مەلا عبدالله شێرکاوەیی*
هەواڵی وەفاتی زانای ناوداری کوردستان مامۆستا مەلا طيب بەحرکەیی یەکێک لەو رووداوە نەخۆشانەی، کە لەناوەراستی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ بەگوێی هەموو لایەکمان درا، لەبەر ئەوەی مامۆستا کەسایەتیەکی گەورەی کوردو زاناو دانایەکی هەڵکەوتووی کوردستان و خاوەن پێگەیەکی دیاری زانستی عیراق و جیهانی ئیسلامی بوو.
بەدرێژایی مێژوو کورد زاناو لێهاتووی زۆرو بە توانای هەبووە، کە لە زەمەن و چەرخی خۆیان لەخزمەتکردنی ئیسلام و موسڵمانان و فەرهەنگی زانایان و میراسی ئەدەبی و توراسی فیقهو شەریعەت و نووسین و راڤەو شەرح و حاشیەو تەئلیف و تەدریس و تێگەیاندن و پێگەیاندنی زاناو ئاراستەی کۆمەڵگەو بەرگری و بوون و شوناس رۆڵی گەورەیان گێڕاوە، ئەمەش نە تەنیا بۆ زانایان بەڵکو بۆ تەواوی کوردو بزاڤی مەعریفی بۆتە پارسەنگێکی گەورەی نەخشەڕێی خزمەتی کورد لەناو شارستانیەتی ئیسلامیدا.
لەهەموو ئاستەکاندا زانایانی کورد مەشخەڵی راگرتنی پارسەنگی دینداری و خۆڕاگری و برەودان بە زانست و رووناکبیری و عەلەمداری شۆڕش و نیشتمانپەروەری بوون و، وەک هێزێکی کاریگەرو دیار خزمەتیان پێشکەش کردووەو لەرووی کلتوری و کەڵەکەکردنی میراتی زانستی، شانازییەکی گەورەیان خستۆتە سەر مێژووی گەلی کورد لە رابردوودا.
مامۆستا مەلا طيب بەحرکەیی یەکێک بوو لە زانا بەهرەمەندو بە نەفعانەی بەدرێژایی تەمەنی خزمەتی کوردو رێبازی گەورە زانایان و کلتورو رێبازی ئیسلامی کردووەو، بەهەوڵ و خزمەت و تەدریس و بەرهەم و کۆششە پڕ بەخششەکانی، زنجیرەی هزرو ژیانی زۆر کەسی رووناک کردووە، خزمەت و هەنگاوە زانستی و پیشەیی و مەعریفیەکانی بوونەتە فاکتەری بەرەو پێشبردنی رەوتی زانست و رێبازی رەسەنی دینداری خەڵک و بەهەزاران کەس لێی سوودمەند بوون، ئەمەش وای کردووە مامۆستای رەحمەتی ببێتە جێی متمانەی زۆربەی زانایانی کوردو بەشێکی ناوەندو کەسایەتیە ئایینی و زانستیەکانی جیهانی ئیسلامی. لەوەشدا شانازییەکی تری لە زنجیرەی شانازی زانایانی کورد تۆمار کردووەو بۆ هەمیشە خزمەتەکانی لەلای ئەهلی عیلم و موسڵمانان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەرووی ئایینی و پیشەیی و پێگەیاندنی مەلای چاک و هەستی نیشتمانی و خەمخۆری بۆ دین و ژینی میللەت و پرسی ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی گرفتی خەڵک و رێڕەوی فەتواو روونکردنەوەی پرسە شەرعی و هاوچەرخەکان، هەروەها لێک نزیککردنەوەی زانایان و بلاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی و گەیاندنی ئیسلامپەوەری کوردەواری و پاراستنی پێگەو پیشەو خزمەتی مزگەوت و حوجرەو مەدرەسە، شاکاری زۆرو گەورەی هەبووەو جێدەستی خزمەتی لەساحەی کوردستان وەک مانگی ئاسمان بەرچاوە، هەر لەبەر پایەو پێگەو رۆلی کاریگەری جەنابی مامۆستا بووە، ساڵی رابردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەمبەر خزمەتەکانی سوپاس و رێزلێنانی پێشکەش کرد.
ئەوەی زۆر جێی سەرەنج و تایبەتە ئەو هەست و تواناو سەلیقە جوانەی مامۆستا بوو لە سەر تەدریس و وتنەوەی وانەی زانستە شەرعیەکان، کە بەردەوام فەقێ و قوتابی هەبووەو لەو بوارەشدا چەندین قوتابی لەوانەی لای ماۆمستا خوێندویانەو بڕوانامەی مەلایەتیان وەرگرتووە، بەشێکی زۆریان ئێستا لە مزگەوتەکانی کوردستان خزمەت دەکەن، تەدریس و خزمەتی زانستی بەلای مامۆستا گرنگ و ئەولەویەت بووە، بۆیە بەردەوام لە ژیانیدا حوجرەو فەقێی هەبووەو، تەنانەت لەکاتی موستەعیدی و سەردەمی باوکی هەم دەرسی خوێندووەو هەم تەدریسی کردووە، بەدرێژای تەمەنی خۆی لەهەموو ئەو قۆناغ و دۆخانەی هاتونەتە پێشەوە، ئەو بەردەوام بووە لەم هەنگاوە، تەنانەت لە ساڵی هەشتاکان کاتێ رژێمی بەعس بڕیاری قەدەغەکردنی حوجرەی دا لە عیراق و کوردستان، مامۆستا نەچووە ژێر فەرمانی راگرتنی حوجرەو، درێژەی بەکارەکانی خۆی دا، سەرباری ئەوەش ئەو فەقێیانەی لە ئەنجامی بڕیارەکە پەراگەندەو بێ شوێن و دەر مابوونەوە، ئەو بەشێکی لە حوجرەی خۆی جێگەی بۆ کردنەوەو وانەی پێ دەگوتن تا کاتی تەواو بوونیان و وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن خزمەتی کردن.
ئەگەر کەمێک بچینە سەر ژیانی مامۆسای رەحمەتی، کە سەرەتای خوێندنی لای باوکی و چەند مامۆستایەکی تر بووەو پاشان لەسەر راسپارەدەو داوای شێخ مستەفای نەقشبەندی دەچێتە هەولێرو لەلای گەورە زانایانی وەک مامۆستا مەلا شەریفی دووشیوانی و مامۆستا مەلا طيبى دووشیوانی و مامۆستا مەلا خلیل ی موخلیس و مامۆستا مەلا ئەبوبەکری کۆیی دوا ماددەکانی مەلایەتی دەخوێنێت و دواتر لەسەر دەستی گەورە زانای سەردەمی خۆی شێخ مستەفای نەقشبەندی بڕوانامەی زانستی وەردەگرێت.
مامۆستای رەحمەتی کەسێکی بیر تیژو زیرەک و لێهاتوو و خاوەن بەهرەیەکی تایبەت و بە بەرەکەت بووە، بەشێکی مامۆستاکانی سەرسام بوونە بە ژیری و زیرەکیەکەی، وەک مامۆستا مەلا تاهیر لە سەربوردەی ژیانی دەگێڕێتەوەو دەڵێت: “مامۆستا مەلا عوسمانی ماجیداوەی دەیگۆت: سەرم سوڕمایە لەو مەلایە ئەو هەموو وانەی لێک جودا وەک حیساب و هەندەسەو فەلەکیات و حیکمەت و ئوسوڵ رۆژانە دەخوێنی، هەر دەرسەک دێ دەڵێی تەنیا ئەو دەرسە دەخوێنی ماندوو بوونی پێوە دیار نیە”.
مامۆستا وڕێرای بەردەوامی لەبواری تەدریس، لە ژیانیدا نزیکەی 50 مامۆستای ئایینی ئیجازە داوەو ئەوانەی بڕوانامەی فەرمودەی موسەلسەلیان لەلا وەرگرتووە پتر لە 200 مامۆستا بوونەو، لەبواری نووسین و راڤەو شەرح و فەتوا چەندین کتێبی لەپسپۆڕییەکانی شەریعەت نووسیوەو بەشێکیان بڵاوکراونەتەوە، لەوانە: (حجج المتقين في بعض المسائل من فروع الدين، عمدة الزوار في بعض مسائل الحج والإعتمار، هداية الباقي بشرح ألفية العراقي، المفتاح المعتمد لمرويات الشافعي في المسند، ارشاد المهتدين في ايضاح بعض المسائل من الدين، مزيل الأوهام ومصباح الظلام في شرعية الاحتفال بمولد خير الانام، الفردوس الندي في تراجم مشايخ الطريق النقشبندي، لێکۆڵینەوە لەسەر کتێبی (ألفية الحافظ العراقي)، حەج نامە…. هتد).
مامۆستا کەسێکی کۆمەڵایەتی و سادەو قسەخۆش و رووخۆش و بەهاموشۆو سینەفراوان و سەخی و میواندۆست بووە، چاوی لەدەستی کەس نەبووەو لەپێناو ماددەو ماڵی دونیا سەری بۆ کەس شۆڕ نەکردووە. بەلای ئەو مەجلیسی زیکرو فکرو عیلم و تەدریس خۆشترین دانیشتن و بە سوودترین هەنگاو بووە، یەکێک بووە لەوانەی زوو زوو هەواڵی ئەو دۆست و کەسە نزیکانەی پرسیوە کە جێی رێزو خۆشەویستی ئەو بوون، مەیلی دونیای کەم بوو، حەزی لە خۆسەرقاڵ کردن بە شتە لاوەکی و سیاسەت و مەجلیسی کات بەسەربردن نەبوو.
لەرووی دین و دینداری زۆربەی کاتەکانی بە تاعەت و عیبادەت و زیکرو شەو نويژو پەیڕەوکردنی سووننەت و قورئانخوێند بەسەر بردووە، هەمیشە زمان بەزیکرو بەدەستونوێژ بوو، کە لەخزمەتی دادەنیشتی هەستت دەکرد لەرووی رۆحیەوە ئارامت دەکاتەوەو بەرەو باس و خواسی دینداریت دەبا، مرۆڤێکی مەزن و خەرمانێکی پڕ لە تاعەت و هەڵگری میراتی پێغەمبەر(دروودی خواێ لێ بێت) بوو، لە سیماو رەفتارو رێزو ئەدەب و ویقارو سلوک و کردارو گوفتاری ئەوەت لێ بەدی دەکرد، کە پەیڕەوکارێکی دروستی رێبازو رەوشتی حەزرەت و گەوهەرێکی لەبن نەهاتووی دونیای عیرفان و تەسەوفە.
لەرووی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەری و هەستی خزمەتکردن و پەرۆشی بۆ دەوروبەرو چارەسەرکردنی کێشەو ئاریشەکان خۆی بە خەمخۆر دەزانی و هەمیشە لە خزمەتی هاوڵاتیان و پرسە شەرعی و کۆمەڵایەتی و ئاشتەواییەکان حوزورێکی گەورەی هەبووە، لەسەر ئەم بنەمایەش ماوەیەکی زۆر ئەندامی لێژنەی باڵای فەتوا بووەو لە ساڵی 2005یشەوە ئەندامی لێژنەی فەتوای لقی هەولێری یەکێتی زانایانەو، خزمەتێکی زۆری لەناو ریزەکانی یەکێتی زانایان پێشکەش کردووە، لەدوای راپەڕین کاتێ رژێمی بەعس تۆپبارانی بەحرکەو بەرانەتی دەکات و ژیانی خەڵک سەخت و دژوار دەبێ، مامۆستای رەحمەتی وەک پەرۆشی بۆ خەڵک و ناوچەکەو سەلامەتی گیانی برا پێشمەرگەکان خۆی و چەند ریشسپیەک -کە قوڕس و ئەستەمیش بووە ئەو کات- دەچنە لای سەرۆک سوپای ئەو کاتی میحوەری هەولێرو داوای لێ دەکەن ئەو تۆپبارانە رابگرن، ئەویش داوای مامۆستا بەهەند وەردەگرێت و تۆپبارانەکە رادەوەستێت و خەڵک ئیسراحەت دەکات. هەر لە نەوەدەکان کاتێ لەسەر کێشەیەک ئاڵۆزی و هەوڵی شەڕ لەنێوان گەردی و هەرکیان دروست دەبێت و مەترسی روودانی شەڕو خوێنڕێژییەکی گەورە دێتە پێش، مامۆستا وەک خەمخۆری و هەوڵی ئیسڵاح و ئاشتەوایی دەچێتە نێوانیان و لەماوەی شەوێکدا فیتنەکە دەکوژێنێتەوەو ئاشتەوایی لە نێوان هەردوولا دروست دەکات و ئارامی بۆ ناوچەکە دەگێڕێتەوە.
لەدەست دانی زاتێکی وەک مامۆستا خەسارەتێکی گەورەو بۆشاییەکی زۆر بوو لەناو کوردو پەیڕەوانی زانست و عیرفان، بەڵام وەک چۆن سەربەرزانە ژییا، بەهەمان شێوە وەفات و کۆچکردنیشی بووە مایەی سەربەرزی و گەورەییەکی زۆر بۆ کوردو زانایانی ئایینی، چونکە پەرۆشی و پەیامی هاوخەمی زۆرێک لە کەسایەتی و زانایان و ناوەندە ئەکادیمی و زانستیەکانی جیهانی ئیسلامی ئەوە راستیەی سەلماند، کە زانایانی کورد نەک لە رۆڵی پێشەنگی دان لە بواری خزمەتکردنی ئیسلام و زانستە ئیسلامیەکان و رێبازی راستەقینەی گەورە زانایان، بەڵکو جێگەی شانازی گەورەن لای زانایانی جیهانی ئیسلامی.
بەداخەوە بەرەبەیانی 6ی4ی2023 زایینی بەرامبەر بە 15ی رەمەزانی 1444 کۆچی دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و گەڕایەوە لای خوای پەروەردگار، خوای گەورە دەرەجاتی عالی بکات و دوا مەنزڵی فیردەوسی ئەعلا بێت، هەزاران دروود بۆ گیانی.
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.










