاپا لە 5 تا 8ی ئاداری 2021 بۆ بەغدا، موسڵ و هەولێر برەودان بە “گفتوگۆی نێوان ئایینەکان” و پێشاندانی هاوسۆزی بوو بۆ کرستیانەکانی ناوچەکە، ئەمە وەک ڤاتیکان باسی کردبوو.









