شارەزایەکی یاسا و دەستووری عێراق دەڵێت، پێویستە یاسای نەوت و غاز لە عێراق بەپێی دەستوور ئامادە بکرێت و مافی هەرێمی کوردستانیش لەو یاسایەدا جێگیر بکرێت.
موحسن سەعدوون، شارەزای یاسا و دەستووری عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستتان گوتی: ”لە پارێزگای دهۆک کۆڕبەندێک ساز کرا لەبارەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق کە زانکۆی دهۆک کۆلیژی یاسا ڕێکی خستبوو و مامۆستایانی یاسا تێیدا بەشدار بوون و ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆر سەباح سوبحی و پەرلەمانتارانی کوردستان و کەسایەتیی دیکەش ئامادە بوون و گفتوگۆ کرا لەبارەی یاسای نەوت و غاز کە بەپێی دەستوور نەوت و غاز مڵکی هەموو خەڵکی عێراقە و پێویستە دەسەڵاتی هاوبەش لە بواری نەوت و غاز لە نێوان هەرێم و عێراق هەبێت، ئەمە بەپێی دەستووری عێراق، بۆیە باسمان لەوە کرد، هەر بڕیارێک دەربارەی یاسای نەوت و غاز بدرێت، پێویستە بەپێی ماددەی 111 و 112 و 115ی دەستووری عێراق بێت.”
موحسن سەعدوون گوتیشی: ”هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێویستە یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستوور دەربچێت و مافی هەرێمی کوردستانیش لەناو ئەو یاسایەدا جێگیر بکرێت.”
سەعدوون ڕوونیشی کردەوە: ”پێویستە بۆ ئامادەکردنی یاسای نەوت و غاز هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێت و چۆن دستوور باسی کردووە بەو شێوەیە ئامادە بکرێت و مافی هەرێمی کوردستان و عێراقیشی تێدا بێت.”