خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- خاتونی شاعیر (دكتۆر ساكار بەهادین عەبدوڵڵا ئەلمودەڕیس ) ، نازناوی زانستی پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی جوگرافیای كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەلاحەددین و خاوەنی ( 3) بڕوانامەی (بەكالۆریۆس و ماستەرو دكتۆرا) یە لە بەشی جوگرافیا ، هاوكات ،لە هەموو بڕوانامەكاندا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە ، ئەو خاتونە ، سەرەتای نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2014) بەڵام وەك خۆی دەڵێت : چونكە ئەوكاتە قوتابی دكتۆرابووم ، بۆیە لە هیچ گۆڤارو رۆژنامەیەك بابەتم بڵاونەكردۆتەوە ،بەڵام لە ساڵی 2016 بەدواوە لە رێگای تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە شیعرەكانم بڵاو كردونەتەوە … هاوكات من پلانی ئەوەم نەبووە كە ببم بە نووسەرو شیعر بنووسم ، ئەوەی نووسیویشمە تەنها وەكو حەزووخولیاو ئارەزووی خۆم نووسیومە. ساڵانی (2022-2023 ) سەرەتای خوێندنەوەی تێكستە شعرییەكانم بووە لە كۆلێژی ئاداب و سنەتەری ئاڵا ، ئیتر لەوە بەدواوە ئامانجێكم بۆ دروستبوو كە پەرە بە بواری ئەدەب بەتایبەتی ( شیعر ) بدەم بە هەماهەنگی بواری ئەكادیمیم.

د. ساكار خاوەنی كتێبێكی چاپكراوە ( لەبواری پلاندانانی شارنشینیدا) لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی ناوچە نالەبارەكان لە شاری هەولێر وهەروەها بە ( 7 ) توێژینەوە لە كۆنفڕانس و سیمپۆزیۆم و ۆورك شۆپ بەشداریكردووە و سەرپەرشتیاری ( 2 ) قوتابی ماستەرو دكتۆرابووە . ئەندامی چەندین لیژنەی زانستی لەسەر ئاستی بەش و كۆلیژ و زانكۆ بووە و لە چەندین كەناڵی ئاسمانی تەلەفزیۆنی لەسەر بابەتی زانستی و كۆمەڵایەتی میوانداریكراوە . ناوبراو 19ساڵە مامۆستایە.

*پێناسەت بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت ؟
ـ شیعر ، جۆرێكە لە جۆرەكانی هونەری ئەدەبی، گۆشەنیگا و ڕوانگەی هەمەڕەنگ هەن بۆ پێناسەكردنی شیعر . لە دیدی من دا ، شیعر بریتییە لە ژەنینی ئاوازی ئەو هەستەی لە ناخی مرۆڤ دا هەیە ، لەوێدا هزر ، ئاوەز ، هەست تێكەڵ دەبن و میلۆدییەكی تازە لە دایك دەبێت . دەتوانرێ لە سەر ژێی بابەتی كۆمەڵایەتی ، نەتەوایەتی ، سیاسی و سۆزداریی ئاوازی شیعر بژەنین . شیعر لە ڕوانگەی منەوە ، دەربڕین و دركاندنی بیروبۆچوون و ناخ و هەستەكانی مرۆڤە لەمەڕ بابەتێكی دیاریكراو ).

*بۆ شیعرت هەڵبژارد؟
ـ چونكە ، سروشتی كاری ئەكادیمی مامۆستای زانكۆ، جەنجاڵە بە كاركردنی بەردەوام ، ئەركەكانی سەرشانی زۆرن و پەستان دەخەنە‌ سەر دەروونی مامۆستا ، هەر بۆیە دەربڕینە شیعرییەكان ئەو پەستانە كەمدەكەنەوە ، هۆكارێكە بۆ ئاسوودەبوون و كەمكردنەوەی فشاری كاركردن و بەدەستهێنانی ئارامیی دوای ماندووبوونی زۆر.

*ئێستاو دوێنێی شیعری كوردی و شیعری عەرەبی چۆن دەبینی؟
ـ لە سەردەمی پێشوو ، شیعری ستوونی لە هەردوو زماندا زۆرتر بووە ، كەچی ، ئێستا دەربڕینە شیعرییەكان ڕێگەی هاوچەرخیان گرتۆتەبەر ، بۆ نموونە جۆرەكانی ( الشعر الحُر, المنثور , الومجە, الخاطرە) ( شیعری سەربەست ، پەخشانە شیعر، بریسكە شیعر، ئەندێشە شیعر) .

*شیعرت بۆ پیاو نووسیوە؟
ـ بەڵێ بۆ ڕەگەزی بەرانبەرم نووسیوە ، یان لە شێوازی گلەیی بووە ، یان لە دووریی و نەبوونی ئەوان نووسراوە ، چونكە پیاو نیوەكەی تری كۆمەڵگەن ، باوكمانن ، برامانن ، هاوژین و ڕۆڵەكانمانن ، یان هاوڕێمانن.

*شیعربۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت چییە لە نووسیندا واتە بەڕای تۆ شیعرهۆكارە یان ئامانج؟
ــ هۆكاروئامانج بووە، زۆرێك لە ڕووداوەكانی ژیانمان ، یاخود ژیانی دەوروبەرمان ، یان ژینگەی كۆمەڵایەتی و دۆزە‌ نەتەوەیی و ڕووداوە سیاسییەكان ، هەوێنی نووسینی دەربڕینە شیعرییەكانە ، زیاتر ئامانجم لە نووسیندا تاوتوێی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانی نێوان كەسەكان بووە ، هەروەها دەرخستنی تایبەتمەندیی ئافرەتی خاوەن كەسایەتی بەهێز لە ناواخنی تێكستە شیعرییەكاندا.

*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا؟
ـ چۆن كارلێكی كیمیایی نێوان توخمە كانزاییەكان روودەدات ، هەمان ئەو كارلێكە لە نێوان مامۆستای زانكۆ و كتێب خوێندنەوە هەیە ، بەتایبەتی لە پسپۆریی ئەكادیمیم لە بواری جوگرافیای شار و پلانی شارنشینیدا، بەڵام ، لە بواری ئەدەب زیاتر ئاشنای كتێبەكانی ، یاخود كۆ شیعرەكانی شاعیرانی عەرەبی‌ وەكو ( احمد شوقی ، نزار القبانی ، محمود درویش، نازك الملائكە وبدر شاكر السیاب ) بوویمە.

*بوونی پەیج و ئەكاونتی فەیسبوك و سایتە ئەلەكتڕۆنیەكان نەبوونە ڕێگر لەبەردەم گەورەیی و جوانیی نووسین و هاوكات پیرۆزیی و گرنگی كتێب و خوێندنەوە؟
ــ دیوی ئەرێنی ونەرێنی هەیە ، سەبارەت بە دیوە‌ ئەرێنییەكەی ، یارمەتیدەر بووە بۆ بەناوبانگ بوونی نووسەرەكان و زیاتر خوێندنەوەی تێكستەكان لە كاتێكی كورتدا ، بەڵام ، پیرۆزیی كتێبی بە شێوەیەكی گشتی كەم كردۆتەوە ، ئەوەش دیوە نەرێنییەكەیە‌.

*كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە نووسینی شیعردا؟
ــ لە سەرئاستی ماڵەوە ، باوكم ، دایكم ، خوشك و براكانم گوێگر و خوێنەری چاكن لە بواری ئەدەبدا ، هاوكات لە دەرەوەی سنووری خانەوادەكەم ، ( د. عیسی شنگالی ، مامۆستای زانكۆ و پسپۆر لە زمانی عەرەبی ، هاوكارم بووە لە ڕاستكردنەوەی زمانەوانی تێكستە شیعرییەكانم ، چونكه ،‌ بە زمانی دایك نەمنووسیون . هەروەها پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر محەمەد خدر مولوود ، مامۆستای زانكۆ لەبەشی ڕاگەیاندنی كۆلێژی ئاداب ، دەرفەتی فراوانی بۆ ڕەخساندم بۆ بەشداریكردن لە بۆنە و مەراسیمەكانی خوێندنەوەی شیعر ، جگە لە پاڵپشتی زۆرێك لە شاعیرانی كورد وعەرەب لە كوردستان وعیڕاق و وڵاتانی دەرەوە.

*ڕەنگدانەوەو كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان و جێهێشتنی نیشتیمان و ئاوارەیی كوردان لەشیعرو نووسینەكانتدا؟
ـ بەڵێ ڕەنگدانەوەی هەبووە ، بەتایبەتی مەرگی ئازیزان ، یاخود دوورییان و ئاوارەیی كوردان.

*ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر؟
ـ جیهانی شیعر فراوانە ، گۆڕەپانیش كراوەیە بۆ هەموو بەهرەمەندێك ، بەڵام ، من پێشنیازدەكەم لێژنەیەكی تایبەت لە پسپۆرانی بواری ئەدەبی كوردی وعەرەبی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەبێت، پێداچوونەوە بۆ دەرخستەی كۆشیعرییەكانی نووسەران بكەن ، بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز بخرێنە بەردەست و دیدی خوێنەران، ئینجا دەرفەتی بڵاوكردنەوەی پێبدرێت.

*بەڕای تۆ ڕەخنەگری باش و لێكۆڵەری باشمان لە مەیدانەكەدا هەیە؟
ـ لەبەشەكانی زمانی كوردی وعەرەبی ، لە كۆلێژەكانی زمان و فاكەڵتی پەروەردە لە گشت زانكۆكانی هەرێم هەردەم ستافی ئەكادیمی باش هەیە ، گەر پرس وڕایان پێ بكرێت.

*بەڕای بەڕێزتان سانسۆر لە مۆڵەتی چاپی كتێبدا هەبێ یان نەبێت، بۆچی؟
بەڵێ ، واباشترە هەبێت ، تا مافی نووسەر پارێزراو بێت .(وە بەرهەمی باش و پاراو لە بەرهەمی كرچوكاڵ جیابكرێنەوە).

*ڕات چییە بەرامبەر قەڵەمی ئەدەبی ژنان و ئەدەبیی پیاوان؟
ــ هیچ جیاوازییەك نابینم بە ‌شێوەیەكی گشتی ، بەڵام ، بێگومان ژمارەی شاعیرانی پیاو لە ئافرەت زیاترە ، چونكە ، ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردی وعەرەبیدا بەربەستی زیاترە ، بەتایبەتی لە بواری ئەدەبدا ، وە كاتی كەمترە بەهۆی گرنگیدانی بەخێزان و پیشەكەی خۆی ، ئەگەر خاوەن پیشە بێت ، بۆیە دەرفەتی خوێندنەوەی كەمتر دەبێت وناتوانێت پەرە بە تواناكانی بدات ، بەمەش ڕەنگە ئاستی نووسینی هەندێكیان نزمتربێت بەبەراورد بە پیاو.

*قەڵەمی ژن ، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەوقەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
ــ قەڵەمی ژن ڕۆڵی بینیووە وەكو چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و زەقكردنەوەی گرفتەكانیان، بەڵام ، چارەسەری ئەو گرفتانە بەدەست خودی ئافرەت نییە ، بەڵكو كۆمەڵگە و دامودەزگای حكومەت رۆڵ دەبینن تیایدا كە ، تا چ ڕادەیێك ڕۆڵی ڕاستەقینەیی دەگێڕن لە چارەسەری گرفتەكانیان.

*وەك لەنزیكەو ئاگادارم شاعرێكی كوردی و بەڵام بەعەرەبی دەنووسیت؟ بۆچی؟ ئایا شیعرت هەیە بەكوردی؟
ـ من كوردم ، بەڵام شیعرم بەزمانی عەرەبی نووسیوە ، شیعر بەهرەیەكی خۆڕسكە ، لە باخی هزر و خەیاڵ و هەستی مرۆڤدا دەڕوێت ، لێزانی و شارەزایی لە زمانێك ڕۆڵ دەبینێت لە دەربڕیندا، بۆیە ، لێهاتووییم لە زمانی عەرەبیدا بووەتە هەوێنی دروستبوونی تێكستە عەرەبییەكان ، هەروەها ، ئامانجم ئەوەیە ڕۆشنبیریی ولێهاتوویی ئافرەتی كورد نیشانی بێگانە بدەم ، لە ڕێگەی زمانی ئەوان داكۆكی لە مافەكانی میللەتەكەم بكەم، وە تا ئێستا شیعرم بە كوردی نەنووسیوە ، چونكە پەیوەستە بە سروشتی بەهرەی نووسین . لە هەمان كاتدا ئەستەم نییە لە داهاتوودا شیعر بە زمانی شیرینی كوردیش بنووسم ، وەكو گەورە شاعیرانی جیلی ئاڵتوونی ( شێخ ڕەزا ، شوكری فەزڵی ، یەشار كەماڵی ڕۆماننووس ، مەحوی ) كە بە چەند زمانێك شیعر و ڕۆمانیان نووسیوە.

*بەرهەمی چاپكراو و پڕۆژەو بەرنامەی تازە چیتان بەدەستەوەیە؟
ــ تا ئێستا هیچ بەرهەمێكی چاپكراوی ئەدەبیم نییە ، لە بواری ئەكادیمی تەنها خاوەن یەك كتێبم ، لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی ناوچە نالەبارەكانی شاری هەولێر ، ساڵی 2018 چاپكراوە بە ناونیشانی ( التدهور الحجری فی المدن اسس ,تطبیقات, وسبل المعالجە – دراسە تطبیقیە علی مدینە أربیل )
لە داهاتووشدا، تەنها گرنگی بە خوێندنەوەی ئەدەبیی دەدەم، هاوكات ڵەگەڵ خوێندنەوە لەبواری پسپۆریی ئەكادیمیدا، بەڵام لە ئاییندە، ئامانجی لە ‌دایكبوونی یەكەم بەرهەمی كۆشیعریم هەیە ، بە ویستی خودا.

*پێناسەیەكی كورت بۆ هەریەك لەوانە:
كوردستان — (دایكێكی میهرەبانی جگەرسووتاو ، وەلێ شكۆدار و بە ویقار )
ئاڵا – ( شانازیی و شكۆی نیشتیمان )
نەورۆز – ( شكانی كۆتی ژێردەستەیی و دەركەوتنی پرشنگی نووری ئازادیی و سەركەوتن )
كتێب – شانشینی مەعریفەت و گەنجینەی پێشكەوتن لە مادەیێكی ڕەقی قەبارە بچووك
د. ساكار- مرۆڤێكی كۆڵنەدەر، پڕ هیوا و گەشبینی.
تەمەن- مێژووی تۆمارنەكراوی مرۆڤێك
پێشمەرگە – (هێمای خۆڕاگریی و فیداكاریی ، زامنی ئارامیی لە كوردستان)
شێركۆ بێكەس- ئایكۆنی ئەفرێنەر لە بواری شیعری كوردی هاوچەرخدا .
محمد مهدی جەواهری – شازادەی شیعری ستوونی كلاسیكی عیڕاقی
ژن – بنچینەی كۆمەڵگا و كەناری ئارامیی ژیان .
ژیان – جەنگێكی بەردەوامە ، تا دەگەیتە مردنی خۆت بە سەلامەتی .
عیشق – زمانێكی ئیلاهییە ، دڵی مرۆڤ پێی دەدوێت
منداڵ – ڕەنگاڵەی نیگاری خۆشبەختی