ئاماری گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا هەر دێ و زیاد دەبێت و ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە شەش هەزار و 234 کەس.

بە گوێرەی دواین ئامار، بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە تا ئێستا شەش هەزار و 234 کەس گیانیان لەدەست داوە و 37 هەزار و 11 کەسیش بریندارن.

تاوەکوو ئێستا 76 وڵات ئامادەییان نیشان داوە تیمی فریاگوزاری بنێرن بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتوان و ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەس بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان گەیشتوونەتە تورکیا.”

لە لایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا باری لەناکاوی بۆ ماوەی سێ مانگ لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان راگەیاند.

حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تیمێکی شارەزا و پسپۆڕی لە بوار فریاگوزاری مرۆیی رەوانەی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراوەکان کردووە، ئەمە جگە لە رەوانەکردنی 25 ئەمبۆڵانس بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیان بوومەلەرزەکە، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانییش کۆمەک و هاوکارییە مرۆییەکانی گەیاندووەتە باکووری کوردستان.