لە بازگەیەكی سنووری قەزای خورماتوو 10 پێشمەرگە لەلایەن هێزێکی ئەمنیی عێراق رێگرییان لێکرا و بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کران.

كاوە شێخانی، ڕاوێژكاری ئەمنیی و سەربازی پارێزگاری سەڵاحەدین ڕايگەیاند: “ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی 2ی 2023، 10 پێشمەرگە لە سنووری هەولێرەوە هاتوون بۆ ئەوەی بڕۆن بۆ سنووری كفری بەمەبەستی ئەرک و دەوام، بەڵام لە بازگەی ناحیەی سلێمانبەگی سەر بە قەزای خورماتوو دەستگیر كران.”

گوتیشی: “ئەو پێشمەرگانە جلی مەدەنییان لەبەر بووە، بەڵام چەك و تاقمیان پێ بووە و دەستگیر كران و پاشان چووینە نێو بابەتەکەوە و توانرا ئەو پێشمەرگانە ئازاد بكرێن.”

بەپێی زانیارییەكان دەستگیركردنی ئەو پێشمەرگانە بە بیانووی ئەوەی مۆڵەتی چەك هەڵگرتنیان نییە دەستگیر كراون، بەڵام پاشان ئازاد كران و چەكەكانیشیان پێ درایەوە.