ئەمڕۆ یەکشەممە 12/2/2023 بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک 23 بارهەڵگر هاوکاری لە دهۆکەوە بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوانە دەکرێن.

د. عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆک، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ”هەموو خەڵکی پارێزگای دهۆک بە گەرمی پێشوازییان لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان  کرد و ژمارەیەکی زۆر هاوکاری لە دهۆکەوە بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوانە دەکرێت.”

پارێزگاری دهۆک گوتیشی: ”ئەمڕۆ 23 بارهەڵگری گەورە هاوکاری لە دهۆکەوە بۆ ناو خاکی باکووری کوردستان بەڕێ دەکرێن کە بەشێکیان بۆ باکوور و بەشێکیان بۆ ڕۆژئاوا دەبن و بەپێی بەرنامە دابەش دەکرێن.”

ڕوونیشی کردەوە: ”ماددەی خۆراکی و کەرەستەی خۆگەرمکردنەوە و چەندین پێداویستیی دیکە کۆ کراونەتەوە و بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەسەر زیانلێکەوتواندا دابەش دەکرێن.”