سه‌ره‌تا وتار كوردایەتی بە شەرتی چەقۆ.!

كوردایەتی بە شەرتی چەقۆ.!

280

رۆشنا عەلی
ئەوەی لە ماوەی 30 ساڵی حكومڕانی هەرێمی كوردستان پارێزەری ئەزموونەكە بووە و تا ئێرەی هێناوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، كە لە ناخۆشترین و هەستیارترین چركەساتەكانیشدا پشتی لە جەماوەر و خاك و هاونیشتیمانیان نەكردووە و شێلگیرانە داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە، ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاری و هێرشە سەربازییەكانیش لەوێوە بوەستێت و جەنگی دژ بە تیرۆر و بەرپەرچدانەوەی داگیركارییەكانی دوای 16ـی ئۆكتۆربەریش، كە بە دەستكێشی هەندێك بڕیاربەدەستی لایەنێكی دیاریكراوی هەرێمی كورستان بوو، باشترین و نوێترین نموونەی ئەم خۆڕاگرییەی پارتی بووە.

پارتی تاكە حزبی سەرەكی بووە، بە جۆرێك ئەزموونەكەی پاراستووە، كە توانیویەتی لەسەر هەموو ئاستەكان كار بكات و سەنتەری بارودۆخە ناهەموارەكانیش ڕابگرێت و هاوسەنگی ئیداری و ئەمنیی و ئابووری وڵاتیش بپارێزێت، ئەوەش چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بووبێت یان ناوخۆیی، هەركاتێكیش گلەیی و بارگرژییەك دروست بووبێت پارتی بەرپرسانە ڕوونكردنەوەی پێویستی داوەو شانی داوەتە بەرپرسیارییەتییەكەی و مامەڵەیەكی دروستی لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەكان كردووە.

هەندێك لەو حزب و لایەنانەیش كە بە هەموو پێوەرێك خۆیان وەك حیزبێكی سیاسی كوردستان و هاوبەش لە حكوومەت و حوكمڕانیدا بینیوەتەوە، لە بارودۆخە سەختەكاندا نەك هەر هاوبەش نەبوون، بەڵكو پێشڕەوی تێكدان و لەباربردنی ئەزموونی هەرێم بوون، بە تایبەتییش بەشێك لەوانەی ئێستا سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەن، كە لە هەر بارگرژییەكدا وەك ئۆپۆزسیۆنی پلە یەك مامەڵەیان كردووە و هیچ حسابێكیان بۆ شەراكەت و هاوبەشی لە حكوومەت نەكردووە. بۆیە ئێستاش هیچ سەیر نییە لە هەر سوچێكی ترەوە دەرفەتێكیان بۆ هەڵكەوێت لە دەستی نەدەن و بەبێ‌ ئەوەی بیر لە ئەنجامە خراپەكانی بكەنەوە دەست بۆ هەموو ئەو كارانە ببەن، كە دواجار بە زیانی ئەم ئەزموونە تەواو دەبێت، بەڵام لەوەش خراپتر ئەوەیە، هەموو ئەو كارو كردەوانەیان بە كوردایەتی بفرۆشنەوە خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستان، وەك ئەوەی ئێستا دەبینین كە خۆیان خۆڵ بەسەر خۆیاندا دەكەن و پارتیش تۆمەتبار دەكەن.

ئەوەی ئێستا لە سلێمانی ڕوویداوە و هەروا كاردانەوەی خراپتریشی بەدوادادێت، كارێكی مەترسیدارە و لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێ ڕووداوەكە بەلاڕێدا ببەن، تا كەس لێیان نەپرسێتەوە چی بووە و چی روویداوە و بە دەستكێشی كێ ئەو بۆردومانە كراوە، لەم دەڤەرەی تاقمێكی یەكێتی تیایدا باڵادەستە، بەردەوام ڕووداوی نامۆ ڕوودەدەن، ئەمنیەتی خەڵك و شارەكەش كەوتۆتە مەترسییەوە، نە بازرگانێك و نە هاووڵاتییەكی ئاسایی و نە گەشتیارێك و تەنانەت خودی میوانەكانی خۆشیان لە ئەماندانین، بەڵام پارتی وەك حیزبێكی سیاسی كە خۆی بە ئامرازی پاراستنی سەروەریی و بەرژەوەندی و مافەكانی گەلی كوردستان دەزانێت، رێگا نادات ئەجێندای هیچ لایەنێكی خراپەكار سەربگرێت، ئەگەر بزانێت زەڕەیەك مەترسی لەسەر خەڵكی كوردستان و ئەزموونەكەی دروست دەكات.

هێشتا ئەزموونی باشوور پێویستی بەوپەڕی دڵسۆزی و كوردایەتی و پاراستنە وهەر هەنگاوێكی تر لەدەرەوەی ئەوە بە زیانی میللەتەكە دەشكێتەوە، كوردستان هێشتا هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێی لەسەرە و تەنانەت عێراقیش كە خۆمان بەشێكین لە دروستكردنەوەی و پاراستنی ئەمنیەتەكەی، هەر لادانێك هەڵدەقۆزێتەوە و نیشانەی پرسیارمان لەسەر تۆخ دەكەنەوە، بۆیە بۆ كورد لە ئێستادا كە لەساتەوەختی خۆڕێكخستنەوەدایە و خەریكە كێشەكان لەگەڵ بەغدا ڕاستەڕێ‌ دەكات و پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی كوردستان بە نێودەوڵەتی دەكرێت، پاراستنی ئەم ئەزموونە و هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی كوردایەتییە، نەك دروستكردنی كێشەی لابەلا بە ناوی كوردایەتی و موزایەدەی نالۆژیكی، هاوكاریكردنی هەرسێ پارچەكەی دیكەی كوردستان جێگەی ستایشە، بەو مەرجەی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكانی باشووری كوردستان نەكەوێت، بەڵام ئەم هاوكاری و پاڵپشتیكردنە، لەگەڵ حزبێكی وەك پەكەكە و باڵ و كەرتەكانی ناكرێت، كە هەموو ئامانج و ئاواتیان تێكدانی ئەمنیەت و وێرانكردنی وڵات و لەناوبردنی حوكمڕانی كوردییە لە هەرێمی كورستاندا، ناشكرێت هەرچی بتەوێت تاكلایەنانە و تاكە كەسییانە بیكەیت و بەیاننامەی خەستیش دەربكەیت، گوایە ئەوە كوردایەتییە، ئەم كوردایەتییەی سەركردەكانی ئێستای یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكەن، دەبێت ناوبنرێت كوردایەتی بەشەرتی چەقۆ، بۆ تێكدانی ئەوەی هەیەو ئەوەی كراوەو ئەوەی بڕیاریشە بكرێت.