خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- فیلمی سینەمایی “ئەزموون چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماكاری كورد”شەوكەت ئەمین كوركی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەكتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بۆ یەكەمین جار لە ناوەندی هونەری ” العین القطر ” Al-Ains Al-Qattara لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕاتی یەكگرتووی عەڕەبی پێشكەش كرا.

كۆمپانیای سینەمایی میسری مافی بڵاوكردنەوەی ئەم بەرهەمە كوردییەی لە وڵاتانی عەرەبی لە ئەستۆدایە.ئەمە بۆ دووهەم جارە كە یەكێك لە فیلمەكانی “شەوكەت ئەمین كوركی” بە ئاكادیمیای ئۆسكار دەناسێندرێت؛ بۆ یەكەمین جار، فیلمی سینەمایی “بیرەوەوەرییەكانی سەر بەرد” لە ساڵی ٢٠١٦ بە هەشتاو و هەشتەمین خولی خەڵاتی ئۆسكار بە ناونیشانی باشترین فیلمی زمانی بیانی بە شێوەی فەرمی له لایەن وڵاتی عێراقەوە ناسێندرابوو. “ئەزموون” لە یەكەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕكێی سەرەكی” لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی”كاڕلۆڤی ڤاری” لە وڵاتی كۆماری چیك نمایشكرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە “فیپێڕشی” ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەكەمی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.

“ئەزموون” بەرهەمی كۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و كۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی كە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن كۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە، فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی “ئاوان جەماڵ” یەكێك لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی ئەم فیلمە، بۆ یەكەمین جار لە كاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 3ی دیسەمبەری 2022 لە شاری لۆس ئانجلێس و لە كاتژمێر 1ی نیوەڕۆی ڕۆژی 6ی دیسەمبەری 2022 لە شاری نیۆیۆرك لە وڵاتی ئەمەریكا نمایش كرا و هەروەها لە درێژەدا كاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 8ی دیسەمبەری 2022 لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا پێشكەش كرا.