خەبات: رۆشنا عەلی:- خوێندن و خوێندنەوە لە پرۆسەی پەروەردە بە ئاراستەی راستەوانە دەڕۆن ، پرۆسەی خوێندن بێ خوێندنەوە بە ئامانج ناگات و خوێندنەوەش بێ خوێندن مەحاڵە ، بۆیە لە ئێستادا ئەوەی دەبینرێت لە قۆناغی بنەرەتی تا دوای زانكۆ تەنها خوێندنە ، دەكرێت بپرسین ئایا هۆكارەكانی پشت نەخوێندنەوەو پشت كردنە كتێب چییە ؟ ئایا تەنها لە بوارە پەروەردەییەكە خوێندنەوە پشت گوێ خراوە یان بە گشتی كتێب سەنگی نەماوە : لەمبارەیەوە گفتو گۆیەكمان لەگەڵ مامۆستا ئەبوبەكر قادر مستەفا سەرۆكی رێكخراوی خوێنەری كارا كرد ، مامۆستا هەم راهێنەرێكی پەروەردەییەو هاوكات خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە رێگاكانی وانە وتنەوە لە رێگای رێكخراوەكەیانەوە هەڵمەتێكیان بۆ ئەنجامدانی سمینار لە قوتابخانەكان بۆ قوتابیان و مامۆستایان دەستپێكردووە، بۆئەوەی گرنگی خوێندنەوە بۆ قوتابیان روونبكەنەوەو ئاشنایان بكەن بە كتێب و ئاراستەیان بكەن كە ببنە خوێنەرێكی كارا.
*سەرەتا دەربارەی رێكخراوی خوێنەری كارا كە ئامانجی چییەو دەیەوێت چی بگۆڕێت؟ سەرۆكی رێكخراوی ناوبراو گوتی: رێكخراوەكەمان سەربەخۆیە كاردەكات لە بواری پەروەدەیی و رۆشنبیری و توانا مرۆییەكان پەیامێكی بەرزكردۆتەوە ئەویش بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندنەوەیە لە هەرێمی كوردستان ئێمە دەمانەوێت لە رێگای خوێندندنەوەوە تاكێك دروست بێت تاكێكی كاراو چالاك و بەرهەمهێن تا ئێستا زیاتر لە 300 سمینارمان ئەنجامداوە لەناو رێكخراوەكەو لە ناو ناوەندەكانی خوێندنیش ئەو كەسانەی كە سوود مەند بوون لە پرۆژەكانی خوێندنیش زیاتر لە 15000 هەزار كەسن لە مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران.
*هۆكاری سەرەكی بیرۆكەی ئەم رێكخراوە هەر ئەوەیە كە هەمووان دەزانین خوێنەر كەمبۆتەوە یان لایەنی شاراوەی كتێب خوێندنەوە لەلای ئێوە لەوە زیاترە كە تەنها خوێندنەوە بێـت؟
هەر پرۆژەیەك سەرەتا بیرۆكەیە دواتریش لە چوار چێوەی رێكخراوەیەك كارمان لەسەر پرۆژەكە كرد گرفتی ئێمە ئەوە نییە كە خەڵك ناخوێنێتەوە ، بەڵكو نەبوونی كتێبی باش هۆكارێكی ترە كە وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگاكانی پەخش و بڵاو كردنەوە ئەو كتێبانە ناخەنە بەر دەست كە كێشەكانی خوێندنەوە چارەسەر بكات هەموو كتێبێك ناكرێت چاپ بكرێت كتێب هەیە كێشەیەك چارەسەر دەكات ، بەڵام دەیان كێشە دروست دەكات لە دنیادا و لە وڵاتانی پێشكەوتوو كاتێك كێشەیەك لە ناو چینێكی كۆمەڵگا دروست دەبێـت دێن بانگی گەورە نووسەرەكان دەكەن كە كێشە هەیە لە رێگای نوسینی كتێب جا چ رۆمان بێت یان چیرۆك یان لە رێگای گەشە پێدانی مرۆیی بێت ئەو كێشەیە چارەسەردەكەن ، لە وڵاتان ئێستاش بە ملیۆن كتێب دەفرۆشرێت، بەڵام لای ئێمە نوسەر 1000 كتێب چاپ دەكات نافرۆشرێت، ئێمە 130000 مامۆستای دامەزراومان هەیە نزیكەی 30000 مامۆستای وانە بێژیشمان هەیە كتێبێكی زۆر بە سوودی پەروەردەیی چاپ بكە زەحمەتە هەزار دانەی لێ بفرۆشرێت كەواتە لە 160000 هەزار مامۆستا 1000 مامۆستای خوێنەرمان نییە.
*تاكە هۆكارێك كە خوێنەری كەمكردووە چییە بە پلەی یەكەم چییە ؟
ئێستا ئەوەنەی گرنگی بە خواردن دەدرێت ئەوەنە گرنگی بە خوێندنەوە نادرێت، ئێستا گەدە زیاتر لە مێشك گرنگی پێدەدرێت دەسەڵاتیش بە پلەی یەكەم لێی بەرپرسیارە ، چونكە ئێستا لە بەریتانیا بە دەیان پرۆژە هەیە بۆ خوێندنەوە بۆ نموونە ئەوانەی هەژارن بە بێ بەرامبەر كتێبیان بۆ دەبەن ئێمە دەڵێین با خەڵك بخوێنێتەوە با بەمۆبایلیش بێت، نەبوونی هاندان و بەرنامە و پرۆژە لەلایەن حكومەتەوە كە هانی خوێندنەوە دەدات هۆكارێكە بۆ كەمی خوێنەر، بۆ نموونە كوڕی سەرۆكی حكومەت ئارین بارزانی چالێنجێكی كردبوو بۆ خوێندنەوە زۆر كارێكی باشە و هاندانی گەنجە پێویستە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم وەك هاندانێك پرۆژەیان بۆ خوێندنەوە لە داهاتوودا هەبێت بۆ نموونە سەرۆكی حكومەت بانگی كەسانی شارەزا بكات كە چ كتێبێك بۆ چ تەمەنێك دەبێت ژمارەیەكی زۆری لێ چاپ بكرێت و بە نرخێكی هەرزان بدرێتە خەڵك یان بە دیاری بدرێت بەو مەرجەی كە بخوێنرێتەوە پێم وانیە تێچوویەكی زۆری بوێت ئێمە وەك رێكخراوەكان كاری تەواوكاری دەكەین بۆ نموونە لە بواری پەروەردە كێشە یان كەم و كوڕیەك هەبێت ئێمە دەتوانین چارەسەری بكەین ،بەڵام كاتێك كێشەكە گەورە دەبێت تەنها حكومەت دەتوانێت چارەسەری بكات وەك ئەوەی ئێستا كە كێشەی كەمی خوێنەر زۆر زەقەو پێویستی بە حكومەتە.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا پێتان وانییە هاوكات لەگەڵ كەمی خوێنەر ئێمە كێشەی كەمی كتێبی باشمان هەیە؟ مامۆستا ئەبوبەكر گوتی: راستە ئێستا زۆر لە دەزگاكان كتێبەكانیان زۆر دەمێنێتەوە و سەرف نابێت بۆ نمونە لە بازاڕ شتێیەك دەمێنێتەوە كە خەڵك پێویستی پێی نییە ، بۆ كتێبیش وایە كتێبەكان لە ئێستادا نەبوونەتە پێویستییەكی خەڵك تا ناچار بن بیكڕن خەڵك هەست ناكات ئەو جۆرە كتێبانە پێویستی مێشكی ئەو پڕدەكەنەوە بۆیە ئەوەش هۆكارێكی ترە كە دەگەرێتەوە بۆ نووسەرەكانمان ناوەندەكانی پەخش و بڵاوكردنەوە ستراتیژیەتیان نییە، وەزارەتی رۆشنبیری سەرپەرشتیاری تەواوی نییە، وەزارەتی پەروەردەو رۆشنبیری هەماهەنگییان نییە ، چونكە پێویستە هەم پڕۆگرامی زانستی هەبێت هەم رۆشنبیری قوتابی كە 12 كتێبی هەیە بیخوێنێت با كتێبیشی هەبێت بیخوێنێتەوە، من لەو بوارە پرۆژەم هەیە لە ساڵی 2015 پرۆژەیەكم پێشكەشی وەزارەتی پەروەردە كرد بیست كتێبم دیاریكردبوو كە بیست قوتابخانە هەڵبژێرین لە هەر قوتابخانەیەك 50 قوتابی هەڵدەبژێرین لەماوەی وەرزی یەكەم و دووەم بیست كتێب بخوێنێتەوە سپۆنسەریشم بۆ پرۆژەكە پەیدا كردبوو هەتا ئێستا وەڵامیان نەدامەوە.
*خێزانەكان بۆ ئەوەی منداڵەكانیان بخوێننەوە چی بكەن چۆن هانیان بدەن ؟
من ئەگەر خۆم نەخوێنمەوە ناتوانم منداڵەكانم هان بدەم لەسەر خوێندنەوە من كاتێك سمینار لەگەڵ قوتابخانەكان دەكەم بە مامۆستاكان دەڵێم منداڵی ئێستا وەك منداڵی سەردەمی پێشوو نییە ئەم جیلە هیچ هەست بەبەرپرسیارێتی ناكات، لە هەمان كاتدا منداڵ كێشەی نییە دایك و باوك كێشەی هەیە مامۆستا كێشەی هەیە ئەو منداڵە كە كێشە یان كەم و كوریەكی هەیە ئەو سیانە بەرپرسیارن جا كەئەوان نەخوێننەوە كەواتە چۆن دەتوانن كێشەی بۆ چارەسەر بكەن یان مامەڵەی لەگەل َبكەن مامۆستا بە تایبەتی ئەتوانێت هاندەرێكی باش بێت بۆ قوتابی كە بخوێنێتەوە.
*لایەنی تەكنەلۆجیاش هۆكارێكی تر نییە كە منداڵ و گەورەو گەنجی دابڕیوە؟
لە یابان یاسای 15 خولەك هەیە لە رۆژێكدا ئەگەر ئێمە كە 3 كاتژمێرمان هەیە لە رۆژێكدا مۆبایل لێمان دەكوژێت ئاساییە 15 دەقەی لێ دەربێنین رۆژانە كتێب بخوێنینەوە ئێمە كاتمان هەیە، بەڵام وەك ئەوەی بە قوتابییەكانمان دەڵێین نازانین رێكی بخەین.
*كەواتە هەموو ئەم كێشانە چارەسەریان چییە ئێوە چۆن چارەسەری ئەم دۆخە لە سمینارەكاندا بە قوتابیان دەڵێن هاندانتان چییە ؟ ئێمە لە رێكخراوی خۆمان گروپ بە گرنگ دەزانین گروپی خوێنەران دادەنێین ، لە قوتابخانەیەك دە مامۆستا هەبێت پێنجیان مانگی یەك كتێب بخوێننەوە دەبنە نموونە بۆ ئەوانی تر پاش ساڵێك رەفتاریان جوانتر دەبێت بە ئەتەكێت تر دەبن خۆیان باشتر ئامادە دەكەن شێوازی مامەڵەیان دەگۆرێت و دەبنە نموونە بۆ قوتابیانیش هەروەها گروپی خوێنەران لەناو قوتابیانیش پێكبهێنرێت كە زۆر گرنگە ئێمە هەمیشە لە سمینارەكانمان سەرەتا بۆ ماۆستاكان دەكەین دواتر بۆ قوتابیان بۆ ئەوەی مامۆستایان گرنگی خوێندنەوە بزانن و كاریگەریان لەسەر قوتابیان هەبێت.
*لە میانەی ئەو سمینارانەی دەیكەن هەستتان كردووە گۆرانكاری كرابێت و كاریگەریتان هەبێت؟
ئێمە لەو پرۆژانەی كە هەمان بووە لە رێگای خوێندنەوە و هەم لە رێی سمینارەكانیش لە رووی خوێندنەوە ئێستا خەریكی پرۆژەیەكین بە ناوی چیرۆكی من لەگەڵ خوێنەری كارا ئەوانەی پێشتر بەشداریان لە پرۆژەكانی خوێندنەوە كردووە ساڵی یەكەم كە بەشداری لە پرۆژەكانی ئێمە كردووە 50 كتێبی خوێندۆتەوە ئێستا ئەوانە مامۆستاو ئەندازیارو خەڵكی سەركەوتوون كە هاتوون لە ئامادەیی بوون دەربارەی سمینارەكانیش %90 ی ئەوانەی بەشداریان كردووە سوود مەند بوون.
*ئەگەر ئەم دۆخەی كەمی خوێنەرو بەرهەمی نەبوونی بەرهەمی باش بەردەوام بێت دۆخی كۆمەڵگا بەرەو كوێ دەچێت؟
تاكە پێوەری بەرەو پێشچوونی وڵاتان خوێندنەوەیە كەواتە ئێمە یان لە شوێنی خۆمان دەچەقین یان بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە سەیری وڵاتان بكەین ئێستا لە ئیمارات گەورەترین وێستگەی وزەی خۆری داناوە كە بەشی شەش ملیۆن كەس دەكات كارەبای بۆ دابین بكات بێ ئەوەی گازو هیچ مادەیەكی ژینگە پیسكەری هەبێت كە پێشتر 90 تەن گاز دەچووە ئاسمان ، ئێستا لە ئیمارات پرۆژەیەكیان هەیە بەناوی كێبڕكێی خوێندنەوە كە ساڵی رابردوو 22 ملیۆن كەس بەشداری كردبوو لە هەموو وڵاتە عەرەبییەكان كە تەنها دابینكردنی بەشێك لە داهاتە بۆ خوێندنەوە بۆیە ئێمە ئەگەر قەناعەت بەوە بكەین كە ئێستا هەیە دنیاش بەرەو پێش دەچێت ئێمە لەباتی بەرەو پێش بچین بۆ دواوە دەگەڕێینەوە.
سەرۆكی رێكخراوی خوێنەری كارا بۆ خەبات دەدوێ