سیامند سێلکی
دوێنێ کە داعش زیاتر لەهەشتا دەرسەدی شاری کوبانێی داگیر کرد بوو، سەرۆک بارزانی لەڕێگای خاکی تورکیاوە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی گەیاندە کوبانێ. بەگەیشتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، داعش تێکشکا و کوبانێ ڕزگار بوو، بێگومان بەهۆی باڵادەستی پ ک ک لە سوریا، بەکارهێنانی خاکی تورکیا بۆ کۆبانێ شتێکی مەحاڵ بوو، بەڵام سەرۆک بارزانی بەحیکمەت و لێزانی خۆی، هەموو بەربەستەکانی لەسەر ڕێگای گەیشتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ لابرد و مەحاڵی کردەوە بەڕاستی.

ئەمڕۆش کە بەهۆی بومەلەرزەوە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان تووشی کارەساتێکی مەزن بوون و پێویستیان بە هاناچوونەوە هەیە، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنیی عەفرینەوە (کە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پ ک ک)یە، هەمووان پێیان وابوو گەیشتنی هاوکاری مرۆڤی بۆ خەڵکی عەفرین مەحاڵە، بەڵام دیسان سەرۆک بارزانی بەحیکمەت و لێزانیەوە، مەحاڵی کردە ڕاستی و لە سۆنگەی خەمخۆری و پەرۆشییەوە بۆ بارودۆخی پڕ لەتراژیدیای خەڵکی عەفرین، هەموو بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتنی هاوکارییە مرۆڤییەکان بۆ خەڵکی عەفرینی لابرد و دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەمر ی لەڕێگای تورکیاوە گەیاندە عەفرین و جندرێس و لە کەڕنەڤاڵێکی نەتەوەییدا لەلایان خەڵکی ناوچەکەوە بەگەرمی پێشوای لێکران.

گەیشتنی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر بۆ عەفرین، جگە لەوەی شاکارێکی مەزن بوو، لەبواری خێرخوازیی و ئینسانیدا، دەرفەتێکی مەزنیش بوو، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە کورد تەنها لەشەڕ کردندا دژی ستەمکاران ئازا نیە، بەلکو لە بواری مرۆڤی و خێرخوازیشدا، وەکو نەتەوەیەکی دڵفراوان و ئاشتیخواز، لەپێشەوەی خەڵکی دیکەیە. من پێم وایە بە لەبەرچاوگرتنی واقعی ئێستای عەفرین و بێ کەسی و بێ خودانی کورد لەو دەڤەرە، گەیشتنی هاوکارییەکان لە لایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە، شۆڕشێک بوو لە بواری زیندوو کردنەوەی هەستی نەتەوایەتیدا و جارێکی دیکە ڕۆحی کوردبوونی لای هەموو کورد زیندوو کردەوە.

هەڵبەت پێشوازی فراوانی کوردانی عەفرین، لە دەزگای خێرخوازی بارزانی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و بەدروشمی بژی بارزانی و بژی کوردستان، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم ڕاستیەی سەرەوە. دیارە هاوکارییەکان بۆ کوردانی باکووریش، هەر بەم شێوەیە بوو. بۆیە دەڵێین ئەم شاکارە مەزنانە تەنها لە ڕابەر و سەرۆکێکی وەکو بارزانی دەوەشێتەوە، کە خەمی هەموو کوردێک خەمی جەنابیانە و، لە پێناو بەهاناوە چوونی کورددا، مەحاڵ دەکاتە ڕاستی.