ئاشتی شەهباز
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهارو نەورۆز گەشت و سەیران و هەروەها گرووپەكانی شاخ ڕەوی و وەرزشوانانی شاخەوانی زۆرتر وزیاتر دەبن, بەتایبەت لەو دەیەی دواییدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە گرووپی شاخەوانی دروست بوون و لە رۆژانی پشووەكان و بۆنەكان هەروەها شاخ ڕِەوی ئەنجامدەدەن جگە لەوەرزشێكی بەسوودەو بە چەندین چیا و شاخ و دۆڵ وگوندی جوان ئاشنادەبن و هەروەها چێژ بەخشیشە, بەناو سروشتی جوانی شاخەكان و دیمەنە دڵڕفێنەكانی كوردستان و لە ئێستادا زۆرێك لە ژنان و خێزانەكانیش بەشداری ئەو گرووپە شاخەوانیانە دەكەن, بەڵام ئەوانەی رێبەری ئەو گرووپانە دەكەن بەرپرسیاریەتی رووداوە پێشهاتەكان لە ئەستۆ ناگرن و تاكی بەشداربوو یان ئەندامی گرووپ خۆی بەر پرسیارە لە هەر رووداوێك رووبەرووی ببێتەوە, ئەوەی زۆر گرنگەو پێویستە بیزانین هەبوونی ئەو مین تەقەمەنیانە كەوا بە درێژایی نزیكەی هەشت ساڵ شەڕی نێوان وڵاتی ئێران و ئێراق روویدا و هەروەها لەكاتی تریش و تا ئێستاش شوێنەكان بە تەواوی لە وكێڵگە مینانە پاك نەكراونەتەوە و لەگەڵ هەبوونی دەزگای كاروباری مین و چەندین رێكخراو كە لەو پێناوەدا هەن و كار لەسەر پاككردنەوەی كێڵگە مینەكان دەكەن, لەگەڵ ئەوەش وادیارە هەندێك لەو گرووپانەو رێبەرانە شارەزایی تەواویان نیە لە رێبەری و رێگاكان و هیچ رێگریەكیش نیە لە چوون بۆ هەر شوێنێك و ناوچەیەك چ بەمەبەستی گەشت و سەیران بێت یان بەتایبەتی شاخەوانی لەكاتێكدا زۆربەیان مۆڵەتی فەرمیان هەیە مەبەستیش لە پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان و دوور لە بەرتەسككردنی ئازادیەكان.

بەندە بەهۆی بەشدایكردنم لە چەندین شاخ ڕەویەك لەگەڵ چەندین گرووپ , تێبینی ئەوەم كردووە لەكاتی ڕاگەیاندنی بەرنامەكانی شاخەوانی لەلایەن سەرەك گرووپ, ئەوەی جێگەی بایەخە ئامادە بوونە لەو شوێنەی دیاری دەكرێت لەكاتی دیاریكراو و ئەو كەل وپەلانەی كەوا پێویستن بۆ ئەو گەشتەو هیوای سەلامەتی دەخوازن و ئاماژە بەوەش دەكرێت كەوا گرووپ بەرپرسیار نیە لەهەر رووداوێك , ئەوە كێشە و مەبەستەكەیە بۆ خستنەڕووی ئەو بابەتە و پێویستە چارەسەر بكرێت , لە هەندێ‌ شوێن تابلۆی ئاماژی مەترسی و هەبوونی مین هەیە , بەڵام لە هەموو شوێنێك لێی نیە و یان نەماوە, لەگەڵ هەبوونی هەندێ‌ ئاماژە وەك ژمارەیەك بەرد لەسەر یەك وەك گردەڵۆك و یان چەندین داری رەنگكراوە لە ریزێكدا , بەڵام وەك زانراوە لە كاتی داڕمانی بەفر و باران ئەو مینانەی كەوا كاتی زۆریان بەسەر تێپەڕیوە خۆڵی سەر مینەكە تەنك بووە و یان بەئاسانی دیارە یاخود بە پێچەوانەوە, هەروەها لەگەڵ بارینی بارانی زۆر و شل بونەوەی خۆڵ هاتنەخوارێی لەگەڵ قوڕو لیتە مینەكانیش دەڕۆن و لە شوێنی خۆیان نامێنن, هەندێجار ئەگەر لەو شوێنە تابلۆش هەبێت!, بۆیە پێویستە بە پلەی یەك حكومەت لەو بارەیەوە رێگایەكی گونجاوتر بۆ ئەو مەترسیانەی ئەگەری روودانیان هەیە بدۆزێتەوە و لەرێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن هەڵمەتی راگەیاندنی ئەو مەترسییانە بخرێنەوە بەر باس و پیشاندانی جۆرەكانی مین و تەقەمنیەكان و ئەو شوێنانەی گریمانەی كێڵگەی مینی لێدەكرێت.

بە پێی زانیاریەكان هەر لە سنوری قەزای چۆمان , حاجی ئۆمەران , كۆیە و تا دەگاتە ناحیەو گوندەكانی وەرتێ‌ بە دەیان كێڵگەی مین هەن و هێشتا كاریان لەسەر دەكرێت و پاك نەكراونەتەوە , رەنگە لە رێگەی خولی تایبەت بەچۆنیەتی رووبەرووبونەوەی مەترسیی و هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ مین و تەقەمنیەكان رووداوەكان كەمتر بكەنەوە, گومانی تێدانیە لەلایەن دەزگای كاروباری مین ەوە زانیاری تەواو لەبەر دەستن لە هەبوونی كێڵگە مینەكان وبۆ پەیوەندیكردنیشش بە هێلی گەرمی فریاگوزاری مین 182 لەكاتی هەبوونی هەر رووداوێك و گەیاندنی زانیاری , جێی داخە هەر لە دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵ دوو شاخەوان لەكاتی شاخەوانیدا لە زنجیرە چیاكانی كۆڕەك سەركێلە( گۆڕنۆك)دەكەوێتە گوندی بێخاڵ و نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە هاوینەهەواری بێخاڵ ەوە دوورە برینداربوون و مینیان پێ‌ تەقیەوەو زۆر بەزەحمەت گەێندرانە نەخۆشخانە ,, لە گەشتێكی دیكەشدا لە كاتی شاخ ڕەوی شاخەوانێكی تر كەوتە خوارەوەو بە هەلیكۆپتەری فریاگوزاری توانرا بەفریایی بكەون.