دڵشاد کاوانی ڕۆماننووس و ڕەخنەگر
پێشەکی
ڕۆمانی هەیئە یەکێکە لە ڕۆمانە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانی کوردی سەردەمی شۆڕشگێڕی و خەباتگێڕی کورد لە ڕێگەی کارکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ڕووداوەکانی ناو زیندانێکی سیاسی دەگێڕێتەوە، سۆران ئەحمەد وەک گەنجێگی خوێندەواری کورد لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەخزێتە ڕیزی ڕێکخستنەکانی نهێنی پارتێکی سیاسی کوردی، دواتر بە هۆی کەسێکی غاین دەستەکەیان ئاشکرا دەبن و سۆران وەک یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخستنە سیاسی و پارتیزانییەکە ئاشکرا دەبێت و لە شەوێک دا لە ماڵەکەی خۆی دا دەستگیر دەکرێت و لای دەزگە ئاسایشییەکانی ئەو کات زۆرترین ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت.
تەکنیک لە ڕۆمانی هەیئە
ڕۆمانەکە لەسەر زاری کارەکتەری سەرەکی دەگێڕێتەوە و بە شێوەی گفتووگۆ لەگەڵ هاوزیندانیانی هەندێک جار سۆران دەبێتە بۆ گێڕەوە و هەندێجاریش گێڕەوە، ڕۆمانی هەیئە لە ڕووی تەکنیکەوە شێوە و شێوازی داڕشتنی تاڕادەیەک سادەیە، کەمترین فلاشباگ و گەڕانەوەی بۆ شەپۆڵەکانی هەست تێدا دەبینرێت، ئەمەش لە زۆربەی ڕۆمانە شۆڕشگێڕییەکان دەبینرێت، کە زۆربەیان بەهۆی نزیکایەتی هاوخەباتی دەکەونە ژێر هەژموونی کۆمۆنیستی و ئەدەبیاتی ڕووسییەوە، کارلێکی ناوەڕۆک لە شێوەی گێڕانەوە، دەکەونە قۆناغی دوای ڕۆمانەکانی ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆریاوە. بەمەش دەتوانین بڵێین تەکنیک لە ڕۆمانی هەیئە وەک ڕۆمانی ژانی گەل بە تەواوەتی ڕۆمانێکی ڕیالستییە.
کات لە ڕۆمانی هەیئە
کات لە ڕۆمانی هەیئە سەردەمی تەواوی ڕۆمان نابڕێت و دەتوانین بڵێین کات لە ڕۆمان درێژترە و لە چیڕۆک دا کورترە، ئەوەی لە هەیئە دا دەبینرێت، کات لە چەند مانگێک تێپەڕناکات. کەواتە کاتی ناو ڕۆمانەکە دەچێتە چوارچێوەی کاتی چیڕۆکی دڕێژ، چونکە لانی کەم لە ڕۆمان گەڕانەوە و گێڕانەوە نیو سەدە و تەمەنێکی مرۆڤی گەرەکە، ئەمەش زۆر جار لە ڕێگەی فلاشباگەوە دەگێڕێتەوە. بۆیە بەم پێوەرە ڕۆمانی هەیئە لە ڕووی کات و زەمەنییەوە تەنانەت وەک کورتە ڕۆمانیش حیسێب ناکرێت. هەر بۆیەشە ڕۆماننووس هەوڵی داوە لە سێ ڕۆمانی دیکەی جیادا، ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانی هەیئە بەیەک ببەستێتەوە، بە ناوی سێگۆشەی سنوور، کاروانی چەک، زیندانی گەڤەڕ لە کۆی یەک کتێب بەناوی کۆڕۆمانی بووژانەوەی ژیلەمۆ، ئەم بۆشایە پڕ بکاتەوە ڕۆمانەکەی پێ تەواو بکات. لێ چونکە هەرسێ ڕۆمانەکەی دیکەی ڕۆمانووس، هەریەکەیان لە قۆناغی جیادا وەک ڕۆمانی سەربەخۆ چاپکراون. زیندانی گەڤەڕ پێنج ساڵ پێش هەیئە چاپ دەکرێت. سێگۆشەی سنوور دوانزە ساڵ دوای هەیئە، کاروانی چەک لەگەڵ کۆڕۆمانەکە نۆزدە ساڵ دوای هەیئە بڵاودەبێتەوە. بۆیە هەیئە وەک رۆمانێکی سەربەخۆ سەیر دەکرێت و لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.
ناوڕۆک لە ڕۆمانی هەیئە
ڕۆمانی هەیئە لە ناوەڕۆک دا ڕۆمانێکی دەوڵەمەندە و ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە زینجیرەییە، دەستپێک، ناوەڕاست، کۆتایی، بە شێوەیکی ستوونی ڕوودەدەن، ڕۆماننووس لە ناو ڕۆمانەکەی دا لێزانانە دڕندەیی دەزگە داپڵۆسێنەرەکانی بەعس و خۆڕاگری شۆڕشگێڕەکان نیشان دەدات. گێڕانەوەکانی پڕن لە ڤێکشن و دیمەنەکان وەکوو فیلمێکی سینەمایی بە وردی دەخرێتە ڕوو مەیلی خوێنەر بۆلای خۆی کێش دەکات. هەیئە یەکێکە لە ڕۆمانە بە چێژەکان و خوێنەر کاتی دەست دەکات بە خوێندنەوەی بە ئاسانی ناتوانێت دەستبەرداری ڕۆمانەکەبێت.
گۆشەنیگا لە ڕۆمانی هەیئە
ڕۆمانی هەیئە ڕۆمانێکی فکری شۆڕشگێڕییە، کار لە سەر بیری ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات، گۆشەنیگای ڕۆمانەکە ستەملێکراوی نەتەوەیەک دەکاتە ئامانج، لە کاتی یەکتر ناسینی سۆران احمد لەگەڵ هاوبەندییەکانی دیکە دا جگە لە هاوڕێکانی خۆی کە خەڵکی سلێمانین، غازی ئاوچی شەقاوە کە بە عەرەبی دەدوێت بە ڕەگەز تورکمانە، خدری شوان خەڵکی پشدەرە، کەسێکی سادە و نەخوێندەوارە، دەروێش مەولوود پیاوێکی ئاییندارە و دەروێشە، مەغدید منداڵە و هێشتا مووی لێنەهاتووە و خەڵکی شاری هەولێرە، حەمە تەها پێشەمەرگەیە و خەڵکی شاری دهۆکە، کەسێکی کۆمەنیستە، زۆری ڕووداوەکان لە زیندانی هەیئەی کەرکوک ڕوودەدەن. ڕۆماننووس بە وردی ڕیزبەندی فکری و ئایدۆڵۆژیای سیاسی لەنیوان زیندانییەکان دەخاتە بەر باس، کە نووسەر گەرەکیەتی ئەمە بڵێت بەعس جیاوازی لە نیوان چین و توێژەکانی کەمەڵگە نەدەکرد، هەر کەسێکی بکەوتبایە مست و بە بێ هۆکاریش بێت دەستگیری دەکردن. لە کاتێ شکاندنی زیندانەکە و ڕاکردنی بەندییەکان، بە دیاری کراوی مەغدید لە خەوێکی قوڵ دایە و دەروێش مەولودیش لەخەو هەڵدەستێت دیسان دەخەوێتەوە. مەبەستی ڕۆمانووس جێهێشتنی فکری عروبە و ئایینییە لای کورد، ڕووکردنە بیری ناسیۆنالیستی کوردی چەپگەرایە. سەڵام عەبدڵا بە دیقەتەوە لە ڕێگەی سۆرانەوە و لە کاتی ڕاکردنی بەندییەکان لە نێو زیندانی هەیئە لە لاپەرە (١٣١) دەنووسیت: ئیتر هەریەکە و بەلایەکدا، لە چاوترووکانێکدا کەس لەدەورم نەما، دیرابوو هەریەکە و پەلەی بوو ڕووەو ئازادی ملبنێ. لێرە ڕۆمانووس وێنای شۆڕش دەکات، کە چۆن لە شۆڕشی کوردی هەر قەوارەیەکی سیاسی لە کاتی نزیکبوونەوە لە ئامانجەکەی بە لایەک دادەڕوات و بە جیا هەڵپەی ئازادی دەیگرێت، ئەمەش دووربینی ڕۆمانووس و شارەزاییەتی لە دۆخی سیاسی کورد لە شاخ، هەربۆیەشە سۆران بە تەنیا دەمێنێتەوە، کە مەبەستی شاراوە لە پاڵ ئەم تەنها مانەوەیە، لای سەڵام عبدوولا پارتێکی سیاسییە. بۆیە گۆشەنیگا لە هەیئە دا، ملاملانێی سیاسیی و شەڕی فکڕە لە ناو شۆڕشی کورد دا.
زمان لە ڕۆمانی هەیئە دا
زمان لە ڕۆمانی هەیئە زۆر دەوڵەمەندە و بە زمانێکی کوردی پاراو و زەنگین نووسراوە، ئەمەش ئەزموونی ڕۆماننووس نیشان دەدات، سەربای ئەوەی ڕۆمانەکە بە زمانێکی سادە و بێ گرێ نووسراوەتەوە، چەندین وشەی جوانی کوردی وەک قەندە شەکری تێهاویشتووە، وەک ئیقی دەدایەوە، لە بری پەنگخواردنەوە، قڵس بووبێت، قوشقی بووبێت بەکاردێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین وشەی نەخوازراو و هەڵە لە ڕۆمانەکە بەکار براوە، وەکوو لە لا (١٧) بەشی (٢) دا، دەستپێشکەری لە بری دەستی پێشخەری دەنووسێت. دەستپێش کەر واتە دست خستنە پێش کەر. بۆیە بە هەر پێوەرێک بێت ئەم کەریە لە کوردی هەڵەیە. ئینجا لە بەشی (٣) ی لا (٢٢) ڕەوتی کرد بۆ ڕەتی کرد دەسازێنێت. ڕەنگە ئەمە لە ڕووانگەی واتەیی هەڵە نەبێت، بەڵام لە کوردی دا ڕەوت بۆ بەرە و دەستەیی چەسپاوە. لە لا پەڕە (٢٧)ی بەشی (٣) دەنووسێت: لە سەرەتادا بڕوام نەکرد، ئاورێکم بۆ پاشەوەی خۆم دایەوە. لێرە لە باتی پشتەوە دەنووسێت پاشەوە، ئەمەش لە کوردی دا پشتەوە بۆ دواوە بەکار دێت. وەلێ پاشەوە لە پاشۆڵەوە هاتووە، هێمایە بۆ شوێنێکی دیاریکراو، بۆیە لە مەبەستی سەرەکی دووری دەخاتەوە. ئەم جارە لە بەشی (١٣) و لا (٦٢) بۆ هەڵەکار یان بەهەڵەداچوو، بە هەڵەکەر دەردەبرێت، بەمەش دوو وشەی هەڵە و کەر دەخاتە پاڵ یەکدییەوە، ئەمیش هەر هەڵەیە. هەرچەند ئەم ڕۆمانە وەک ئەوەی من چاوڕێم لێ دەکرد لە چاو ڕۆمانەکەنی دیکەی کوردی، کەمترین وشەی عەرەبی تێدا بەکارهاتووە. تەنیا وشەی لەعنەت لە بەشی (٢) ی لا (١٦) لەبری نەفرەت، یا ئیلاهی لە جیاتی ئای خودایە، لە چەندین شوێن بەکاردێنێت. ئەمەش جێگەی پێزانینە.
هەڵە و کەموکوڕی و ڕستەسازی لە هەیئە
ڕۆمانی هەیئە لە ڕووی ڕێزمان و ڕستەسازییەوە لە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی دایە، کەمترین کەموکەسری تێدا بەدیدەکرێت. هەیئە وەک ڕۆمانێکی ڕاقی و جوان دەردەکەوێت، هەرکاتێ دەقی ئەدەبی دەکەوێتە بەر دیدگایەکی ڕەخنەیی زیندووی دەق و جواننووسی خۆی دەرگەی ڕەخنە لەسەر خۆی دەکاتەوە. لە ڕۆمانی هەیئە دا ڕۆماننووس نائاگایی لە چەند شوێنێک دەکەوێتە داوی هەڵەوە. هەروەک لە بەشی یەک و لە لاپەرە (١١) ئێژێت: هەستم دایە ڕۆیشتنی پیکابەکە و دەمویست بزانم بۆ کوێم دەبەن، شەقام و کۆڵانەکانی سلێمانی چاک شارەزابووم، ئەگەرچی چاویشم بەسترابۆوە، کە پیکابەکەیان ڕاگرت، لە دڵی خۆمدا وتم ئیستخباڕاتە!. لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا مرۆڤ بە چاو بەستراوییەوە چۆن دەزانێت لە کوێییە؟ هەرچەند شارەزابێت، تەنانەت مرۆڤێک لە ژوورەکەی خۆی دا بە چاوبەستراوەیەوە چەند پێچێکی پێبکەیت نازانێت لە کۆێییە؟ ئەی چۆن سۆران زانی لە ئستخباڕاتە؟ لێرە شارەزابوون بەس نییە بۆ زانینی سۆران، دەبوایە ڕۆمانووس ئەوەشی بۆ زێدە کردبوایە کە زۆربەی گیراوانی سیاسیان دەبردن بۆ ئیستخباڕات. یان لە بەشی یەک و لە لاپەرە (١٣) دەربارەی دەست و پێوەندکردنی سۆرانی زیندانی دەنووسێت: دەستێک پاڵی پێوەنام و لەسەر تەنیشت کەوتم، سەربازێک بە پارچە قوماشێک- پەت نەبوو- قاچی بەستمەوە. لێرە ڕستەیەکی ناتەواوە چونکە سەر لە تێگەیشتنی خوێنەر دەشێوێنێت، پارچە قوماشێک- پەت نەبوو. گەر ئەو کەرستەیەی کە دەست و قاچی سۆرانی پێ بەستراوەتەوە قوماش بێت هەر خۆی پەت نییە، ئەگەریش مەبەستی نووسەر ئەوەبێت پەتیان دەست نەکەوتبێت دەبوایە بنووسێت: دەستێک پاڵی پێوەنام و لەسەر تەنیشت کەوتم، سەربازەکە پەتی دەستنەکەوت و بە پارچە قوماشێک قاچی بەستمەوە.
هەروەتر لە بەشی پێنج لە لاپەڕە (٣١) دا دەنووسێت: جاروبار شریخەی ڕاکێشانی میلی تفەنگێک و سەدای (کێی زەلام) دەبیسترا. لێرەش جاروباری ڕاکێشانی میلی تفەنگ بۆ هەموو ماوەی گیرانەکەی سۆران کە چەند مانگێکە تەواوە، کە ڕۆماننووس دەیەوێت ترسنۆکی سەربازەکان نیشان بدات. بەڵام ئەم جاروبارەی کە سۆران دەیگێڕیتەوە لەیەک شەودایە، ئەمە هەرگیز لۆژیکی نییە و ڕێگەی تێناچێت. لە شەوێک دا دەیان جار سەربازەکان بڵێن کێی زەلام و هیچیش ڕوونەدات.
لە بەشی هەشت و لاپەڕە (٤٢) دەڵێت: هەر خێرا پەلاماری یەکمان دا، کەوتینە دەست گوشین. لێرە نووسەر پەلاماردانی یەکتری بۆ تامەزرۆیی بەکاردێنن پەلاماردان زۆرتر بۆ شەڕ و قورتارنەکردن بە کاردێت، بۆیە دەشیا هەر بە خێرا کەی بنووسیبوایە جوانتر بوو.
لە بەشی (٨) و لاپەڕە (٤٤) و لە بەشی (٩) و لا (٤٧) دووجار لە بری ئەوەی بنووسێت لێویان لێ کرۆشتین، دەنووسێت ددانیان لێ کرۆشتین لە کاتێک دا لێو دەکەوێتە بن ددان و دەکرۆژێت، بەڵام ددان ناکرۆژێت بەڵکوو دەقرسێت، کورد دەڵێت ددانی لێ دەقرساند و لێوی لێ دەکرۆشت، بۆیە ئەمەش هەڵەیەکی دیکە یە ڕۆماننووس لە هەیئە تێی کەوتووە.
پاشان لە بەشی (٨) و لاپەڕ (٤٣) کاتێک عومەر بۆ هاوڕییەکانی ڕوون دەکاتەوە، کە لەڕێگەی هاوڕێیەکی خیانەتی لێکراوە و بە گرتن دراوە، زانیارییەکانیانی دەدرێتە ڕژێم کەچی نووسەر ئەوەی لەبیر دەچێتەوە، بۆیە لە بەشی (١٣) و لە لاپەڕە (٦٢) هەم دیسان دەچێتەوە سەر هەمان باس و بۆ هەمان هاوڕێکانی دووبارە هۆکاری گیرانی ڕوون دەکاتەوە. ئەمە هەم دەبێتە دووبارە و خستنە ڕووی هەمان زانیاری پێشووتر و جگە لە درێژەدادڕی هیچ خزمەتێکی دیکەی بە دەق نەکردووە.
لە بەشی (١٦) و لە لاپەڕە (٧٢) و (٧٣) دا کاتێ سۆران مامە ساڵە و مەغدید دەناسێت، مەغدید بە سۆران دەڵێت مامە ساڵە قومبەلەی لە ماڵ گیراوە، مامە سالە یەکسەر دەکەوێتە باسی قومبەلەکە و بێ ئەوەی پێشووتر سۆرانی ناسیبێت، بە تەواوی ڕازی خۆی بۆ هەڵدەڕێژێت، دان بەوە دادەنێت کە قومبەلەکەی هی خۆی بووە، کەچی لای ڕژێم نکۆڵی لەوە کردووە کە قومبەلەکە هی ئەو بێت، بۆیە دەنووسێت: لەڕاستیدا قومبەلەی خۆم بوو. بەڵام من نکۆڵیم لێ کردووە و هەر دەڵێم هی من نییە. ئەمە لاوازییە لە دەق دا، لانی کەم دەبوایە ڕۆماننووس وردتر بوایە چونکە لای هەمووان ڕوونە ئەو کات بۆ ئاشکرا کردنی نهێنییەکانی زیندانییە سیاسییەکان ڕژێم خەڵکی خۆی دەخزاندە زیندانەکان، هەروەک نووسەر خۆشی لە هەمان ڕۆمان باسی غازی ئاوچی دەکات، کە گومانی لێ دەکرێت پیاوی ڕژێم بێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری ناردبێتیانە ناو بەندیخانە، ئەی چۆن دەکرێت لە یەکەم ناسینی سۆران دا مامە سالە نهێنییەکی ئاوا مەترسیدار وا بە ئاسانی ئاشکرا بکات، لەکاتێکدا وەک خۆی دەڵیت سزای لە سێدارەدانە.
ئینجا لە بەشی (٢٨) و لاپەڕە (١٢١) دا سەلام عبداللە لە ڕستەیەکدا ئێستا نا ئێستا، بە هانا دەنووسێت، کە هانا بە کوردی واتە پەنا بۆبردن، بەم جۆرە دەڵێت: چاوەکانی زەق بووبوون دەتووت، هانا، ها ئێستا دەردەقۆپن. ئەمیش لە ڕووی خوێندەوە خوێنەر دەستغەڵەت دەدات. بۆیە باشتر بوو بنووسێت ئیستا نا ئێستا، یان هاکە، یاخود، خەریک بوو. هەر وشەیەکی دیکەی شیاوتر لە جێگەی هانا چێتر هەبوو، بینووسیبوایە.
لە بەشی (٣٠) و لاپەڕە (١٢٨) ی ڕۆمانەکەش وادەپەیڤێت: کە خالید هاتە دەرێ، دوو تفەنگی تری بەدەستەوە بوو، هەر خێرا یەکێکیانم دا بە خۆی و ئەوەی تریش بە حەمە تەها. سەیرەکە لەوە دایە تفنگەکان خالید هەر خۆی لە ژووری پاسەوانەکان هێناوییەتی و لە دەستی خۆشی دایە، ئەی چۆن سۆران یەکێکیانی دا بە خۆی لە کاتێ خالید هەر لەدەستی خۆی دایە. ئەمە بۆ حەمە تەها ئاساییە دەڵێین کە سۆران لە کورتی بڕیویەتەوە باسی لێ وەرگرتنەکەی لەدەستی خالیدی نەکردووە، یەکسەر داویتە دەستی حەمەتەها، بەڵام خۆ ناکرێت تفنگەکەی لە خالید سەندبێتەوە دیسان بیداتەوە، لە کاتێک دا سۆران خۆشی هەر تفەنگی سەربازێکی دیکەی بردووە و لەدەستییەتی و لە حاڵەتێکی ئاوا تەنگانەدا ئەمەش ڕێی تێناچێت. بۆیە لێرەش ڕۆمانووس لە گێڕانەوەی ئەم دیمەنەش دا بە دیقەت نەبووە.
هەروەها لە لاپەڕەی (١٣٠) لە بەشی (٣١) دا لا کاتی ڕاکردنەکەی زیندانییەکان دا دبێژێت: نابێ بە کۆڵانەکاندا بڕۆین. گومانم نییە کە پاساوانی لێ بێ، بۆیە دەبێ بەنێو خانوەکاندا بڕۆین. لە پێشدا ڕۆمانووس ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە ڕیزە خانووێکی لێیە و ماڵی ئەفسەرەکانە، گومانیشی لەوە نییە کە لە کۆڵانەکەدا، پاسەوانی هەیە، پرسیارەکە لێرە ئەی چۆن بەبێ گرفت بەنێو خانووەکان دا دەڕۆن کە ماڵی ئەفسەرانن و هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکیش دروست نەبوو.
دەرئەنجام
لە کۆتایدا گەیشتووینە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕۆمانی هەیئە، ڕۆمانێکی ڕیالستی ناسیۆنالیزمی کوردییە، لە قۆناغی نووسینەوەی دا، وەک ڕۆمانەکانی ئەو سەردەمەدا، بۆ هاندانی سیاسی و نەتەوەیی نووسراوەتەوە. بۆیە ناوڕۆک و گۆشەنیگا گرنگی زیاتری لە تەکنیک پێدراوە. سەرباری ئەوەی کە ڕۆمانی هەیئە، بێ کەمووکووڕی نییە. بەڵام یەکێکە لە ڕۆمانە باش و جوانەکان، کە بە مەبەستی شۆڕشگێری نووسرابێتەوە.
سەرچاوە: کۆڕۆمان. بووژانەوەی ژیلەمۆ. سەلام عبداللە. چاپی یەکەم. ٢٠٢٢. چاپخانەی دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان. زنجیرە (٧٩) ساڵی ٢٠٢١.
ڕۆمانی هەیئە. سەلام عبداللە. چاپی ٢٠٠٣.









