ئەمڕۆ سێشەممە 28/2/2023، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی بەهاناوەچوونی بوومەلەرزەکەی تورکیا کۆ بووەوە و گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی کۆبوونەوەکە دەکات.
لەم بارەیەوە، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: ”ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆ بووینەوە کە هەم سوپاسی کردین بۆ هەوڵەکانمان لە هاوکاریی تیمەکانی تورکیا لە ڕووداوی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە، هەم باسی ئەگەر و پێشهاتەکانی کوردستانیش کرا لە کاتی ڕووداوە سروشتییەکاندا.”
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی: ”ئێمە هەڵسەنگاندنی سەرتاسەری بۆ تەواوی باڵەخانەکانی کوردستان دەکەین و ڕووپێوی گشتی بۆ لایەنی سەلامەتییان دەکرێت.”