خەبات: كارزان حەیدەر:- دوای شەش مانگ لە كردنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا،لە ئاییندەیەكی نزیك و هەر ئەمساڵ،نەمسا كونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر دەكاتەوە، لۆزان سالار گەردی-ڕاوێژكاری ئابووری باڵیۆزخانەی نەمسا، ژووری بازرگانی هەولێر و عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بە(خەبات)ی ڕایگەیاند:”دوای شەش مانگ لە كردنەوەی باڵیۆزخانەكەمان لە بەغدا،كونسوڵخانەی نەمسا لە هەولێر دەكەینەوە و پەرەی زیاتر بە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدەین،بەتایبەتیش پەیوەندییە ئابووری و سیاسیەكان،لەگەڵ ئەوەی ساڵانێكە پەیوەندییەكی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و نەمسا هەیە،لە هەردوو لاشدا وەبەرهێنانی باش كراوە.

ڕاوێژكاری ئابووری باڵیۆزخانەی نەمسا پێی وایە،هەرێمی كوردستان دەرفەتی وەبەرهێنانی زۆر گەورەی تێدایە،حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پشتیوانی باشی وەبەرهێنەران دەكات لە سێكتەرە جیاوازەكان،بەتایبەتیش وەبەرهێنەرەكانی نەمسا،ئەوەش جێی سوپاس و ستایشی ئێمەیە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان،ئەو پشتیوانیانە هانمان دەدا خزمەتی زیاتری كوردستان بكەین بە پرۆژەكانمان.