پەرلەمانتارێکى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاند، دوێنێ بانکى ناوەندیى عێراق بە مەرجەکانى ئەمریکا لەبارەى دۆلارەوە ڕازى بووە و بڕیاریشە بانکەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق بکرێن بە یەک سیستەمى بانکى.
بڕیار ڕەشید، پەرلەمانتارى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕايگەیاند: “جێى دڵخۆشییە کە دوێنێ کۆبوونەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لەسەر بابەتى دۆلار ئەنجامی باشی هەبووە و بڕیاریشە پێش ناوەڕاستی ئەم مانگە (شوبات) جارێکى دیکە بۆ هەمان بابەت و ڕێککەوتنى کۆتایى لەسەرى لە ئەمریکا کۆ ببینەوە.”
گوتیشى: “بە گوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکان، بانکی ناوەندیی عێراق بەو مەرجانەى ئەمریکا بۆ بانکەکەى داناوە ڕازی بووە جێبەجێیان بکات، یەکێک لە خاڵەکانى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنەکەش ئەوەیە کە بانکەکانی عێراق و هەرێمى کوردستان دەکرێن بە یەک سیستەمی بانکی”.
بە گوتەى ئەو پەرلەمانتارە یەک سیستەمى بانکى لە عێراق و هەرێمی کوردستان سوود و زیانى خۆى هەیە و کەرتى بازرگانى و حکوومى و تەنانەت هاووڵاتییانیش پێویستە ئامادەکاریى بۆ بکەن”