بەپێی گوتەی دوو سەرچاوەی حکوومی، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە وەستاندنی پڕۆسەکە.
ئاژانسی فرانس پرێس (AFP)ـی فەرەنسی هەواڵەکەی لەسەر زاری دوو سەرچاوەی حکوومییەوە گواستۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لە دوو ڕۆژی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جهان لە تورکیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەستپێدەکاتەوە، هاوکات سەرچاوەیەکیش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەویش پێی باش بووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئەو زانیارییەی پشتڕاست کردەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لەبارەی ڕێککەوتنەکە ئاشکراشی کردووە کە لیژنەیەکی هاوبەش سەرپەرشتی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و داهاتەکەشی دەخرێتە هەژمارێکی تایبەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس بڕیاری دا کە لەمەودوا بەبێ ڕەزامەندی بەغدا، نابێت تورکیا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فەرەنسییەوە پێشووتر ڕایگەیاندبوو، لێکگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی دادگە.