وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن.

بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە.

بڕیاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

لەم چوارچێوەیەدا،  سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.

لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لە گەل بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/3/25